رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی مانگە دەستکردەکانی ئاژانسی کەشناسی یەکێتیی ئەورووپا (کۆپەرنیکۆس)، تێکڕای پلەی گەرمای هەولێر لە ئاداری ئەمساڵدا 12 پلەی سیلیزی بوو لە کاتێکدا هەمان مانگی پار 17.3 پلە بوو. گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەمساڵ باران زیاتر بووە بەڵام کەمکردنەوەی پێکردنی مۆلیدەکان، دروستکردنی پۆندەکان و چاودێری کارگەکان کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی گازە گەرمکەرەکان و زیادبوونی باران هەبووە.
کۆپەرنیکۆس لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە چاودێریی پلەی گەرمی و چەندین دیاردەی ژینگەیی دەکات لە جیهاندا و زۆرترین سەرنجی لەسەر وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپایە.
بەگوێرەی ئامارەکانیان، 1ی ئاداری ئەمساڵ لە بەرزی دوو مەتردا پلەی گەرما لە هەولێر 7.2 پلەی سیلیزی بوو، بەڵام هەمان پار رۆژی مانگ 7.5 پلە بوو. 1ی ئادار لە هەردوو ساڵەکەدا ساردترین رۆژی مانگەکە بوو.
هەروەها، لە هەمان بەرزیدا رۆژی 15ی ئاداری ئەمساڵ پلەی گەرمی شارەکە 15.2 پلەی سیلیزی بوو لە کاتێکدا 29ی ئاداری پار 23 پلەی سیلیزی بوو. 15ی ئادار گەرمترین رۆژی ئاداری ئەمساڵ و 29ی ئاداریش گەرمترین رۆژی ئاداری پار بوون.
دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان: پێویستە هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بەردەوام بن
سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەم دابەزینەی پلەی گەرما بەراورد بە پار بە رووداوی راگەیاند، "ئەوە بەشێکی پەیوەندی بە گۆڕانی کەشوهەوا و وەرزەکانەوە هەیە. ساڵ هەیە وەرزێک درێژتر و وەرزێکی دیکە کورتتر دەبێت".
ئەو لەبارەی هۆکاری ئەو دابەزینە گوتی، "بەشێکی دابەزینەکە بەهۆی کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە موەلیدەکان و چاودێریکردنی کارگەکانەوە هەیە کە بوونەتەهۆی کەمبوونەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان"؛ دەشڵێت، دروستکردنی بەناو و پۆندەکانیش بوونەتە هۆی دروستبوونی شێ و ئەمەش کاریگەری لەسەر دابەزینی پلەی گەرمی و زیادبوونی باران هەبووە.
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە خۆگونجاندن و کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان باشتر جێبەجێبکات بۆ رێگری لە گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی.
هەردوو بەڵگەنامەکە نێودەوڵەتین و لەلایەن رێکخراوەکانەوە بۆ وڵاتان پێشنیاز دەکرێن بۆ ئەوەی رێگری لە گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئاستی جیهان بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ