مەسرور بارزانی: ئەم حکومەتە درێژەپێدەری حکومەتە سەرکەوتووەکانی هەرێمی کوردستانە

20-10-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەم حکومەتە درێژەپێدەری حکومەتە سەرکەوتووەکانی هەرێمی کوردستان بووە، دەشڵێت، "ئەمجارە بەغدا بۆ کەس جێناهێڵین و خۆمان دەچین بەرگری لە مافەکانی خۆمان دەکەین." 
 
مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی حیزبەکەی لە هەولێر راگەیاند، "لەسەر ئاستی ناوخۆ دژایەتی زۆری ئەم حکومەتە کرا کە درێژەپێدەری حکومەتە سەرکەوتووەکانی هەرێمی کوردستان بووە کە لەلایەن پارتییەوە سەرپەرشتی دەکرا."
 
باسی لەوەشکرد، "ئەمجارە پێویستە ئێمە بچینە بەغدا بۆ هیچ کەسێکی تری بەجێناهێڵین و خۆمان دەچین بەرگری لە مافەکانی خۆمان دەکەین، ئەمجارە خۆمان دەچین رێگە نادەین کەسێک بە هاووڵاتیی پلە دوو سەیری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات.
 
لەبارەی دەستووری عێراقیشەوە مەسرور بارزانی گوتی، "مافە دەستوریییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێلکران و زۆر لەو لایەنانەشی پێمان وابوو پشتیوان، یارمەتیدەر و هاوپەیمانمان دەبن بە هیچ جۆرێک بەرگرییان لە خەڵکی کوردستان نەکرد". 
 
پرسی فیدراڵی بەشێکی دیکە پەیامەکانی مەسرور بارزانی بوو کە لەبارەیەوە گوتی، "ئەگەر ئێستا بیر لەوە دەكرێتەوە بەغدا یان حكومەتی فیدراڵی، مەفهوومی فیدراڵیەت نەمێنێت، دەبێت ئێمە رووبەڕوویان بوەستینەوە و ئێمە رێیان لێ بگرین و ئێمە پێیان بڵێین كە چیتر بەغدا ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆریەت". 
 
دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان 
 
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
جەماوەری تێکۆشەری پارتی، دڵسۆزانی رێبازی بارزانی زۆر خۆشحاڵم کە لەگەڵتان ئامادەم، بەخێرهاتنێکی گەرمتان دەکەم و بەخێربێن سەر سەر و سەرچاوان، با بەیەکەوە بەخێرهاتنی گەرمی کاندیدەکانیشمان بکەین، زۆر بەخێربێن، با بەیەکەوە خۆمان ئامادە بکەین بۆ هەڵبژاردنێکی تر، بۆ سەرکەوتنێکی تری گەورە بۆ لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان  
 
ئەم هەڵبژاردنانە وەک هەموو هەڵبژاردنێکی تر بۆ ئێمە گرنگە،چونکە دەمانەوێت ئەمجارە لەسەر ئاستی عێراق بەرگری لە ماف دەستورییەکانی هەموو خەڵکی عێراق، بەتایبەت هەموو دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بکەین.
 
ئەمجارە ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەوەیە کاندیدەکانی ئێوە بچن بۆ بەغدا لەوێ داکۆکی لە دەستەبەرکردنی هەموو مافە دەستورییەکانی ئێمە بکەن، بۆیە زۆر زۆر گرنگە هەموومان بەشدارییەکی کارا لەم هەڵبژاردنەدا بکەین.
 
هەموومان بچینە سەرسندقەکانی دەنگدان، هەم خۆمان و کەسوکارەکانمان و دۆست و ناسیارەکانمان هان بدەین ئەمجارە بچین بۆ دۆست و ناحەزان پێشان بدەین کە هێزی پارتی چییە؟ نەک لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە هەموو عێراقدا.
 
پارتی بێگومان گەورەترین و بەهێزترین حیزبە لەسەر ئاستی کوردستان بەڵام دەمانەوێت بیسەلمێنین کە لەسەر ئاستی عێراقیش پارتی بەهێزترین پارتی سیاسییە ئەمڕۆ لەم ساحەی لێرە لە کوردستان و لە هەموو عێراقدا هەیە. 
 
زۆر گرنگە ئەمجارە دەستکەوتێکی گەورە بەدەستبهێنین بۆ ئەوەی دڵی دۆستەکانمان خۆش بکەین، ئەوانەی بیر لە ئازاردانی کوردستان و داگیرکردنی کوردستانیش دەکەنەوە کە هیچ هێزێک نییە بیر لە داگیرکردنی کوردستان بکاتەوە تاوەکو پارتی لێرەیە. 
 
هەر بەو بۆنەیەوە دەمەوێت پیرۆزبای 20ـی ئۆکتۆبەر لە هەموو نیشتمانپەروەران، لە پێشمەرگە قارەمانەکان، لە ئێوەی بەرێز و خۆشەویست بکەم، ئەمڕۆ رۆژی داستانی پردێیە لە هەمووتان پیرۆز بێت. 
 
ئەمڕۆ ساڵڕۆژی بە بیرهێنانەوەی ئیرادەی نەتەوەییمانە کە چۆن بڕیاری خۆڕاگری و بەرگریکردن لە ماف و کەرامەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان بەرامبەر خائینان و داگیرکەران سەرکەوت. چۆن لەو رۆژەدا بە روحیەتێکی ئازا و پێشمەرگە ئاسا هەموومان لەگەڵ خوشک و براکانمان وەستاین لەگەل پێشمەرگە قارەمانەکانماندا وەستاین، ئەمڕۆش دەبێت جارێکی تر ئەمجارە بە دەنگی خۆمان لەگەڵ ئەم خوشک و برایانەمان بوەستین بۆ ئەوەی ئەو شەڕە ببەینەوە و لە بەغدا بەرگری لە مافەکانمان بکەین. 
 
خوشک و برایان ..
گرنگە ئێمە بەشداری لەو هەڵبژاردنانەدا بکەین، چونکە جارێکی دیکەش دووبارەی دەکەمەوە ئەگەر ئێمە بەشداری لەو دەنگدانەدا نەکەین خەڵکی تر لە جێگەی ئێمە دەنگ دەدات، پارتی لە شوێنێک نەبێت،  ئەگەر پارتی مرۆڤ دڵنیا نییە هیچ لایەنێکی تر هەبێت وەکو پارتی بتوانێت بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات. 
 
ئێمە بەشداربووین لە نووسینەوەی دەستوور بڕوامان وابوو کە هەموو خاڵەکانی دەستور وەک خۆیان جێبەجێ دەکرێن، بەڵام بەداخەوە مافە دەستوریییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێلکران و زۆر لەو لایەنانەشی پێمان وابوو پشتیوان، یارمەتیدەر و هاوپەیمانمان دەبن، بە هیچ جۆرێک بەرگریان لە خەڵکی کوردستان نەکرد. 
 
هەتا ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان بە ناوی نوێنەرانی راستەقینەی خەڵکی کوردستان ویستیان بچن لە بەغدا نوێنەرایەتی لە خەڵکی کوردستان بکەن، جگەلە پارتی هیچ لایەنێکی تر وەکو پێویست بەرگرییان لە مافی ئێوە نەکرد. 
 
بۆیە ئەمجارە پێویستە ئێمە بچینە بەغدا، بۆ هیچ کەسێکی تر بەجێیناهێڵین و خۆمان دەچین بەرگری لە مافەکانی خۆمان دەکەین، ئەمجارە خۆمان دەچین رێگە نادەین کەسێک بە هاوڵاتی دەرەجە دوو سەیری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات، ئێمە هاوبەشی راستەقینە دەبین لەم وڵاتەدا.
قەت قبوڵمان نەکردووە پاشکۆ بین، لەمەودواش قەد قبووڵ ناکەین پاشکۆ بین، قبووڵ ناکەین کەسی تر بڕیار لە جیاتی ئێمە بدات، ئەمجارە خۆمان بڕیار لە چارەنوسی خۆمان دەدەین، خۆمان بڕیار لە هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەدەین و بۆ خەڵکی تر بەجێیناهێڵین، ئەمجارە نوێنەرانی ئێوە خوشک و برایانی ئێوە، کچ و کوڕانی ئێوە دەچنە بەغدا لەسەر تاک تاکی خاڵی دەستوور پێداگیری دەکەن بۆ ئەوەی هەموو وەک خۆی جێبەجێ بکرێت. 
 
گرنگە ئێمە ئەمجارە بەشداربین چونکە بینیمان پێشتر چی کرا؟ لەسەر ئاستی ناوخۆ دژایەتی زۆری ئەم حکومەتە کرا ئەم حکومەتە درێژەپێدەری حکومەتە سەرکەوتووەکانی هەرێمی کوردستان بووە کە لەلایەن پارتییەوە سەرپەرشتی دەکرا، بۆ ئەوەی نەهێڵن پارتی سەرکەوێت لایەن هەبووە باکی نەبووە کوردستانیش زەرەر بکات بەس بۆ ئەوەی پارتی بشکێت، بەرنامەیان دادەڕشت چۆن ئەم حکومەتە تووشی شکست بێت، لە حکومەت کشانەوە، رێگریکردن لە سەرکەوتنی پڕۆژەکان، دروستکردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەکانی تر، بەس بۆ ئەوەی رێگە لە پارتی بگرن ئامادەبوون هەموو مافەکانی کوردستانیش پێشێل بکرێن، پارتی ئەمجارە بە هیچ جۆرێک قبووڵ ناکات هیچ مافێکی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە پێشێل بکرێت،بەڵام ئەوەش بزانن خوشک و برایان پارتییەکان شانازی بە خۆتانەوە بکەن چونکە دۆست و ناحەز کە سەیری کوردستان دەکات سەیری پارتی دەکات. 
 
دەزانن ئەگەر پارتی سەرکەوت کوردستان سەردەکەوێت، ئەگەر خوا نەخواستە پارتی بشکێت پێیانوایە دەتوانن کوردستان بشكێنن کە ئەمە گەورەترین سەنەدە و گەورەترین شانازییە بۆ هەموو پارتییەک کە ئێستا ناوی پارتی بوون و کوردستانی بوون هاوتای یەکە. 
بەڕێزان ئێوە نەهانهێشت پلانەکانیان سەربگرێت، ئێمە پێشتر گوتمان ناتوانن، دەمانزانی هێزی ئێوەمان لەگەڵە، پشت و پەنای ئەم حیزبە ئێوەن، ئێوە دەتوانن پارتی سەرکەوێت، ئێوە دەتوانن رێگری لە پلانی هەموو ناحەزان بکەن، ئێوە دەتوانن بە ناحەزان و  هەموو دووژمنانی کورد و کوردستان بە دوژمنانی پارتی بڵێن، کە ناتوانن بمانوەستێنن. 
 
لە سەر ئاستی عێراقیش زۆر رێگری کرا لەسەرخستنی پڕۆژەکانی ئێمە لە کوردستان، لە پێشکەوتنی کوردستان لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانمان، بینیمان لەو ماوەیە ئەوەی پێیان کرا کردیان، چونکە چاوییان بە سەرکەوتنەکانی کوردستان هەڵنەدەهات، پەرلەمانیان هەڵوەشاندەوە، بڕیاری دادگەیان دژ بە هەرێمی کوردستان دەرکرد، هەناردەکردنی نەوتی کوردستانیان وەستاند، بودجەیان بڕی، مووچەیان نەنارد، هەمووی بەو ئاواتەی کوردستان لە پێشكەوتن راگرن، بەڵام پشت بەخوا و هێز و ئیرادەی ئێوە  نەیاتوانی و ناشتوانن.
 
بێگومان سەرۆک بارزانی رێبەرمان بێت پارتەکەمان هەر پێشڕەو دەبێت، ئەمجارە تەنیا بەرگری لە مافەکانی خۆمان ناکەین، ئەمجارە دەمانەوێت بچینە بەغدا داوای مافی هەموو تاکێکی عێراق بکەین بە هەموو پێکهاتە و ئایینەکانەوە. 
 
دەمانەوێت لە پەرلەمانی عێراق ئەو پرسیارە ئاراستەی دەسەڵاتدارەکان بکەین، بڵێین ئێوە بودجەی کوردستانتان نەنارد ،ویستان رێگریمان لێ بکەن،ویستتان قەوارەی هەرێمی کوردستان بچوک بکەنەوە، لە هەموو داهاتی عێراق تەنیا ٥٪ـی داهاتتان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام لەلایەکی ترەوە بە خەڵکی عێراقییان دەگوت داهاتی عێراق بۆ کوردستان دەڕوات. 
 
بەڕێزان پێش چەند رۆژێک لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بینیم  کە پرۆگرام و بەرنامەیان لە شارەکانی تری عێراق هەبوو لە پارێزگای واسیت یان لە موسەننا، سامەڕا، نەجەف و بەسرە، لە بەغدا ،لە ئەنبار لە موسڵ و کەرکووک و هەموو شارەکانی تری عێراق کە ئێستا حکوومەتی عێراق حکومڕانیان تێدا دەکات ،بژێوی ژیانی ئەوانیشمان بینیوە،ئەو پارەیەی بۆ ئێمەتان نەناردووە، بۆچی لەو شوێنانە سەرفتان نەدەکرد؟  ئەوەی بینومانە کەلاوەیە،خەڵک بێبەشە لە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە پێویستە هەیبێت،نە قوتابخانە، نە ئاوی خواردنەوە، نە رێگە و بان نە خزمەتگوزاری،ئەو خەڵکە لە هەموو ئەمانە بێبەشە .
 
ئەمجارە نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەچنە بەغدا تاوەکو شەڕ بۆ تاک بە تاکی خەڵکی عێراقیش بکەن، ئەمجارە دەبێ بڕۆین بۆ بەغدا بۆ ئەوەی چیتر مووچە بە میزاجی شەخسی ئەم و ئەو بڕیاری لەسەر نەدرێت، مافێکی ئاسایی و یاسایی ئەم خەڵکەیە ،کەس خێرمان پێ ناکات، هەر دەستکەوتێکمان هەبووبێت لە کوردستان لە پێشکەوتن، لە پڕۆژەکان، لەمافە دەستوورییەکانمان  هەموو بەرهەمی رەنج و قوربانیدانی گەلی ئێمە بووە،بۆ ئەوەی کەس وا تەسەور نەکات خێریان پێکردووین .
 
زۆر هەوڵیاندا لە رووی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانەوە هەرێم تەحجیم بکرێت، لە رووی ئارامی و ئاسایش کێشەمان بۆ دروست بکەن، بە پشتیوانی و متمانەی خەڵکی کوردستان کە بۆ پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیبووە هیچ یەکێک لەم رێگرییانە نەیانتوانی کاروانی پێشکەوتن لە کوردستان راگرن، ئێستا سوپاس بۆ خوا باشترین پەیوەندی دیپلۆماسیمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەیە،لەخوا بەزیاد بێ  بە سوپاسەوە بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان و هێزە ئاسایش و ئەمنییەکانمان کودستان پارێزراوە و تا پێشمەرگە هەبێت تا هێزە دڵسۆزەکانی ئەم نیشتمانە هەبن کوردستان پارێزراو دەبمێنێتەوە. 
 
بەڕێزان، سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی بۆ ئێمە دروستکرا، ئەو هەموو بەرنامەیەی لە ناوخۆ و لە دەرەوە لە دژی ئێمە پلانیان بۆ گێڕا، ئێمە بە پڕۆژە وەڵاممان دانەوە، بە دەستکەوت وەڵاممان دانەوە، بەسەرخستنی ئەو پڕۆژانەی یەک لە دوای یەک خۆتان شایەتین، وەڵامی هەموو ئەو ناحەزانەمان دایەوە، بۆیە دەمەوێ ئاماژە بەو دەستەکەوتانە بکەم،خۆتانە و حەقی خۆتانە شانازی پێوە بکەن.
 
بەرامبەر بەوەی بودجەی ئێمەیان بڕی، مووچەیان بۆ نە دەناردین، ئێمە هەوڵماندا کارەبای 24 کاژێری دابین بکەین،سوپاس بۆ خوا  ئێستا سەنتەری شارە گەرورەکان کارەبایان 24 کاژێرییان هەیە، ساڵی 2026  هەموو کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاژێری، جگە لەوەی پڕۆژەی رووناکی کوردستان رووناکتر دەکاتەوە،یارمەتیدەریشە بووە لە خاوێنکردنەوەی ژینگەی کوردستان، یارمەتیدەر بووە لە ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان، بۆ بازرگانان، بۆ کەمکردنەوەی خەرجی هاووڵاتیان پرۆژەی روناکی لە خزمەت هەموو هاوڵاتییانی کوردستان و هەموو ئەوانەیە سەردانی کوردستان بکەن. 
 
پڕۆژەی ئاو کە پێشتر پێشبینی ئەوەمان دەکرد کاریگەری بێ بارانی، وشکەساڵی دەکەوێتە سەر کوردستان، چەندین بەنداو و پۆندمان دروست کرد ئەوانە هەموو یارمەتیدەرن ئاوی کوردستان بەفیڕۆ نەڕوات،ژینگەمان پارێزراوبێ، بەڵام  لە هەمانکاتدا بۆ ئەوەی شارەکانمان ئاوی پاکیان پێ بگات، گەورەترین پڕۆژەمان لە هەولێر جێبەجێ کرد، پڕۆژەی ئاو لە هەولێر یەکێکە لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەو حکومەتە  ئێستاش چەند پڕۆژەی هاوشێوە لە سلێمانی و چەمچەماڵ دەکرێن، ئەو حکومەتەی پارتی بەڕێوەی دەبات دەکەوێتە خزمەت هەموو هاووڵاتیان  
لە بواری رێگاوبان شۆڕشێکمان دەستپێکرد، پڕۆژە لە دوای پڕۆژە دەکرێنەوە، دەستکەوتی ئێوەن و دەستکەوتی حکومەتەکەی ئێوەن، دەستکەوتی ئەو متمانەیە ئێوە بە حکومەتتان داوە ، ئێوە خاوەنی ئەو دەستکەوتەن، حکومەت جێبەجێکارە .
 
ئەو پڕۆژانەی کە ئەنجامدراون و هەموویان کەوتوونەتە خزمەتی هاووڵاتیان رێژەی رووداوی نەخوازراو لەسەر رێگەوبان کەمبووەتەوە، ئەو پڕۆژانە هی ئێوە و خەڵکی تر خەونی پێوەدەبینێت 
 
پڕۆژەی هەژماری من بە لای ئێمەوە زۆر گرنگ بوو گۆڕانکاری لە ژێرخانی ئابوری کوردستاندا دروست دەکات، هەموو هاوڵاتییەک لەم وڵاتە هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو مافی ئەوەی هەیە ببێتە خاوەنی هەژماری بانکی بەبێ ئەوەی منەتی ئەم و ئەوی لەسەر بێت لەکاتی خۆیدا مووچەکەی وەربگرێت، ئێمە سەرەڕای هەموو ئەو دژایەتییەی کراین، دوای ئەو هەموو رێگرییەی کە کرا لەسەر سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە، بەڵام ئێستا لە خوا بەزیاد بێ  پڕۆژەکە بەرەو کۆتاییە و پڕۆژەیەکی زۆر سەرکەوتووە و کەوتووەتە خزمەتی هەموو هاوڵاتییان،دەکرێت زۆر زۆر باسی ئەو پڕۆژانە بکەین، بەڵام من تەنیا چەند نموونەیەکمان باس کرد .
 
ئێمە چەندین نەخۆشخانەی نوێمان دروستکردووە و چەندین نەخۆشخانەمان نۆژەنکردوەتەوە، بەو ریفۆرمەی لە کەرتی دەرمان کراوە و خەڵک دڵنیایی هەیە. لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رووی خوێندنی ئەلکترۆنی و ئۆنلاین یەکێکە لە شوێنە هەر پێشکەوتووەکان لە رووی خوێندن و خوێندنی باڵاوە ،دەمانەوێت ئاستمان زۆر لەوە زیاتر بەرز بکەینەوە، دەمانەوێ ئاستی خوێندن لە کەرتی گشتی و تایبەت لە قوتابخانەکان لە زانکۆکان بەرزتر ببێتەوە، هەنگاوی ترمان هاویشتووە تاوەکو ئاستەکان وەک وڵاتانی پێشکەوتووی جیهانی لێ بکەین.
 
لە خوا بەزیاد بێ  ئاسایش و سەقامگیری کوردستان نموونەی نییە ئێمە دەبینین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەگوزرێت، بە پشتیوانی ئێوە ئێستا کوردستان یەکێکە لە سەقامگیرترین شوێنەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ، شانازی بەوەوە بکەن کە بیری توندڕۆیی لە کوردستان جێگەی نابێتەوە،شانازی بە پێکەوە ژیان بکەن، شانازی بەو کولتوورە جوانە بکەن ئێوە خاوەنین، باوەڕمان بە مافی یەکسانی هەموو پێکهاتەکان هەیە، بە مافی هەموو نەتەوەیەک هەیە ، بۆیە ئێستا هەموو ئەوانەی لە دەست توندڕەوی و بێکاری را دەکەن پەنا بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن، ئێوە باوەشمان بۆ هەموو ئەوانە کردووەتەوە، حەقە شانازی بەخۆتانەوە بکەن . 
 
با ئەوەشمان لەبیر نەچێت، بەرامبەر بەم هەموو دەستكەوتانە، بەرامبەر بەو هەموو هەوڵ و كۆششەی كە ئێوە دەیكەن و ئێمە لە خزمەتتانداین، خەڵكێكی تر هەیە ئێستاش بەرنامە و پیلان دادەڕێژن، بەڵێن بە یەكتر دەدەن كە چۆن قەوارەی كوردستان هەڵبوەشێننەوە، كە چۆن بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان پیلانگێڕی بكەن، بێگومان ناتوانن، بەڵام وشەی ناتوانن بە تەنیا كافی نییە، دەبێ هەموومان ئامادە بین رووبەڕووی ئەو پیلانانە بووەستینەوە، دەبێ هەموومان پشتیوانی ئەو خوشك و برایانەمان بین، بۆ ئەوەی بیاننێرین بۆ بەغدا، لەوێ ڕێگرییان لێ بكەین، لەوێ پێیان بڵێین كە ناتوانن. 
 
ئێمە قوربانیی زۆرمان بۆ ئازادی داوە، قوربانی زۆرمان بۆ سەربەستی داوە، قوربانی زۆرمان ئاوەدانكردنەوەی كوردستان داوە، ئەگەر ئێستا بیر لەوە دەكرێتەوە بەغدا یان حكومەتی فیدراڵی، مەفهوومی فیدراڵیەت نەمێنێت و بەرەو حكومەت و دەسەڵاتداریی مەركەزی بڕوات، بەغدا بەرەو دیكتاتۆریەت بڕوات، دەبێت ئێمە رووبەڕوویان بوەستینەوە و ئێمە رێیان لێ بگرین ،ئێمە پێیان بڵێین كە چیتر بەغدا ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆریەت.
 
ئێوە لە جیاتی هەموو عێراق، دەبێ بەرگریی لە دیموكراسیەت بكەن، لە مافی خەڵكی عێراق بكەن، لە ئازادی بكەن، لە فیدراڵیەت بكەن، لە دەستكەوتەكان بكەن، لە جیاتی تاریكی، روو لە ئاییندەیەكی رووناك بكەن، ئێوە دەتوانن ئەوە بكەن، ئێوە دەتوانن هێز و ورە بە خەڵكی تریش ببەخشن، بۆیە پێویستە پارتی لە بەغدا بێت بۆ ئەوەی خەڵكی تریش لەگەڵ ئێمە رووبەڕووی هەموو تاریكییەك بوەستێتەوە، رووبەڕووی هەموو ستەمكارێك بوەستێتەوە، رووبەڕووی هەموو پێشێلكارێك بوەستێتەوە كە پێیان بڵێین چیتر ئێمە قبووڵ ناكەین لە عێراقێكدا بین كە بەرەو دیكتاتۆریەت و مەركەزیەت بڕوات. 
 
ئێمە زۆر باسی رابردوومان كرد، بەڵام خەونی گەورەمان بۆ ئاییندە هەیە، ئەوەی كردوومانە سەرەڕای هەموو گرفت و قەیرانێك كردوومانە ئەی ئەگەر ئێمە دەسەڵاتمان لە بەغدا بەهێز بێت ئەگەر دەستوور وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت و ئەگەر مافە دەستوورییەكانی ئێمە هەمووی وەكوو خۆیان جێبەجێ بكرێن. 
 
ئەگەر شنگال و مەخموور و كەركووك بۆ باوەشی كوردستان بگەڕێتەوە، ئەگەر هەموو تاكێك لەم وڵاتە هەست بە بوونی خۆی بكات. هەست بە یەكسانی و دادپەروەری بكات؟ تەسەوڕ بكەن ئەو وەختە ئێمە دەبێ ژیانمان چۆن بێت. ئەمە ئەو خەونەیە كە دەمانەوێ بیكەین بەڕاستی. 
دەمانەوێت كوردستان لە سەردەمێكی زێڕیندا بژی، دەمانەوێت قوتابیی ئێمە چیتر روو لە هەندەران نەكات، دەمانەوێ قوتابی بڕوای بە ئاییندەی خۆی هەبێت. 
 
دەرفەتی كار بۆ هەموو هاووڵاتییەك بە شێوەیەكی یەكسان هەبێت، دەمانەوێ پزیشكی ئێمە روو لە هەندەران نەكات و لە نەخۆشخانەكانی دەرەوە بە دوای ئیشدا نەگەڕێت، دەمانەوێ لێرە نەخۆشخانەكانمان پێشوازیی لە پزیشك و نۆژدارەكانمان بكەن لە دەرەوەش بگەڕێنەوە. 
دەمانەوێ جووتیارەكانمان چیتر بەرهەمەكانیان لەسەر جادە نەڕێژن، ئەوەی كە ویستوومانە كردوومانە، چونكە ئێستا ئەوەی كە ئێستا دەكرێ، هەموو ئەو بەڵێنانە بوون كە بەجێمان گەیاندن ئێستا جووتیارەكانمان بەرهەمەكانیان لە لایەن حكوومەتەوە لێیان وەردەگیرێتەوە و بەرهەمەكانیان بەرەو وڵاتانی تر هەناردە دەكرێ. 
 
من دوێنێ و چەندین بۆنەی تریش چووم سەردانی فێستیڤاڵەكانم كردووە كە دەبینم چەندە دڵی جووتیارەكانمان خۆشە بەوەی بەرهەمەكانیان ئێستا رەغبەتی لەسەر زۆرە و دەتوانن بیفرۆشن. 
دەمانەوێ یاسا سەروەر بێت، دەمانەوێ هەموو كەس هەست بە بوونی خۆی بكات، نامانەوێ كەس لە نائومێدیدا بژیت، ئەو هێزانەی دەیانەوێ نائومێدی دروست بكەن، دەبێت بەرامبەر بە ئەوان ئێوە باسی ئومێد بكەن باسی هیوا بكەن باسی ئاییندەیەكی گەشتر بۆ ئەم وڵاتە بكەن، ئێمە دەتوانین ئەوە بكەین، چونكە كردوومانە. 
 
ئێمە خەونی گەورەمان هەیە بۆ گەنجەكانمان، بەرنامەی گەورەمان هەیە بۆ ئەوەی یارمەتیی هەموو كەسێك بدەین لەم وڵاتە كە خۆی حەزی لە ئیشكردن بێت، حەزی لە پێگەیاندن بێت حەزی لە داهێنان بێت حەزی لە سەركەوتن بێت، لەبەر ئەوە جارێكی تر دەڵێم، بە یەكەوە هەموومان بە یەکەوە دەتوانین كوردستان بەرەو ئاییندە و داهاتوو و پاشەڕۆژێكی گەشتر ببەین.
 
خوشک و برایان
من نامەوێت زۆر لە کاتتان بگرم تەنیا دەمەوێت دواجار ئەوەتان پێ بڵێم کە دروشمی پارتی هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان واتای ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت هاوڵاتی هاوبەش بین لە بڕیاردان سازان و هاوسەنگی هەبێت لە دەسەڵاتدا لە هەموو بڕیارەکاندا هەموو کەسێک بەشدار و یەکسان بێت لە یاسادا و دەمانەوێت بەرگری لە مافی هەموو هاوڵاتییەک بکەین لەم وڵاتەدا و پێمانوایە، عێراقێکی بەختەوەر، سەرکەوتوو و پێشکەوتوو کوردستان دەتوانێت زیاتر سودمەند و بەهرەمەند بێت لێی. لە کۆتایدا خوشک و برایان، لە کۆتایدا دەمەوێت بە ئێوەی خۆشەویست بڵێم قوتابیان، لاوان، ئافرەتان، گەنجانی رێگەی بارزانی و دڵسۆزانی نیشتیمان ئێوە هێز، ئیرادە، بڕوا و ورە و توانای ئەم گەلەن، بە یەکەوە دەتوانین هەموو خەونێکمان بکەین بە ڕاستی. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.