رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لەبارەی بڕیاری سزادانی بە زیاتر لە ملیارێک دۆلاری ئەمریکی دەڵێت، لەئێستاوە هەموو بژاردەکان لەبەرچاودەگرن، لەوانەش هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە. کۆمپانیاکە دەڵێت "ئەم کێشەیە تەنیا بابەتێکی تایبەتییە لەنێوان خاوەن پشکەکانی پێشوو و ئێستای کۆمپانیاکە".
رۆژی سێشەممە 21-3-2023 دادگای دادی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی سکاڵایەکی لە دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم یەکلاکردەوە و تێدا بڕیاریدا بە سزادانی کۆمپانیاکە بە بڕی یەک ملیار و 650 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.
ئەو بڕیارەی دادگا دوای سکاڵایەکی کۆمپانیای عێراق تیلیکۆم (ئیماراتی) و کۆمپانیای ئینتەرناشناڵ هۆڵدینگ کە سەر بە کۆمپانیای ئەجێلیتییە هات. هەردوو کۆمپانیا سکاڵایان لە دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و خاوەنی پشکی سەرەکی کۆمپانیاکە سیروان بارزانی بوو. بەتۆمەتی ئەوەی بووەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی وەبەرهێنانی ئەو دوو کۆمپانیایە، بەبڕی 810 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ سوودی کۆڕەک تیلیکۆم.
دادگای دادی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی سەر بە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتییە و لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسایە. دادگاکە کاردەکات بۆ یەکلاییکردنەوە و نێوبژیوانیکردنی دۆسیەی سکاڵای نێوان کۆمپانیاکان
دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن دوو کۆمپانیای ناوبراو، دادگای دادی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی سەرجەم داواکارییەکانی "تیلیکۆمی ئیماراتی و ئینتەرناشناڵی" پەسندکرد و سزای دارایی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی دا.
رۆژی چوارشەممە 22-03-2023 کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لەبارەی سزاکەیانەوە لەلایەن دادگای دادی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە ئاراستەی کراون و رایگەیاند: "ئێمە لەئێستاوە هەموو بژاردەکان لەبەرچاو دەگرین، لەوانەش هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە، دڵنیاتان دەکەینەوە کە ئەم کێشەیە تەنیا بابەتێکی تایبەتییە لەنێوان خاوەن پشکەکانی پێشوو و ئێستای کۆمپانیاکە".
کۆڕەک تیلیکۆم دڵنیایی بە بەشداربووانی داوە کە بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان و دەڵێت "بەشداربووان ئاگاداردەکەینەوە، وەک هەمیشە بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتگیر بۆ هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق".
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم پابەندی خۆی بەیاسا راگەیاندووە و دەڵێت "ئەم بڕیارە بەهیچ شێوەیەک کاریگەریی لەسەر چالاکی و خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکەمان نییە. ئێمە، لە کۆڕەک تیلیکۆم بە تەواوی پابەندین بە پاراستنی یاسا و رێساکان و مافەکانی هەموو لایەک".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ