رووداو دیجیتاڵ
دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر دوو ژنە چالاکڤانی کورد، لە ژمارەیەک شاری رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتییە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتوون، لە شارەکانی مهاباد، سەقز، دیواندەرە، مەریوان و سنە ئەمڕۆ (چوارشەممە) بەشێک لە دووکانداران دووکانەکانیان داخستووە.
دوو دووکاندار لە شاری مهاباد بە رووداویان گوت، لەلایەن دامودەزگا حکومی و ئەمنییەکانەوە پەیوەندی بەو دووکاندارانەوە کراوە کە دووکانەکانیان نەکردووەتەوە و پێیان راگەیێندراوە، ئەگەر دووکانەکانیان نەکەنەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دا دەکرێت.
لە سەقزیش بە رەنگی سوور لەسەر دەڕابی بەشێک لەو دووکانانەی داخراون، نووسراوە دادەخرێن.
هەروەها هاونیشتمانییەک لە شاری سنە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشنیوەڕۆ مانگرتن زیاتر بوو و ژمارەیەکی زیاتر لە دووکانەکان داخرابوون، بەڵام هێزە ئەمنییەکان پەیوەندییان بە خاوەن دووکانەکانەوە کرد و پێیان کردنەوە.
میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران دەڵێن، داواکاریی مانگرتن سەرکەوتوو نەبووە و بەشی زۆری دووکان و بازاڕی شارەکانی کوردستان کراوەن.
6 حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوایان لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کردبوو، ئەمڕۆ دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، مان بگرن و دووکان و بازاڕەکان دابخەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ