دوو شاخەوانە بێسەروشوێنبووەکەی چیای ئەشتەران دوای سێ رۆژ دۆزرانەوە

23-02-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەو دوو شاخەوانەی لە چیای ئەشتەران، لە نزیک شاری ئەزنای سەر بە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێسەروشوێن ببوون، ئەمڕۆ دوای سێ رۆژ دۆزرانەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی شوباتی 2025، مەهدی پازۆکی، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، "بە هەوڵی بەردەوامی تیمەکانی فریاکەوتن، مانگی سوور و گرووپە شاخەوانییەکانی هەردوو پارێزگای مەرکەزی و لوڕستان، ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شاخەوانە بێسەروشوێنەکە دۆزرانەوە و بۆ شوێنێکی پارێزراو گوێزرانەوە."
 
مەهدی پازۆکی گوتی، "شاخەوانەکان خەڵکی ئەراکن لە پارێزگای مەرکەزی، رۆژی هەینی ویستوویانە بەسەر لووتکەی چیای ئەشتەران لە پارێزگای لوڕستان دا سەرکەون، کە بەهۆی بارینی بەفر و هەڵکردنی بایەکی تووند، رێگەیان لێ ونبووە."
 
مەحموود ئەڵڵاهیاری، سەرۆکی دەستەی شاخەوانیی پارێزگای مەرکەزیش رایگەیاند، "دوو شاخەوانەکە ناویان موجتەبا قەهیەیی و داود بەهرامی یە و ویستوویانە بەسەر چیای ئەشتەران دا سەرکەون، بەڵام بەهۆی خراپیی دۆخی کەشوهەوا رێگەیان لێ ون دەبێت و بێسەروشوێن دەبن."
 
بە گوتەی مەحموود ئەڵڵاهیاری، "ئەم شاخەوانانە تەنیا بۆ رۆژێک خواردنیان پێبوو، بۆیە بە درێژبوونی ماوەی بێسەروشوێنبوونیان نیگەران بووین، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەرزاییەکانی چیای ئەشتەران و لە نزیک دەریاچەی گەهەر دۆزرانەوە."
 
رۆژی شەممە، 22ی شوباتی 2025، حەبیب عەسگەری، قایمقامی شاری ئەزنا رایگەیاند، دوو شاخەوان لە چیای ئەشتەران بێسەروشوێن بوونە و تیمەکانی مانگی سوور و فریاکەوتن هەوڵی دۆزینەوەی دوو شاخەوانەکە دەدەن.
 
بێسەروشوێنبوونی ئەو دوو شاخەوانە لەکاتێکدابوو کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەفرێکی زۆر لە بەرزاییەکانی شارەکە باریوە و رێگەی چەندین گوند گیراوە.
 
چیای ئەشتەران بە ئاڵپی ئێران ناسراوە یەکێک لە بڵندترین چیاکانی زنجیرە چیای زاگرۆسە و بە هەبوونی شاخ و لووتکەی بەرز و سرووشتە جوانەکەی، وەکو ناوچەیەکی گەشتیاریی پارێزگای لوڕستان دەناسرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.