رووداو دیجیتاڵ
نووسەر و سیاسەتڤانێک لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی پێشووی تورکیا دەڵێت، "رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساڵی 2013دا پەرۆشیی خۆی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە دەربڕی. حیزب و لایەنی تورکیایش هەبوون لە هەوڵەکە نیگەران بوون."
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-05-2025 مەولوود باوەموراد، نووسەر و سیاسەتڤان لە (رۆژی هیوا جەمال)دا گوتی، "سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، 15ی نیسانی 2013 لەگەڵ مامۆستا محەممەد فەرەج، ئەمینداری ئەو کاتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان سەردانی رێبەرایەتیی پەکەکەمان لە قەندیل کرد؛ 22ی هەمان مانگیش چووینە ئەنقەرە و لەگەڵ سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمانی تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی ئەو کات قسەمان کرد."
بە گوتەی ئەو سیاسەتڤانە، ئەردۆغان پێی گوتوون کە پەرۆشە بۆئەوەی پرۆسەی ئاشتی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و گوتی، "ئەردۆغان پێی گوتین بە قەندیل بڵێن، تاوەکو هەموو بابەتێکی پرۆسەکە تەواو نەبێت و نەگاتە نێو پەرلەمان، باسی نەکەن، چونکە مەهەپە و جەهەپە لێمان تێکدەدەن و شەقام دەجووڵێنن بۆئەوەی ئێمە هیچمان پێ نەکرێت."
مەولوود باوەموراد ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی تورکیا گوتی، لە رێگەی کۆمەڵێک کەسەوە کار دەکات بۆئەوەی پاڵپشتیی هاووڵاتییان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بەدەستبهێنێت، لەوانەش مامۆستایانی زانکۆ و ئەندامانی حیزبەکەی.
نووسەر و سیاسەتڤانەکە گوتیشی، "گرووپ و حیزبەکانی دیکە بە پرۆسەی ئاشتی زۆر نیگەران بوون، وشەی زبر و بریندارکەریان بەکاردەهێنا. بەڵام ئەردۆغان دەیگوت هیوادارین بتوانین ئەو خوێنڕشتنە رابگرین و ئەوەی لە شەڕدا خەرجی دەکەین، لە ئاوەدانکردنەوەدا بەکاری بێنن."
سەبارەت بە داواکاریی قەندیل، مەولوود باوەموراد گوتی، "قەندیل دەیویست دڵنیا بێت لە هەنگاوەکان. قەندیل داوای کرد لە دەستووری تورکیادا ناوی پێکهاتەکانی تورکیا بنووسرێت. تورکیا گوتی با سەرەتا بگەینە رێککەوتن، ئەوکات بەوە رازی دەبین و دەنووسین تورکیا هیی هەموو تورکیایە."
ئەو سیاسەتڤانە گوتیشی، "داواکارییەکی دیکەی ئەوکاتی پەکەکە ئەوەبوو کە پارێزگارەکان بە هەڵبژاردن دابنرێن، نەوەک لە رێگەی وەزارەتی ناوەخۆوە؛ هاوکات داوایان کرد لە ناوچە زۆرینە کوردنشینەکان خوێندن بە زمانی کوردی بێت."
لەبارەی ئەو پرۆسەیەی ئێستا لە تورکیادا دەستی پێکردووە، ئەو نووسەر و سیاسەتڤانە پێیوایە "پەکەکە هەنگاوێکی بوێرانەی ناوە کە کەم حیزب هەن بتوانن ئەوە بکەن. رەنگە پرۆسەکە بگاتە پەرلەمانی تورکیا و رێگریی دەنگدانی زۆرینەی لەسەر نابێت."
مەولوود باوەموراد دەڵێت، "لە ساڵانی 2013-2015دا پرۆسەی ئاشتی تێکچوو، چونکە ناکۆکی لەسەر شوێنی چەکدانانی پەکەکە هەبوو؛ هاوکات ئێرانیش نایەوێت قەندیل چۆڵ بێت. ئەوانە پێویستە چارەسەر بکرێن."
سیاسەتڤانەکە باسی لەوەش کرد، "مامۆستا محەممەد فەرەج هەنگاوێکی بوێرانەی نا کە چووە قەندیل. ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، چونکە ئەوکات بەنهێنی کار لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەکرا، ئێستا پەکەکە راستەوخۆ کاری تێدا دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ