دوای چڕبوونەوەی جەنگ؛ پشکنین بۆ بڵاوبوونەوەی تیشکە ئەتۆمییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت

21-06-2025
سۆران حوسێن
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ چڕبوونی جەنگی لەناوچەکە و هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ لێدان لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە هەرێمی کوردستان و عێراق چاودێریی هەوا دەکرێت. گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ تیشکدانەوەیەک تۆمار نەکراوە.
 
د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، شەممە21ـی حوزەیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامێری پشکنین و تۆمارکردنی پیسبوونی ژینگە بە تیشکدانەوە ئەتۆمییەکان لە چەند شارێکی هەرێمی کوردستان دانراون، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ پیسبوونییەکان بە تیشکدانەوەکان تۆمار نەکردووە".
 
لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، رانیە و زاخۆ ئامێری پشکنینی پیسبوونی هەوا لە تیشکدانەوە ئەتۆمییەکان دانراون. گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت: "ئامێرەکان لە هەموو تیشکدانەوە ئەتۆمییەکان لەکاتی هەبوونیدا ئاگادارمان دەکەنەوە".
 
هەر ئەمڕۆ، دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامێرەکە لە هەولێر کارایە؛ هەفتانە سێ بۆ چوار جار سەیری ئەنجامەکانی دەکەین، هەر پیسبوونێک تۆمار کرابێت ئاگادارمان دەکاتەوە".
 
لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران دا، چەند جارێک ئیسرائیل بە ئامانجگرتنی بنکەی ئەتۆمیی نەتەنزی لە پارێزگای ئیسفەهانی ئێران راگەیاندووە.
 
دڵشاد هیرانی دەڵێت: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ تیشکدانەوەیەکی ئەتۆمیی لە ئامێرەکەدا تۆمار نەکراوە".
 
ئامێرەکانی پشکنینی تیشکدانەوەی ئەتۆم لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیرکراون، لە یەکدا و پێکەوە پشکنین بۆ هەوا دەکەن و لە هەبوونی تیشکی ئەتۆمیدا تۆماری دەکەن و فەرمانگەکان ئاگادار دەکەنەوە.
 
دوێنێ دەستەی چاودێریی ئەتۆمیی عێراقی رایگەیاند، لە ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پشکنین بۆ گەیشتنی کاریگەریی تیشکدانەوەکان لە عێراقدا دەکەن.
 
دوای روونکردنەوەکەی دەستەی چاودێریی ئەتۆمیی عێراق، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: "لەسەر ئەرکی حکومەتی فیدراڵ ئەم ئامێرە بۆ فەرمانگای ژینگەی پارێزگای سلێمانی بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی دابینکراوە. بە بەردەوامیی تیمی پسپۆڕی فەرمانگای ژینگەی سلێمانی چاودێریی و پشکنین و کاری پێدەکات".
 
پارێزگاری سلێمانی لە روونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد: "تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژە و مەترسییەکی تیشکدانەوەیان تۆمار نەکردووە".
 
زیانی تیشكدانەوەی ئەتۆم بەگوێرەی نزیکیی ناوچەکان کاریگەریی هەیە. کاریگەرییەکانی کوشندەن بۆ تەندروستیی مرۆڤ، ژینگە، خۆراک، خاک و ئاو.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە