لەم رۆژانەى رابردوو گوتەیەکى بەڕێز بارزانیم بەرچاوکەوت کە پێشتر نەمبینى بوو، دەڵێت (شەڕ خراپترین بژاردەیە، بەڵام لەو خراپتر خۆبەدەستەوەدانە). ئەم گوتەیە ئەگەر بۆ هەلومەرج و بارودۆخى هەر بەشێکى کوردستان، گونجاو نەبێت، ئەوە بۆ بارودۆخى ئێستاى رۆژئاواى کوردستان 100٪ راستە، چونکە لە رۆژئاواى کوردستان بە پیلانگێڕییەکى هەرێمى و نێودەوڵەتى کوردیان خستووەتە گۆشەیەکەوە جگە لە بژاردەى یان شەڕ یان تەسلیم بوون هیچ دەرفەتێکى دیکەیان بۆ نەهێشتووەتەوە. جا لە دۆخێکى لەمجۆرەشدا لەبەر ناسینى خۆت و دووژمنەکەت، رێگە راستەکە ئەوەیە کورد رێگەى بەردەوامیدان بە شەڕ هەڵبژێرێت.
خۆناسین و ناسینى بەرانبەر، سەنگى مەحەکە بۆ هەر کێشە و ناکۆکی و شەڕ و ململانێیەک کە وەک ئێمەى کورد بەهۆى پرۆسەى داگیرکاریى گەل و نیشتمانەکەمانەوە دووچارى بووین. لە رۆژئاواى کوردستان هێزێک هەیە بەناوى هێزەکانى سووریاى دیموکرات. دەیان هەزار کچ و کوڕى بەجەرگى ئەم نیشتمانە لە ریزەکانى ئەم هێزە سەربازییەدا رێکخراون. خاوەن پەروەردەیەکى بە دیسپلینن و خۆچەماندن ناناسن.
لە دەستپێکى خەباتە رەواکەیانەوە تووشی شەڕى سەختى چەندین هێزى تاریکپەرست بوونەتەوە. بەرەى نوسەرە، تەحریرولشام، داعش و تەنانەت شەڕى تورکیاش. لە دەستپێکى بەشێک لەم شەڕە خوێناویانەدا هێشتا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى دروست نەببوو، ئەمریکا و وڵاتانى رۆژئاوا ئەم هێزەیان نەدەناسى. ئەوان بە پشتبەستن بە خۆیان و باوەڕبوون بە رەوایەتى پرسى نەتەوەکەیان، چۆکیان بە هەموو نەیارەکانیان دادا. تەنانەت لە شەڕى لەدەستدانى عەفریندا ماوەى 60 رۆژ بەرانبەر بە سوپاى تورکیا وەستانەوە. شەڕى کۆبانێ و بەزاندنى داعش بوونە ناسنامەیان، جیهان سەرسام بوو بە ئازایەتیی شەڕڤانەکان، دیمەنى کچ و کوڕە ئازاکانى رۆژئاوا بوونە سەردێڕ و مانشێتى سەتان کەناڵى وڵاتانى ئەورووپا و ئەمریکا. دەیان فیلم لەسەر قارەمانێتى و داستانەکانیان بەرهەم هاتوون و لە سینەما بەنێوبانگەکانى جیهان پەخش دەکرێن. لە پێش چاو و یادەوەریی راى گشتى زۆربەى وڵاتانى جیهاندا بوونە ئەفسانە.
ئێستا ئەم داعشبەزێنانە کەوتوونەتە نێو پیلانگێڕییەکى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتییەوە، جارێ ئێمە نازانین دەزگاى هەواڵگریى و دەوڵەتى قوڵى پشت حوکمڕانانى ئەمریکا و ئەورووپا چى گۆبەندێکیان بۆ رۆژهەڵاتى نێوەڕاست بەدەستەوەیە، بەڵام ئەوەى وەک دەستپێک و سەرەتاى ئەو پیلانگێڕییە دەرکەوتووە ئەوەیە لەنێوان ئەم هێزە کوردییەى رۆژئاواى کوردستان و هێزە تاریکپەرست و داعش ئاساکانى ناوچەکە، بڕیاربەدەستانى ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى بۆ شەڕى داعش، هێزە تاریکپەرستەکانیان هەڵبژاردووە و دەخوازن ئەم هێزە پێشکەوتووخوازەى کورد لەناو هەناوى هێزە داعشییەکاندا بتوێننەوە. ئەو پەلەپەلەکردنە و سەپاندنى رێکارى جۆراوجۆر بۆ خۆبەدەستەوەدانی کورد و وێناکردنى جۆلانى وەک پاڵەوان، گومانى ئەوە دروست دەکات بیانەوێ سووریا بکەن بەگژ عێراقدا و شەڕێکى خوێناوى لەنێوان سوننە و شیعە دروستبکەن، وەک چۆن لە کۆتایى چارەکى سەدەى رابردوو بە رووخانى شاى ئێران و هێنانە سەر حوکمى مەلاکان، جەنگێکى درێژخایەنیان لەنێوان عێراق و ئێران بەرپاکرد. بۆیە دەیانەوێ ئەم هێزە پڕچەک و بەدیسپلین و ئازایە لەژێر سەرکردایەتییەکی تووندڕەوى داعشئاسادا بخرێتە خزمەتى ئەو ئەجێندایەوە.
بێگومان بێ هیچ چاوەڕوانى و بیرکردنەوەیەک، دەبێت کورد ئەمە رەتبکاتەوە، چونکە خۆمان دەناسین و دەزانین ئەگەر لە بڕیارى رەتکردنەوەدا تووشى هەر سزایەک بووین، بەرگەى شەڕى تاریکپەرستان بگرین. بەتایبەت ئەگەر بەراوردى ئێستاى تواناى شەڕڤانان بکەین بەو سەرەتایانەى لووتى بەرەى نوسرە و تەحریر شام و داعشیان شکاند، ئێستا راهێنراوتر و بەبیروباوەڕتر و خاوەن ئەزموونى زیاتر و تواناى سەربازى و چەکى پێشکەوتووترن. بۆیە ئەگەر لەبرى خۆبەدەستەوەدان شەڕ هەڵبژێرین، لە جاران باشتر دەتوانن پارێزگارى لە خۆیان و جوگرافیاکەیان بکەن.
خاڵێکى دیکەى گرنگ ئەوەیە کە دووژمنەکەشمان باش دەناسین، دواى ئەوەى ریش و سیما داعشییەکانیان گۆڕی و لەبرى جلى خۆکوژیى، چاکەت و پانتۆڵیان لەبەر کرد، بەجۆرێک خۆیان پێشانى جیهاندا کە دواى گرتنە دەستى دەسەڵاتى سووریا و کرانەوەى دەرگەکانى جیهان بەڕوویاندا، گۆڕاون. لە رووداوەکانى ئەم مانگەى رابردوو ئەوەیان بۆ سەلماندینەوە کە نەخێر جیهان هەڵە بوون لەو وێنا داتاشراوەى دروستیان کردبوو. بە فڕێدانەخوارەوەى تەرمى کچە شەڕڤان و سەربڕینى کچ و کوڕانى کورد، بە شکاندنى کێلى گۆڕەکان و هەڵدڕینى زگى لاوەکان، ئەوەیان بۆ سەلماندینەوە ئەگەر بە رووکەش و جلوبەرگیش گۆڕابن، لەناخەوە هەر خاوەن رەفتارى داعشییەکانى رابردوویانن. بۆیە دەبێت ئەوە باش لەبەرچاو بگیرێت کە دەگوترێت کورد خۆى بداتە دەستى ئەوانەوە، ئەوە ئەوانن، پێویست بە پێناسەى دیکە ناکات. لەوەش گرنگتر ئەوەیە جیا لەو داواکارییە ستەمکارییانەی تۆم باراکى نێردەى ترەمپ و بۆچونى هەندێک لە کارەکتەرکانى ناو ئەو پیلانگێڕییە هەرێمى و نێودەوڵەتییە، گوێمان لە دەنگى جیاواز دەبێت لە ناوەندەکانى بڕیارى ئەمریکا و لە ئەورووپاوە. ئەگەر کورد خۆى بە دەستەوە نەدات و چەند هەفتەیەک شەڕ درێژە بکێشێت، هەڵوێستى جیهان زۆر دەگۆڕێت، بەجۆرێک کە دوور نییە هاوکێشەکە بەتەواوى پێچەوانە ببێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا کە غەدر لە کورد دەکرێت و دیمەنەکان بۆ کورد زۆر ئازاربەخشن، بەڵام دەستکەوتى گرنگى ئەم زووڵمە لە کورد ئەوەیە کوردى یەکخست. هیچ کات و لە هیچ سەردەمێکدا بە ئەندازەى ئێستا کورد یەکهەڵوێست نەبووە. ئەمە دەستکەوتێکى ئێجگار گەورە و گرنگە بۆ میللـەتەکەمان. تا بارودۆخى رۆژئاواى کوردستانیش بەو جۆرە بەردەوام بێت، ریزى کورد و بەرەى کوردایەتى فراوانتر دەبێتەوە. کەواتا بۆ دروستکردنى ئەو هەستە و چەسپاندنى ئەو بیروباوەڕە بە کورد بوون، دەبێت وابکەین رەوشەکە بەو جۆرە بەردەوام بێت.
پێویستە ئەم واقیعە وەک خۆى ببیندرێت لەلایەن ئەوانەوە کە تواناى ئاراستەکردنى رووداوەکانى رۆژئاواى کوردستانیان هەیە، بەڕێز مەزڵووم عەبدى و ئەو بەڕێزانەشی لە هەرێمى کوردستانەوە وەک پشتیوانێک لەگەڵیان بەشدارن لە دیدار و گفتوگۆکان دەبێت ئەو دەرفەتانە ببینن و پێچەوانەى ئەو مەرجانەى لە 14 خاڵى رێککەوتنى پێشوو بەسەر کورددا سەپێندرابوون، ئەمجارە دەبێت کورد مەرجى هەبێت بۆ هەر رێککەوتنێک، وەک خاڵى سەرەتا و پرەنسیپێکى چەسپاو دەبێت داواى ئەوە بکرێت هەموو ناوچە کوردییەکانى سووریا بە عەفرینیشەوە کە چەند ساڵێکە داگیرکراوە، لە رووى ئیدارى و ئاسایش و لە رووى سەربازییەوە کورد خۆى حوکمیان بکات. بە هیچ جۆرێک نابێت کورد بەوە رازى بێت هێزە چەکدارەکەى هەڵوەشێتەوە. دەبێت بەردەوام ئەوەمان لەبەرچاو بێت چەکمان نەبێت هەموو رۆژ جینۆساید دەکرێن.
شەڕێکى بەردەوام کە ئاکامەکانى ببێتە هۆکارى بەدەستهێنانى پشتیوانى زیاتر لە ناوەندەکانى بڕیارى نێودەوڵەتى و کۆکردنەوەى میللـەتەکەمان لە دەورى یەکدی و پاراستنى گەلەکەمان لە کۆمەڵکوژی، یان تەسلیمبوونێک کە روون و رەوان لێمانەوە دیارە بە کەنیزەککردنى کچ و خوشک و دایکمان و کوشتنى کوڕەکانمان و داگیرکردنى نیشتمان کۆتایى بێت، بێگومان شەڕەکە باشترین بژاردەیە. بەتایبەتیش ئێستا ئەنجامى ئەو چەند رۆژە لە بەرەنگاربوونەوە و خۆپێشاندان و هەڵوێستى یەکبوونى کورد و هەوڵە دیپلۆماسییەکانى کاک مەسعود بارزانی و رەوەندى کوردى، خەریکە هاوکێشەکە بەجۆرێک دەگۆڕن کە گوشارەکان لەسەر کورد کەمتر بن. لەلایەک سووریا کەوتووەتە پاکانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا دڵنیایى دەدات لەوەى بە ئەحمەد شەرعى گوتووە نابێت هێز بنێرنە ناوچە کوردییەکان. بۆیە ئەگەر کورد سازش نەکات، ئەگەر زۆرە بە قازانجى پارێزراویی کوردستان تەواو بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ