رۆژی نەتەوەیی بۆ رۆژئاوا؛ وردەکاریی دووەم رۆژی کەمپەینی (رەنجی رووداو) و ئەو هاوکاریانەی کۆکرانەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
دیمەنێکی کەمپەینی (رەنجی رووداو) بۆ رۆژئاوای کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیمەنێکی کەمپەینی (رەنجی رووداو) بۆ رۆژئاوای کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک، کەمپەینی (رەنجی رووداو) بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو. لەگەڵ دەستپێکی بەرنامەکەدا، شەپۆلێکی گەورەی هاوکاری لەلایەن هاونیشتمانییان، سەرمایەداران و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە گەیێندرایە شوێنەکە.
 
کەمپەینەکە لە نزیک مزگەوتی جەلیل خەیات لە هەولێر و نووسینگەی سلێمانیی رووداو بەڕێوەچوو، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی ئایینی، کەسایەتییە دیارەکان و بەرپرسانی حکومی بەشداربوون.
 
مورشید خەزنەوی: دوو کۆ دوو نابێتە چوار
 
د. مورشید خەزنەوی، کەسایەتیی ئایینی ناوداری رۆژئاوای کوردستان کە یەکێک بوو لە میوانە سەرەکییەکان، بە گەرمی باسی لە هەڵوێستی خەڵکی باشووری کوردستان کرد و گوتی، "ئەوەی ئەمڕۆ لێرە دەکرێ، خزمەت و خەباتێکی گەورەیە. زمان ناتوانێت مافی ئەم گەلە ئازیزە بدات."
 
 ئەو مامۆستا ئایینییە بە گریانەوە ئاماژەی بەوە کرد کە "2 کۆ 2 نابێتە چوار و کوردستان هەر وڵاتێکە و نابێتە چوار پارچە."
 
د. مورشید خەزنەوی تیشکی خستە سەر مەینەتییەکانی هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای سووریا و گوتی، "هەزاران منداڵ بێ شیرن، گەنج و ژنەکانمان لە سەرمادا دەلەرزن، بەڵام ئەم زیندووێتییەی میللەتەکەمان وەک سروودی ئەی رەقیب وایە کە دەڵێ میللەتی کورد زیندووە و نامرێت."
 
سنوورە دەستکردەکان هەڵدەگیرێن
 
د. عەبدوڵڵا سەعید وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەولێر هەمیشە سەلماندوویەتی میواندۆستە و رۆژێک دادێت سنوورە دەستکردەکان هەڵدەگیرێن.
 
هاوکات د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد، یەکێک لە رێبەرانی سەلەفییەکان لە سلێمانییەوە میوانی رەنج سەنگاوی بوو و گوتی، "ئەمە ئەرکێکی ئایینییە پێش ئەوەی نەتەوەیی بێت. کۆسپێک هەیە لەنێوان ئێمە و بەهەشت. یەکێک لە رێگاکانی لابردنی ئەو کۆسپە، هاوکاریکردنی براکانتە لە کاتی تەنگانەدا."
 
 
 ئەو مامۆستا ئایینییە گوتی، خۆشەویستترین کار لای خودا، تێرکردنی برسییەکانە.
 
د. عەبدوللـەتیف ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا کوردانی رۆژئاوا پێویستیان بە ئێمەیە و ئەرکە لەسەرمان بچین بە هانایانەوە."
 
لە دەخیلەی منداڵانەوە تاوەکو مووچەی پێشمەرگە
 
دیمەنی منداڵێک کە بە دەخیلەکەیەوە هاتە نێو کەمپەینەکە و تەواوی پاشەکەوتەکەی بەخشی، ئامادەبووانی هەژاند؛ هەروەها پێشمەرگەیەک لە سلێمانییەوە لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا دەرکەوت و داوای لە حکومەت کرد رێگەیان بدەن بچن بۆ بەرگری لە خاکی رۆژئاوا.
 
هاوکات، هاووڵاتییەکی بەنگلادیشی کە وەک خزمەتکار لە مزگەوتێکی هەولێر کاردەکات، بەشێک لە پارەکەی بەخشی و بە زمانێکی شیرین گوتی، "کورد زۆر باشن، زۆر پیاون؛" هەروەها هاونیشتمانییەکی خەڵکی مهابادیش داوای لە حیزبەکان کرد یەکڕیز بن چونکە "ئاسۆ روونە."
 
هەڵوێستی بەرپرسان و رووناکبیران
 
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان، بڕێک پارەی بەخشی و رایگەیاند، کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەرامبەر تاریکپەرستان وەستاونەتەوە و ئەرکی هەمووانە پشتیوانیان بن.
 
 
کەمال موسلیم ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمڕۆ ئەوان لە بەرەنگاربوونەوەی تاریکپەرستانن، بەخۆشحاڵییەوە هەموو کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بوونەیە یەک و یەکدەنگ و یەک رەنگن بەرامبەر دووژمنان."
 
لە کەمپینی نووسینگەی سلێمانییەوە، یاسین ئافتاو، مامۆستای زانکۆش گوتی، "هەست دەکەم کورد تازە خەریکە دەبێتە نەتەوە و ئەمە هەستێکی زۆر تایبەتە."
 
لە رۆژئاوا 800 مزگەوت و دەیان قوتابخانەی شەرعی هەن
 
مورشید خەزنەوی رایگەیاند، "لە رۆژئاوا 800 مزگەوت و دەیان قوتابخانەی شەرعی و کۆلێژی شەریعە هەن. ئێمە هەمیشە لەسەر دینی محەممەدین."
 
ئەو کەسایەتییە ئایینییە ئاماژەی بەوە کرد، "میلەتی ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان لە زەحمەتییەکی گەورەدایە، ئەمڕۆ هەزاران منداڵی کورد بێ شیرن، گەنج و ژن و پیرەکانمان لە سەرمادا دەلەرزن، دڵی من زۆر تەنگە بۆ گەلەکەمان لەوێ، بەڵام ئەوەی کە میلەتی ئێمە سەلماندیان، هیوا دەدەنە من."
 
 
قەبارەی هاوکارییەکان لە دووەم رۆژدا بەم شێوەیە بوو:
 
- ئاڕتی بانک: 100 ملیۆن دینار.
 
- بانکی کوردستان: 100 ملیۆن دینار.
 
- کۆمپانیای دەرمانی پایۆنیەر: 4 کۆنتێنەر دەرمانی جیاواز.
 
- کۆمپانیای پێشداد: 10 تۆن برنج، 10 تۆن ئارد، 2400 قوتوو گۆشت، 1200 قوتوو شیر، 1 تۆن نیسک، 1 تۆن نۆک، 1 تۆن فاسۆلیا، 1000 دەبە رۆن، 100 کارتۆن ماکەرۆنی و 1400 قوتوو ئاوەتەماتە.
 
- کۆمپانیای فامیلی بۆکس: 1000 بەتانی، 5000  قوتوو گۆشت و 2000  قوتوو شیر.
 
- کۆمپانیای حاجی شڤان: بڕی 16 ملیۆن دینار کەلوپەل.
 
- ئەلەند ستەیک هاوس: 10 هەزار دۆلار و بڕی 10  ملیۆن دینار کەلووپەل.
 
- کۆمپانیای سەفرە (شەریفی حاجی رەسوول): 10 تۆن برنج
 
- کۆمپانیای حەسەن باقی: 10  هەزار لیتر شیر.
 
- کۆمپانیای عەبدولکەریم شێخانی: 900 پارچە کەلوپەلی نێوماڵ.
 
- کۆمپانیای کوردش گارد: 450 بەتانی.
 
- کارگەی ئارسۆ: 2300 سندووق خواردنەوەی گازی.
 
- شۆڕش مارکێت: 100 سەبەتەی خۆراک.
 
- کۆمپانیای بەڵاڤ: 5 ملیۆن دینار.
 
- هاونیشتمانییەک لە ئەڵمانیاوە: 10  هەزار دۆلار.
 
لە یەکەم رۆژی کەمپەینەکەدا  67 ملیۆن و 605 هەزار دیناری عێراقی؛ 11 هەزار و 950 دۆلاری ئەمریکی؛ 300 یۆرۆ و 100 پاوەندی بەریتانی بە کاش کۆکرایەوە، ئەمە جگە لەو پارەیەی بە هەژماری بانکی نێردرابوو. جگە لەمانە، بایی زیاتر لە 500 ملیۆن دیناری عێراقیش کەلوپەل و هاوکاری دیکە گەیێندرایە کەمپەینەکە.
 
کەمپەینی رەنجی رووداو وەک گەورەترین پردی پەیوەندی نێوان پارچەکانی کوردستان بەردەوامە و سبەی رۆژی سێیەمی کەمپەینەکە بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. بەشیر حەداد، گوتاربێژی مزگەوتی جەلیل خەیات لە هەولێر

گوتاربێژێکی هەولێر: ئەوەی لە توانایدایە با بەشداریی کەمپەینەکەی رووداو بکات

گوتاربێژی مزگەوتێکی هەولێر رەخنە لە وەزارەتی ئەوقافی سووریا دەگرێ کە بە پشتبەستن بە قورئانی پیرۆز فەتوایەکی دژی کورد دەرکردووە؛ دەشڵێت، پێویستە پاڵپشتی لە کەمپەینەکەی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بکرێت