وەزارەتی خوێندنی باڵا: زیاتر لە 1200 مامۆستامان خانەنشین دەبن

23-01-2025
سۆران حوسێن
نیشانەکردن یانەی هەولێر خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی یاسای نوێی خانەنشینی کە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، زیاتر لە هەزار و 200 مامۆستایان خانەنشین دەبن.
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی بڕیاری حکومەت بۆ کەمکردنەوەی ساڵەکانی خانەنشینی، زیاتر لە هەزار و 200 مامۆستای وەزارەتەکەمان خانەنشین دەبن، کە بەشێکیان خاوەنی بڕوانامەی باڵان".
 
بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لەمەودوا بەگوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 09ـی ساڵی 2014، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە تەمەنی 60 ساڵیدا خانەنیشن دەبن، جگە لە چەند توێژێک.
 
تونا نەجەف دەڵێت: "خاوەن بڕوانامە باڵاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەمەودوا لە 63 ساڵیدا خانەنیشین دەبن، بەگوێرەی ئەو یاسایەش ژمارەیەک پڕۆفیسیۆر و پڕۆفیسیۆری یاردەدەر ئەم ساڵ خانەنشین دەبن".
 
بۆ ئەوەی خانەنشینیبوونی خاوەن بڕوانامە باڵاکان کێشە بۆ خوێندنی باڵا دروست ناکات، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "دەبێت بەگوێرەی دۆخەکە بیگونجێنین و بڕیارەکە جێبەجێی بکەین، چونکە بڕیاری حکومەتە، بەڵام بێگومان ئەم ساڵیش نەبێت ساڵانی داهاتوو کاریگەریی نەرێنییان دەبێت، چونکە ساڵانی داهاتوو ژمارەی زیاتریان خانەنشین دەبن".
 
یەکێتیی مامۆستایان: 10 هەزار مامۆستا و فەرمانبەرمان خانەنشین دەبن
 
هەر ئەمڕۆ ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، نزیکەی 10 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان خانەنشین دەبن".
 
ئەحمەد گەرمیانی گوتی، یەکێک لەو کێشانەی جێبەجێکردنی یاساکە دروستی دەکات، خانەنشینبوونی بەشێکی مامۆستایانی "بە ئەزموون و پێویستە بۆ ناوەندەکانی خوێندن."
 
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان داوای کرد: "بۆ ئەوەی بۆشایی لە قوتابخانەکان دروست نەبێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی عێراق وەربگرێت بۆ دامەزراندنی گەنجی نوێ و ئەو وانەبێژانەی پێشتر خزمەتیان کردووە و بەهەر هۆکارێک بێت وازیانهێناوە".
 
بەگوێرەی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی، ئەو فەرمانبەرەی خانەنشین دەکرێت، هەموو ئەو ماف و شایستانەی دەبێت کە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی هەموارکراو پێی دەدات، ئەگەر هاتوو مەرجە یاساییەکانی شایستەبوونی تێدابێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە