رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رێکار و دیزاینی نوێی یەکپۆشی جلوبەرگی ناوەندەکانی خوێندنی بۆ ساڵی 2026-2027 راگەیاند و گوتی، هیچ لایەنێک بۆی نییە بازاڕی جلوبەرگەکە قۆرخ بکات.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "وەزارەتی پەروەردە رێکارەکانی ساڵی خوێندنی 2026-2027ـی بۆ یەکپۆشی جلوبەرگی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی پەسند کردووە. پڕۆسەی دیزاینکردن و هەڵبژاردنی جلەکان تەواو بووە و ئەم پڕۆژەیە لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو پۆلی 12ـی ئامادەیی دەگرێتەوە."
وەزیری پەروەردە گوتی، کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی بازرگانان، ساڵێک پێش ئێستا لە 23-4-2025 وەزارەت گشتاندنێکی کردبوو بۆ ئەوەی هەموو لایەک ئاگادار بن کە جلوبەرگی ساڵی 2026-2027 دەگۆڕدرێت، تاوەکو بازرگانان بۆ ئەم ساڵ جلی زۆر نەهێنن و تووشی زیان نەبن.
ئالان حەمە سەعید دڵنیایی دایە بازرگانان و خێزانەکان کە "هیچ قۆرخکارییەک لەم بابەتەدا نییە. ئەم کارە بۆ هیچ دووکان و کۆمپانیایەک قۆرخ نەکراوە و هەموو کەسێک مافی هەیە بەپێی ئەو دیزاینەی دانراوە جلوبەرگەکە بەرهەم بهێنێت یان بیهێنێت، دایک و باوک ئازادن لە کوێ دەیکڕن".
وەزیری پەروەردە بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی ئاگادار کردەوە و رایگەیاند: "هیچ بەڕێوەبەرێکی قوتابخانە مافی نییە دایک و باوکی قوتابی ناچار بکات یان ئاراستەیان بکات بۆ کڕینی جلوبەرگ لە دووکان یان کۆمپانیایەکی دیاریکراو. تەنیا لۆگۆی وەزارەتی پەروەردە لەسەر جلەکان دەبێت و هیچ قوتابییەکیش ناچار ناکرێت کە قەمسەڵە یان جلی وەرزشیی دیاریکراو بکڕێت".
رەگەز رەشید سەبری، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پەروەردە، وردەکاریی رەنگەکانی بەم شێوەیە خستەڕوو.
رەنگی جلوبەرگەکان بەپێی قۆناخەکان:
- باخچەی منداڵان: تیشێرتی پرتەقاڵی و پانتۆڵی نیلی (بۆ کچ و کوڕ).
- قۆناخی بنەڕەتی (1 تاوەکو 6): تیشێرتی مارۆنی، لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنوورەی نیلی بۆ کچ ، بۆ کوڕیش تیشێرتی مارۆنی، لەگەڵ پانتۆڵی نیلی
- قۆناخی بنەڕەتی (7، 8 و 9): تیشێرتی نیلی، لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنوورەی رەساسی
(بۆ کچ و کوڕ).
- قۆناخی ئامادەیی (10، 11 و 12): تیشێرتی رەساسی، لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنوورەی رەش
(بۆ کچ و کوڕ).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ