رووداو-هەولێر
وەزارەتى خوێندنى باڵا مەرج و رێنماییەکانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بڵاوکردەوە. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، کەمترین کۆنمرەی پێشکێشکردن لە زانکۆ تایبەتەکان 55٪ دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20-9-2022، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى حکومەتى هەرێمى کوردستان رێنمایى ژمارە (4)ى ساڵى خوێندنى (2022-2023)ـی تایبەت بە رێنمایی و مەرجەکانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتەکە بە رووداوی گوت، بە مەبەستى جێبەجێکردنی رێنماییەکان لە گشتاندنێکدا بەڕێوەبەرایەتیى خوێندنى تایبەت دەقى رێنماییەکەى ئاراستەى سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان کردووە و وەزارەت دواتر لە وێبسایتی (gov.krd/mohe) بڵاوى دەکاتەوە.
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتەکە، کەمترین کۆنمرەی پێشکێشکردن لە زانکۆ تایبەتەکان 55٪ دەبێت و بۆ ئەمساڵی خوێندن سیستمی کرێدت لەسەرجەم بەشەکانی زانکۆ/پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان جگە لە بەشە پزیشکییەکان پەیڕەو دەکرێت.
بەشێک لەو رێنماییانەی وەزارەت بڵاویکردوونەتەوە بەمشێوەیەن.
- قوتابی/خوێندکار کە فۆرمی وەرگرتن پێشکێش دەکات، مەرج نییە وەربگیرێت، چونکە وەرگرتن بەپێی چەند پێوەرێکی تایبەت و لەسەر بنەمای کێبڕکێی کۆنمرە لەگەڵ قوتابی دیکەدا دەبێت.
- وەرگرتن لە بەشەکان بەشێوەی سیستمی ئۆنڵاین دەبێت، بۆیە قوتابی/ خوێندکار مافی وەرگرتنی تەنیا لە یەک بەش لە زانکۆ پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.
- ناکرێت قوتابی/خوێندکار لە هەمان کاتدا لە زانکۆی حکومی و زانکۆ و پەیمانگایەکی تایبەت بخوێنێت، ئەگەر لە هەردووکیان وەرگیرا، پێویستە لە ماوەی 10 رۆژ، دوای راگەیاندنی ناوەکان بڕیاری خۆی بدات.
- دەرچوونی پەیمانگە پێنج ساڵییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە یان پەیمانگە دوو ساڵییەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە بەشە هاوشێوەکانی خۆیان وەردەگیرێن.
- هەر کەسێک بڕوانامەی ساختە پێشکێش بە زانکۆ یاخود پەیمانگە بکات، پاش ئاشکرابوونی لەهەر قۆناخێکی خوێندن بێت لە خوێندن دادەبڕێت و ئەگەر دەرچووبێت، بڕوانامەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و بەبێ قەرەبووکردنەوە خۆی تووشی لێپێچینەوە دەکات.
- خوێندن لە سەرجەم بەشەکانی زانکۆکان و کۆلیژە زانکۆییەکان و پەیمانگەکان بەیانییان دەبێت بە هەموو بەشە زانستییەکان و زانستە مرۆییەکان.
- قوتابی/خوێندکار پاش دەرچوونی ناوەکەی، پێویستە لە ماوەی سێ رۆژدا خۆی تۆمار بکات و گرێبەست واژۆ بکات، بە پێچەوانەوە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆی هەیە ناوەکەی بسڕنەوە.
- وەزارەتی خوێندنی باڵا لە رێنماییەکانیدا کۆنمرەی سەرجەم بەشەکانی بڵاوکردووەتەوە، بۆ خوێندنەوەی تەواوی رێنماییەکان کلیک لێرە بکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ