رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد گرژی لەنێوان پۆلیس و هاونیشتمانییان دروست بووە لە چەند خاڵێكی پشکنین رێگەنەدراوە بە جلی کوردییەوە بەشداری ئاهەنگەکە بکەن.
لە کاژێر 10:00ی بەیانی ئەمڕۆوە خەڵک روودەکەنە گۆڕەپانی نەورۆز لە ئامەد، تیمێکی رووداو رووماڵی ئاهەنگەکە دەکەن، راوێن ستێرک یەکێک لە پەیامنێری رووداو لە ئاهەنگەکە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 کەس دەستگیرکراون.
پەیامنێری رووداو لە ئامەد لە کاتی بەشدارییکردنی لە بوولتەنی کاژێر 11:00 لەبارەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەد گوتی "ئەو جلوبەرگانەی ئاماژەی نەتەوەییان تێدابێت لە ئاهەنگەکە قەدەخەکراوە و لە چەند خاڵێكی پشکنین پۆلیس رێگەی نەدراوە بە جلی کوردییەوە بەشداری ئاهەنگەکە بکەن."
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، لە چەند شوێنێک گرژی لەنێوان پۆلیس و هاونیشتمانییان دروست بووە.
لە ئاهەنگەکەدا پەروین گوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە گوتارێک پێشکێش دەکات، هەروەها ژمارەیەک زۆر لە هونەرمەندانی باکوور بەشداری لە ئاهەنگەکە دەکەن.
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، 100 کەسایەتی بیانی بۆ ئاهەنگی نەورۆز داوەتکراون. دەشڵێت، هاونیشتمانیان دوای 4 خاڵی پشکنین دەگەنە شوێنی ئاهەنگەکە.
لە سەرەتای ئاهەنگەکە گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس دروستبوو راوین ستێرک ئاماژە بەوە دەدات کە "رێگەنادرێت ئاڵای هەدەپە، جلوبەرگی زەرد و سەوز و ئاڵای کوردستان بهێندرێتە نێو ئاهەنگەکەوە، هەروەها هێنانی ئاڵای کوردستان، وێنەی مەلا مستەفا و قازی محەممەد بۆ ئاهەنگەکە قەدەخەکراوە."
ئێستا هێزێکی ئەمنی زۆر لە شوێنی ئاهەنگەکەن و هاونیشتمانیان دوای 4 خاڵی پشکنین دەگەنە شوێنی ئاهەنگەکە. پەیامنێری رووداو لە ئامەد گوتیشی "پێشبینیدەکرێت یەک ملیۆن کەس لە ئاهەنگی نەورۆز ئامادە بن."
245 رۆژنامەڤانی نێوخۆی و بیانی رووماڵی ئاهەنگی نەورۆز دەکەن و 40 بۆ 50 پەرلەمانتاری هەدەپەش بڕیارە لە ئاهەنگەکە بەشداریی بکەن.
لە زۆربەی ناوچەکانی تورکیاوە خەڵکی چوونەتە ئامەد و بەشداریی لە ئاهەنگی نەورۆز دەکەن، هەروەها بە هەزاران پۆلیس خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
لە یەکەم رۆژی نەورۆز "گەنجانی نەتەوەیی کوردستان" لە ئامەد وێنەی چەند کەسایەتییەکی کورد لەگەڵ ئاڵای کوردستان بەرزدەکەنەوە pic.twitter.com/od32FJh7qT
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 21, 2022
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ