زیاتر لە هەزار کەس لە سەیرانگەکانی دهۆک کاری دیلیڤەری دەکەن

23-07-2021
ئەیوب نەسری
ئەیوب نەسری
سەیرانگەیەکی سنووری پارێزگای دهۆک. وێنە: رووداو
سەیرانگەیەکی سنووری پارێزگای دهۆک. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە دوو مانگی رابردوو زیاتر لە هەزار کەس وەک دیلیڤەری لە شوێنە گەشتیارییەکانی دهۆک دەستیان بەکار کردووە. بەهۆی هاتنی گەشتیاران بۆ ئەو پارێزگایە خاوەن رێستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەکان پێویستییان بە دەستی کاری زیاترە بۆیە ئێستا زیاتر لە 10 هەزار کەس لە نزیکەی 100 شوێنی پارێزگای دهۆک کار دەکەن.
 
کەرەم یونس گەنجێکی 21 ساڵانی خەڵکی قەزای بەردەڕەشە، چەند رۆژێکە لە هاوینەهەواری ئاشاوا لە قەزای ئامێدی کارێکی دەستکەوتووە. ئەو گەنجە دەڵێت، "من پێشتر لە ماڵەوە دادەنیشتم، زۆر گەڕام هیچ کارێکم دەستنەکەوت، دەمزانی گەشتیار زۆر بووە، بۆیە هاتمە ئێرە و کارێکم بۆ خۆم دۆزییەوە."
 
ئەو گەنجە لە بەردەم دووکانێک کەلوپەلی کوردەواری دەفرۆشێت، بە گوتەی خۆی، گەشتیارێکی زۆر رووی لێدەکەن، " ئێمەش زۆر خۆشحاڵین ئیش و کارمان کراوەتەوە، کاردەکەین و دەفرۆشین، خۆشحاڵم کە لێرە کار دەکەم".
 
جێگە گەشتیارییەکان بەهۆی قەرەباڵخبوونی سەیرانگەکان پێویستیان بە کارمەندی زیاتر هەیە، بۆ ئەوەی خزمەتێکی باشتری گەشتیاران بکەن.
 
عەبدوڵڵا بەرواری، خاوەنی چێشتخانەیەک دەڵێت، "من پێش کۆرۆنا سێ شاگردم هەبوو، بە خۆشمەوە دەبووینە چوار کەس، بەڵام ئێستا سوپاس بۆ خودا 13 شاگردم هەیە.. بە گشتیش 16 شاگردم هەیە کە هەریەکەیان بژێوی خێزانێک دابین دەکات".
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک، لە دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە هەزار کەس لە کەرتی گەشتوگوزار کاریان دەستکەوتووە، هەروەها زیاتر لە 900 جێگەی گەشتیاری لە سنووری پارێزگاکە هەن کە نزیکەی 10 هەزار کەس کاریان تێدا دەکات.
 
د. خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک دەڵێت، "کاتێک گەشتوگوزار باش بێت، بە دڵنیاییەوە شوێنە گەشتیارییەکان کارمەندی زیاتریان دەوێت، چونکە هەوڵدەدەن خزمەتێکی باشی گەشتیاران بکەن".
 
لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 100 هاوینەهەوار هەن، کە بە کەشوهەوای فێنک و ئاوی سارد بەنێوبانگن، لەبەر ئەوە زۆربەی رۆژانی هاوین پڕ دەبن لە گەشتیار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە