رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا دەڵێت، پێویستە بە زووترین کات دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان ئاسایی ببێتەوە. راشیگەیاند، ''ئەوەی لە سووریا دژ بە کورد دەکرێ بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-01-2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا، لەگەڵ گويدۆ كرۆسێتۆ، وهزيرى بهرگريى وڵاتەکە کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
گويدۆ كرۆسێتۆ گوتی، هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تەوەرێکی گفتوگۆکەیان بووە و جەختی لەوە کردەوە: ''زۆر بێتاقەتین بەوەی کە لە سووریا دەگوزەرێت. بێگومان رۆڵی خۆمان دەگێڕین بۆ ئەوەی رووداوەکانی سووریا بە هیچ شێوەیەک لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا روونەدات.''
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوە کرد، هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان رابگیرێن و هاوکاری کورد دەبن.
''ئەوەی سووریا دژ بە کورد دەیکات قبووڵکراو نییە''
گويدۆ كرۆسێتۆ لەبارەی پلانیان بۆ راگرتنی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەڵێت: ''بەر لە هەموو شتێک ئێمە دەمانەوێت ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار بکەین. ئەوەی لە سووریا دژ بە گەلی کورد دەکرێ قبووڵکراو نییە. ئەگەر سووریا دەیەوێت دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە، دەبێ بەر لە هەموو شتێک واز لەو کارانە بهێنێت کە ئێستا دەیکات.''
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ ئیتاڵیا لەبارەی ئەگەری پالثشتیی سەربازیی وڵاتەکە بۆ هەسەدە گوتی: ''هیوادارم کە هیچ کات پێویست نەکات چەک بنێرین، چونکە ئێمە دەمانەوێت ئاشتی بەرقەرار بکەین. نابێ بیر لەوە بکەینەوە کە ئەم شەڕە پەرە دەسێنێت، بەڵکو بیر لەوە بکەینەوە کە شەڕ دابمرکێت و ئاشتی بەرقەرار بێ.''
گويدۆ كرۆسێتۆ ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا، ئەمریکا، تورکیا، سووریا و ئێران قسە دەکەن و هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنەگەڕ کە ئاشتی و سەقامگیری بگەڕێتەوە ناوچەکە.
بەهۆی هێڕشەکانی سوپای عەرەبیی سووریاوە، ژمارەیەک لە ئەندامانی داعش لە زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە هەڵاتن. وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا دەڵێت: ''ئێمەش ترسمان لەو هەموو زیندانییانەی داعش هەیە کە ئازاد کراون. ئەوەش خاڵێکی دیکەیە کە کاری لەسەر دەکەین.''
''جەنابی بارزانی سیمبولی دژی داعشە''
لە بەشێکی قسەکانیدا گويدۆ كرۆسێتۆ باسی لە گرنگیی رۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: ''ئێمە دەمێکە هاوڕێی هەرێمی کوردستانین. چاک دەزانین گەلی کورد چی کرد بۆ ئەوەی داعش تێکبشکێنێت. دەزانم جەنابی مەسعود بارزانی چی کردووە لە دژی داعش، جەنابیان سیمبولێکە دژی داعش. کوردستانی عێراق تەنیا پارچەیەکە کە ئاشتی، ئازادی و سەقامگیری تێدایە.''
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەشکرد، بە گرنگییەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ ئەوەی وەک ناوچەیەکی سەقامگیر و ئارام بمێنێتەوە، ''هاوکارییەکانی ئێمە بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و تەنانەت زیادیش دەکرێن.''
گويدۆ كرۆسێتۆ باسی لەوە کرد، ئەوەی لە رۆژئاوای کوردستان روودەدات دڵگرانی کردووە، ''بەڵام ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی بەهیچ شێوەیەک ئەوە نەگاتە کوردستانی عێراق. دەزانم هاوڕێم جەنابی مەسعود بارزانیش کار لەسەر ئەوە دەکات. ئیتاڵیاش لەوبارەوە پشتیوانیی جەنابیانە.''
''ئاسایشی ناوچەکە، ئاسایشی ئەرووپایە''
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەش کرد، گرنگیی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرەتا بۆ ئیتاڵیایە، دواتر بۆ سەرجەم وڵاتانی ئەورووپی.
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا سەرۆک بارزانی رایگەیاند، ''دڵمان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستانە و هەموو هەوڵێک دەدەین کە یارمەتیدەر بین، بۆ ئەوەی کەرامەتیان پارێزرا بێت.''
ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون، چەند رۆژێکە رووبەڕووی دۆخێکی سەربازی، ئەمنی و داڕمانی خێرای دۆخی مرۆیی بوونەتەوە و بەشێک لە ناوچەکان داگیر کراون.
سەرەڕای گەمارۆکان، سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لەسەر کۆبانی و پارێزگای حەسەکە بڕاون و دانیشتووانیان لە دۆخێکی خراپ و مەترسیداردا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ