نزمترین پلەی گەرما لە کوێ تۆمار دەکرێت؟

23-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی دابەزینی پلەی گەرما بەردەوام دەبێت. کەشناسێک دەڵێت، تاوەکو پێنجشەممە سەرما بەردەوام دەبێت و هەینی پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە. 
 
لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ یەکشەممەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئاسمان سارد و نیمچە هەور دەبێت؛ لەسەر لووتکەی شاخە بەرزەکان و هەندێ ناوچەی جیادا، لە کاتی بوونی هەر جۆرە دابارینێک بەشێوەی بەفر دەبێت. لە شەودا شەختە دروست دەبێت".
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کەشوهەوای سبەی دووشەممە کردووە و رایگەیاندووە، "کەش سارد دەبێت لەگەڵ دروستبوونی شەختە لە کاتەکانی بەیانی و بوونی هەور لە ناوچە شاخاوییەکان".
 
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسیی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ شەپۆلی سەرما گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ، دووشەممە و سێشەممە چەقەکی سەرماکە دەبێت".
 
بە گوتەی ئەو کەشناسە، لە سێ رۆژی داهاتوودا و بەتایبەت لە شەوان و بەرەبەیان، پلەی گەرما ژێر سفر دەبێت. گوتیشی: "لە زۆرینەی ناوچەکان شەوان رێگەکان دەیبەستێت".
 
شاڵاو هیدایەت دەڵێت، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە شەپۆلەکە لاواز دەبێت و هەینی پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە. 
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کورستان، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما "چەند پلەیەک" دادەبەزێت و سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ یەک بۆ دوو پلەی دیکە دادەبەزێت.
 
هەر ئەمڕۆ، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "بۆ ئەمشەو و بەرەبەیانی سبەی، نزمترین پلەی گەرما لە سنووری پارێزگای هەولێر 4 پلەی سیلیزی ژێر سفر دەبێت و بەرزترینیش 3 پلەی سیلیزی دەبێت. هەروەها لە سلێمانی پلەی گەرما لە نێوان یەک پلەی ژێر سفر بۆ 8 پلەی ژێر سفر دەبێت."
 
ئەو شارەزایەی کەشناسی گوتیشی، "لە هەڵەبجە بەرزترین پلە سفر پلە دەبێت و نزمترین 9 پلە ژێر سفر دەبێت، لە دهۆک نزمترین 6 پلە ژێر سفر و بەرزترین دوو پلە دەبێت و  لە کەرکووک نزمترین پلە سێ پلە ژێر سفر و بەرزترین پلەش چوار پلەی سیلیزی دەبێت".
 
لەبارەی نزمترین پلەی گەرما کە لە هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێت، ئەو کەشناسە گوتی: "لە دەڤەری باڵەکایەتی 19 پلەی سیلیزی ژێر سفر تۆمار دەکرێت و لە پێنجوێنێش 17 پلەی سیلیزی ژێر سفر نزمترین پلە دەبێت".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: سێ پلەی سیلیزی
سلێمانی: یەک پلەی سیلیزی
دهۆک: سفر پلەی سیلیزی
کەرکووک: 4 پلەی سیلیزی
زاخۆ: سفر پلەی سیلیزی
گەرمیان: 5 پلەی سیلیزی

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە