رووداو دیجیتاڵ
سیناتۆرێکی ئەمریکا سوپاسی هێزی پێشمەرگە دەکات کە لە شەڕی دژی داعش یارمەتیی ئەمریکای داوە. پێی وایە هاریس لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت و دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا.
رۆژی سێشەممە، 20-08-2024، مارک کێڵی، سیناتۆری ئەمریکا قسەی بۆ دیار کوردە، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووماڵی کۆنگرەی نیشتمانیی پارتی دیموکرات لە شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئیلینیۆی کرد و گوتی، "سوپاسی کوردەکان دەکەین کە لە شەڕی داعش یارمەتییان داین. من لە جەنگی یەکەمی کەنداویش بەشداربووم، ئەوەش کاتێک سەدام حوسێن کوێتی داگیرکرد. کوێت یەکێک بوو لە هاوپەیمانەکانمان و ئێمەش ئەوانمان لە کوێت دەرکرد".
کێڵی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکەش قسەی کرد و گوتی، "ئێستا لە عێراق گرووپە بەوەکالەتەکانی سەر بە ئێرانمان هەن کە بۆ هاوپەیمانەکانمان و ئاشتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڕەشەن."
کێڵی ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرنگیی جیۆسیاسی بۆ ئەمریکا و ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە هەیە، هەروەها "بایەخی بۆ سەلامەتیی کوردیش لە عێراق و ناوچەکە هەیە".
کێڵی پێی وایە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی مانگی تشرینی دووەمدا کامالا هاریسی بەربژێری دیموکراتەکان سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، نەوەک دۆناڵد ترەمپی بەربژێری کۆمارییەکان، گوتیشی، هاریس دەتوانێت ئەو پەیوەندییانە لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانێتییەکان بەهێزبکاتەوە کە لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپدا زیانی گەورەیان بەرکەوت.
مارک ئێدوارد کێڵی لە ساڵی 2020ـەوە سیناتۆری ویلایەتی ئاریزۆنایە و لە ساڵی 1991 وەکو فڕۆکەوان بەشداری لە جەنگی کوێت کردووە. جگە لە کاری سیاسی، کێڵی ئاسمانەوانە و لە ساڵی 2001 چووەتە بۆشایی ئاسمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ