رووداو - سلێمانی
رۆژی چوارشەممە 17ی حوزەیران دوای تێکچوونی دۆخی تەندروستی و دەرکەوتنی بەشێکی زۆر لە نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، عەتا چاوشینی تەمەن 58 ساڵ، گەیێندرایە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر ئاسۆ، دوای پێنج رۆژ لە مانەوەی لە نەخۆشخانەکە گیانی لەدەستدا.
جەزای ساز، هاوڕێی نزیکی عەتا چاوشینە و نزیکەی 100 گۆرانیی بۆ تۆمارکردووە، باس لەوە دەکات کە عەتا چاوشین دۆخی زۆر خراپ بووە و پێویستی بە پلازمای خوێنی تووشبووە چاکبووەکان بووە، هەوڵێکی زۆری داوە بۆی پەیدا بکات، بەڵام نەیتوانیوە سوودی لێ ببینێت.
جەزای ساز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هونەرمەندێکی هاوڕێی من و کاک عەتا پەیوەندیی پێوە کردم، گوتی دۆخی تەندروستیی زۆر خراپە و پێویستی بە خوێنە و لە بانکی خوێنیش خوێنمان دەستنەکەوتووە، بۆیە منیش لە رادیۆکەمەوە بانگەوازم کرد کە خوێنمان پێویستە بۆ کاک عەتا، خاتوونێکی تووشبووی چارەسەربووی کۆرۆنا خوێنەکەی پێماندا و پلازماکەیمان بۆ بەکارهێنا، بەڵام بەداخەوە سوودی لێ نەبینی".
هاوڕێکەی عەتا چاوشین داوا لە هاونیشتمانیان دەکات خۆیان بپارێزن و رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن بۆئەوەی کەسی دیکە وەکو ئەوان جەرگی نەسوتێت.
جەزای ساز خاوەنی رادیۆیەکی ناوخۆیی هونەرییە بەناوی "گەڕیان" و بڕیاریداوە بۆ ماوەی دوو رۆژی تەواو تەنیا گۆرانییەکانی عەتا چاوشین و رێنمایی خۆپارێزی لە رادیۆکەوە پەخش بکات.
پزیشکان دەڵێن "عەتا چاوشین بەهۆی ڤایرۆسەکەوە کێشەی هەناسەدانی هەبوو، رێژەی ئۆکسجینی زۆر دابەزیبوو، بۆیە بانگەوازمان کرد کە تووشبووە چارەسەربووەکان پلازمای پێبدەن، دوای چەند کاژێرێکیش کە پلازمای پێبەخشرا دۆخی باشتر بوو، بەڵام هەر نەیتوانی چاکببێتەوە".
چرۆ رۆستەم، ئەو خاتوونەیە کە پلازمای خوێنی بەخشیوەتە عەتا چاوشین، ئەو بە رووداوی گوت "مانگی ئادار تووشی کۆرۆنا ببووم و دوای مانگێک چاکبوومەوە و چوار رۆژ لەمەوبەریش داوایان لێکردم کە خوێن ببەخشم، منیش بەخشیم و لەو رۆژەوە نزا دەکەم کە سوودی لێ ببینێت، کاتێکیش ئەو هەواڵەم بیست زۆر نیگەران بووم".
کاژێر 05:00ی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، عەتا چاوشین لە گۆڕستانی نوێی سلێمانی کە بەشێکی تایبەتکراوە بە ئارامگەی ئەوانەی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بەخاکسپێردرا. تائێستاش لە سلێمانی 98 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 50 کەسی دیکەش دۆخی تەندروستییان خراپە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ