رووداو دیجیتاڵ
هاوژینی وەفا رەشاد، ئەو ژنە دووگیانەی لەگەڵ کۆرپەکەی لە نەخۆشخانەیەکی ئاکرێ گیانیان لەدەستدا، سکاڵای لەسەر پزیشکێکی تایبەتی ژنان و منداڵبوون و نەخۆشخانەکە تۆمار کردووە و دەڵێت، ''هیچ کەس خۆی تێنەگەیاند تاوەکو گیانی لەدەستدا.''
40 رۆژ لەمەوپێش ژنێکی تەمەن 29 ساڵ بەناوی وەفا رەشاد، بەھۆی ئازاری پشتی سەردانی نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی لە ئاکرێ کرد، بەڵام دوای 6 کاژێر مانەوە لە نەخۆشخانەکە، لەگەڵ کۆرپەکەی نێو سکی کە نزیکەی 9 مانگ بوو، گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-05-2025، رێزوان ئیدریس لەشکری، هاوژینی وەفا کە سکاڵای لەسەر پزیشکی تایبەتی ژنان و منداڵبوونی هاوژینەکەی و پزیشکی ئێشکگری نەخۆشخانەکە تۆمارکردووە، لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی کرد رایگەیاند، ''پزیشک هاوژینی منی کوشت، من بەیانی بردمە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوون، گوتیان پزیشکی ئێشکگر لەوێیە، گوتیان پیشانی پزیشکی ئەوێی بدە، منیش نەمزانی پزیشکەکە نەخۆشی خۆی نەبێت، خۆی تێناگەیێنێت.''
وەفا رەشاد هەروەها سەردانی نووسینگەی تایبەتی پزیشکەکەی خۆی کردووە. رێزوان ئیدریس گوتی، ''دوای ئەوەی [لە نەخۆشخانە] خۆیان تێنەگەیاند، هاتینەوە بۆ ماڵ و کاژێر 13:00 تەلەفۆنمان بۆ سکرتێری ئەو پزیشکە کرد، کە پێشتر چاودێریی دۆخی تەندروستیی وەفای دەکرد، بەڵام وەڵامی نەداینەوە. ناچار بووین بچینە نۆرینگەکەی، پاش دوو کاژێر هاتن و وەفایان بردە ژوورەوە و پشکنینیان بۆ کرد، دواتر گوتیان بیبەنە نەخۆشخانەی منداڵبوون.''
هاوژینی وەفا ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک بردوویانەتە نەخۆشخانەی منداڵبوون، ''لە کاژێر 16:30 خولەک بۆ کاژێر 23:00 هیچ کەس خۆی لە هاوژینی من نەگەیاند، تاوەکو گیانی لەدەستدا.''
ئەو پزیشکە تایبەتەی ژنان و منداڵبوون کە وەفا هاتووچۆی کردووە، بە رووداوی راگەیاندووە ''ئەوان تەنیا سێ جار سەردانی منیان کردووە، ئەویش تەنیا لە مانگی سێ، مانگی پێنج و مانگی هەشتی دووگیانبوونەکەی''. رێزوان ئیدریس قسەکانی پزیشکەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: ''من پشکنین و سۆنەرەکانم پێیە کە دەریدەخات ئەو رۆژە و پێشتریش لە کاتی خۆیدا سەردانمان کردووە.''
بەگوتەی هاوژینی وەفا کە سکاڵای تۆمار کردووە، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە داوای ''سوڵحی عەشایری'' لێکراوە، ''بەڵام یاسا سەروەرە، کێشەکە لە رێگەی عەشایەرییەوە چارەسەر ناکەم، نابێت مافمان پێشێلبکرێت، هاوژینەکەم رۆیشت، بەڵام خۆ دەکرا کەسێک کۆرپەکەی رزگار بکات.''
لیژنەیەکی پزیشکی پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستانی ئەو دایک و کۆرپەیە. رەعد زێباری، پارێزەری دۆسیەی وەفا رەشاد رایگەیاند، ''لیژنەکە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی وەفا دەکۆڵێتەوە، دادپزیشکیی دهۆک هۆکاری گیانلەدەستدانی وەفای بە ژەهراویبوونی دووگیانی دەستنیشانکردووە.''
ئەوە لەکاتێکدایە پزیشکی تایبەتی ژنان و منداڵبوون دەڵێت، کاتێک وەفا سەردانی نۆرینگەکەی کردووە، بەھۆی ئازاری پشتەوە بووە، ئەویش رەوانەی نەخۆشخانەی کردووە، بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بکرێت. ھەروەھا پشکنینی تایبەتی بۆ کراوە، بەڵام دەرکەوتووە ھیچ کێشەیەکی لە دووگیانییەکەیدا نەبووە، بەڵام گوشاری خوێنی زۆر بەرز بووەتەوە.
بەگوتەی پارێزەری دۆسیەکە، یەکێک لە ئەندامانی ئەو لیژنەیە پزیشکییەی کە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی وەفا رەشاد و کۆرپەکەی لە ئاکرێ پێکهێنراوە، ''خۆی شەوی رووداوەکە لە نەخۆشخانەدا بووە، ئێمە داوامان کردووە لیژنەیەکی تایبەت لە هەولێر پێکبهێنرێت کە گرێدراوی وەزارەتی تەندروستی بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە نەکراوە.''
رەعد زێباری گوتی: ''زۆربەی پزیشکەکانی ئاکرێ سەر بە عەشیرەتەکانن و لەوبارەوە سەری یەکدی ناشکێنن، بەڵکو پشتی یەکدی دەگرن، تاوەکو ئێستا لە نەخۆشخانەکانی قەزاکە چەندین جار رووداوی هاوشێوە روویداوە، بەڵام بە سوڵحی عەشایریی چارەسەر کراوە.''
لێژنەی لێکۆڵینەوە چی دەڵێت؟
لێژنەی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە، کە سەرۆک و شەش ئەندام پێکهاتووە، لە راپۆرتی خۆیاندا نووسیویانە:
- ئەو نەخۆشە وەکو زۆر نەخۆشی دیکەی دووگیان بەناوی پشت ئێشە هاتبوو، هەموو رێکارەکانی پەیوەندی بە دووگیانی بۆ گیراوەتەبەر، لە پشکنین، سونار و پشکنینی ئاسایی بۆ کراوە. نەخۆشەکە پێویستی بە نەشتەرگەریی منداڵبوون و لە دایکبوونی کۆرپەکەی بە سرووشتی نەبووە.
- نەخۆشەکە داخڵ کراوە و بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری بکرێت، پزیشکەکەی داوای سەرجەم پشنینەکانی بۆ رۆژی دواتر کردبوو.
- لە رووی زانستییەوە هیچ کەموڕییەکی بەرچاو نەبینراوە، ئەوەی کە پێویستی بووە یەکسەر بۆی کراوە.
- درەنگ راوێژ بە دکتۆری دڵ و هەناو کراوە، چونکە دۆخی ئەو نەخۆشە بۆ پزیشکی لە دایکبوون.
- پزیشکی تایبەتی نەخۆشەکە، بەشێوەیەکی راست و دروست لە دۆخی مەترسیداری نەخۆشەکە ئاگادار نەکراوەتەوە.
گیانلەدەستدانی وەفا لەکاتێکدا بوو، لەدایکبوونی کۆرپەکەی تەنیا هەفتەیەکی مابوو و بەپێی خۆی چووە نەخۆشخانە و تەرمەکەی گەڕایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ