پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای پەروەردە و فێرکردن دەکات

22-09-2022
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای پەروەردە و فێرکردن دەکات. بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە دەڵێت، "پرۆژەیاسایەکی گرنگە و کۆمەڵێک ماددەی باشی تێدا جێگە کراوەتەوە، وەکو دابینکردنی کورسیی خوێندن بۆ کەسوکاری ئەنفال، شەهید و کەمئەندامانی سەنگەر لە قوتابخانە تایبەتەکاندا."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-09-2022 گەلاوێژ عوبێد، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر یاسای وەزارەتی پەروەردەمان هەبوو، یاسای پەروەردە و فێرکردنمان نەبووە، بەڵام ئێستا پرۆژەیاسای پەروەردە و فێرکردن لەگەڵ یاسای وەزارەتی پەروەردە دەبێتە یەک، بڕیارە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە را و بۆچوونی پەرلەمانتارانیش لەبارەی ئەو پرۆژەیاسایە وەربگیرێت."
 
پرۆژەیاسای پەروەردە و فێرکردن 197 ماددە بوو، دوای پێداچوونەوە و خوێندنەوەی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ نزیکەی 173 ماددە کەمکراوەتەوە.
 
گەلاوێژ عوبێد، پرۆژەیاساکە بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت، "گرنگی بە چەند لایەنێک داوە، وەکو پەروەردە، فێرکردن و ئەزموونەکان هەمووی رێکخستووە، کە تائێستا رێنوێنییان بۆ دەردەکرا، بەڵام لەمەودوا دەبێتە یاسا."
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "ئەوەشی نوێیە لەم پرۆژەیاسایە، دەرچووانی پۆلی 12 ئامادەییە کە بەشێکیان تەنیا بڕوانامەی پۆلی 12یان دەوێت و نایانەوێت بچنە تاقیکردنەوەی نیشتمانی و تەنیا تاقیکردنەوەی خولی یەکەم و دووەم دەکەن؛ ئەگەر دەرچوون دەبنە خاوەنی بڕوانامە، بەڵام ناتوانن بچنە زانکۆ، هەر کاتێک ویستیان دەست بە خوێندنی زانکۆ بکەن، ئەوە دەبێت تاقیکردنەوەی نیشتمانی بکەن."
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و فێرکردن تێبینیی لەسەر پرۆژەیاساکە هەیە و دوێنێ چوارشەممە، موسلیم عەبدوڵڵا لەوبارەوە بە رووداوی گوت، "هیچ گۆڕانکارییەکی نوێ و جەوهەری لە پرۆژەیاساکەدا نەکراوە و هیچ وادەیەکیش بۆ دامەزراندنی وانەبێژان دیارینەکراوە."
 
بەڵام گەلاوێژ عوبێد لەوبارەوە دەڵێت، "لە پرۆژەیاساکەدا ئاماژە بە وانەبێژان کراوە، هەر کاتێک دامەزراندن دەستیپێکرد، پێشینە بۆ ئەوانە و دەبێت ئەوان بەگوێرەی پسپۆڕییان دابمەزرێن، ئەوەش کارێکی باشە کە لە پرۆژەیاساکە هەیە."
 
بە گوتەی موسلیم عەبدوڵڵا، یەکێک لە "کەموکوڕییەکانی" ئەم یاسایە ئەوەیە کە بەرپرسیارێتیی نەخستووەتە سەر خۆی، وەکو دروستکردنی قوتابخانە و چەندین بابەتی دیکە، نەتوانراوە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ وانەبێژان بدۆزرێتەوە، ئەوەی لە یاساکە کراوە تەنیا رێکخستنەوەی هەیکەلی وەزارەتی پەروەردە و رێکخستنی میلاکاتە.
 
گەلاوێژ عوبێد، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە ئاماژە بەوە دەکات، یەکێک لە "خاڵە باشەکانی پرۆژەیاساکە" ئەوەیە، پێنج کورسی بۆ منداڵی شەهیدەکان و پێنج بۆ کوڕ و کچی جینۆسایدی ئەنفال و کەمئەندامانی سەنگەر لە خوێندنگە تایبەتەکان دابینکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

off road 2

"شارێک لە داهاتوو"؛ قوتابخانەیەکی هەولێر دەبێتە یەکەم "قوتابخانەی سەوز" لە عێراق

قوتابخانەی ئەڵمانی لە هەولێر وەک یەکەم قوتابخانە لە عێراق بڕیاریداوە ببێتە بەشێک لە تۆڕی جیهانیی قوتابخانە سەوزەکان. قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە بە دروستکردنی پڕۆژەی ژینگەدۆست، وەک "شارێک لە داهاتوو" و بەکارهێنانی سیستمی ریسایکلین، هەنگاو بەرەو ئەو ئامانجە دەنێن.