رووداو دیجیتاڵ
ماوەی نۆ رۆژە ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە، کە بەهۆیەوە دابەشکردنی ئاوی خواردنەوەی ماڵان لە پشدەر بۆ نیوە و کەمتر کەمیکردووە، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان دەڵێت: "بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووکەوە، رۆژانە دوو بۆ سێ سانتیمەتر ئاوی بەنداوەکە کەمدەکات."
رۆژی سێشەممە، 22-8-2023، ئەندازیار سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەی 9 رۆژە ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئێرانەوە گیراوەتەوە و 100٪ـی رێژەی ئەو ئاوەی لە ئێرانەوە پێماندەگەیەشت بڕاوە، بەهۆیەوە ئاوی خواردنەوەی ماڵان، کشتوکاڵ و سامانی ماسیش زەرەرمەندبوون."
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ئاماژەی بەوەدا پێشتر رۆژانە لە پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ 2700 مەتر سێجا ئاویان دابەشدەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی گرتنەوەی ئاوەکەوە رۆژانە 1000 مەتر سێجا لە کاژێدێکدا بەردەدەنەوە، واتە نیوە و زیاتر کەمیکردووە، ئەوە کاریگەریی لەسەر دابەشکردنی ئاوی خواردنەوەی ماڵان، کشتوکاڵ و هەروەها سامانی ماسیش هەبووە، ئەگەر بەردەوام بێت کاریگەرییەکەی زیاتریش دەبێت.
ئاوی زێی بچووک جگە لەوەی سەرچاوەی ئاوی دانیشتووانی قەڵادزێیە، هاوکات دەڕژێتە بەنداوی دووکان و بەشێکی کۆیە و تەقتەقیش سوود لە هەمان ئاو وەردەگرن. ساڵی رابردووش بە هەمانشێوە، رۆژی 25ـی ئاب، ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتەوە.
کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان، لەبارەی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک رۆژی سێشەممە، 22-8-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک رۆژانە دوو بۆ سانتیمەتر ئاو دادەبەزێت، ئەگەر پێشتر و لەکاتی ئاساییدا رۆژانە 4 بۆ 5 سانتیمەتر ئاو دادەبەزی، ئێستا رۆژانە ئاستی ئاوەکە لە نێوان 7 بۆ 8 سانتیمەتر دادەبەزێت، بەڵام بەگشتی کاریگەریی لەسەر ئاوی خواردنەوەی سلێمانی نابێت، چونکە ئەوەندە ئاوی کۆگاکراومان هەیە کاریگەریی نەبێت، کاریگەرییەکە زیاتر لەسەر دەڤەری راپەڕین بەتایبەت رانیە و قەڵادزێ هەیە."
ئاوی زێی بچووک بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین سەرچاوەی ئاوی نزیکەی 100 هەزار کەس دەبێت لە سنووری ئیدارەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ