رووداو دیجیتاڵ
دادگای کارگێڕیی بەغدا سکاڵاکانی بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لەبارەی کۆبوونەوەی هۆتێل رەشید و پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکووک رەتکردەوە.
کاروان عوسمان، نوێنەری یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ چوارشەممە 22-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دادگای کارگێڕیی بەغدا هەر چوار سکاڵاکەی بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لەبارەی کۆبوونەوەی هۆتێل رەشید رەتکردەوە و بەمەش دادگا شەرعیەتی بە کۆبوونەوەکە و ئیدارەی نوێی پارێزگای کەرکووک دا.
شەوی 10ی ئابی 2024، لە هۆتێل رەشید لە شاری بەغدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، لە کۆی 16 ئەندام، 7 ئەندامی فراکسیۆنەکانی پارتی، بەرەی تورکمانی و سیادە ئامادە نەبوون؛ ئەمەش ناڕەزایی ئەو لایەنانەی لێکەوتەوە و سکاڵایان تۆمارکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
دوای بڕیارەکەی دادگا، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، لە پەیامێکدا سوپاسی "دادپەروەریی" دادگای کارگێڕی کرد و هیوای خواست ئەم بڕیارەی دادگا ببێتە دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی تەواوی فراکسیۆنەکان بۆ هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگا، تاوەکو هەموو پێکەوە لە ئەنجوومەنێکی خزمەتگوزاردا خزمەت بە کەرکووکییەکان بکەن بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە.
نووسراوی بڕیاری ئەمڕۆی دادگای کارگێڕی کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە لایەن د. عوسمان سەلمان عەبوودی، سەرۆکی دادگاوە واژۆ کراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە "دادگا بە رێککەوتن بڕیاری دا بە رەتکردنەوەی داواکە"، هەروەها سکاڵاکاران دەبێت تێچووی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی دادگا بگرنە ئەستۆ.
لە نووسراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگار بە زۆرینەی رەها هەڵبژێردراون، کە 9 ئەندام لە کۆی 16 ئەندام دەنگیان داوە.
هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، هەردوو پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگری یەکەمی پارێزگار هەڵنەبژێردراون، وەک جێبەجێکردنی دەقی مادەی (13/ چوارەم) لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەم پۆستانە بە بەتاڵی ماونەتەوە تاوەکو لە پێکهاتەی تورکمانی پڕدەکرێنەوە.
یەکەم دانیشتنی دادگا لەبارەی سکاڵای تورکمانەکان لە 7ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، دانیشتنی بەشێک لە عەرەبەکان لە 14ـی هەمان مانگ و، پارتیش لە 16ـی ئۆکتۆبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ