رووداو دیجیتاڵ
وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت دەڵێت، سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ دەرەوە بەرەو چارەسەربوون دەڕۆن و تەنیا وەڵامی تورکیا ماوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسییەی نەوت "باشە."
رۆژی سێشەممە 23-5-2023، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت لەبارەی کاتی دەستپێکردنەوەی نەوتی کوردستان کە لە رۆژی 25ـی ئاداری ئەمساڵەوە بە کاریگەریی بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی پاریس راگیراوە، رایگەیاند، "پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر دۆسییەی نەوت بەرز دەنرخێنین."
وەک کەمال محەممەد دەڵێت، "پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، سەرجەم کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بەرەو چارەسەربوون دەڕۆن و تەنیا لایەنی توركیا ماوە وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بداتەوە."
لە 25ـی ئادارەوە و بە کاریگەریی بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرا، بەپێی رەشنووسی بودجەی عێراق، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، بەو پێیە زیانەکانی بەر عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتوون لەماوەی 38 رۆژی راگرتنی نەوتەکە زیاتر لە یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دەبێت.
ئەو قسانەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت دوای پێشوازیکردنی وەزیر لە تۆركیلد بیوگ، نێردەی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەكانی یەكێتییەكە لە هەولێر هات.
ئەوان لە دیدارێكدا باسیان لە هەنگاوەكانی پشتبەستن بە بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خاوێن و وزە نوێبووەكان و دانانی وێستگەی بارگاویكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی لە هەرێمی کوردستان كرد.
کەمال محەممەد ساڵح، کە وەزیری کارەباشە، لەبارەی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاند، لە كابینەی نۆیەمدا 1928 مێگاوات كارەبا بە شێوازی ژینگەپارێزی بەرهەمدەهێنرێت و دەکاتە رێژەی 79%ی سەرجەم بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستاندا، ئامادەیی وەزارەتی كارەباشی بۆ پێدانی مۆڵەت و كارئاسانی بۆ ئەو كەسانە پیشاندا کە دەیانەوێت وێستگەی بارگراویكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی لە شارەكانی كوردستان دابمەزرێنن خستەڕوو.
نێردەی یەكێتیی ئەوروپا هەوڵەكانی وەزارەتی کارەبای بۆ پاراستنی ژینگە و رێگرتن لە گۆڕانكاری كەشوهەوا بەرز نرخاند و داوایكرد لە رێگەی وێستگەکانی ژینگەپارێزەوە زیاتر گرنگی بە پاراستنی ژینگە بدرێت و كارئاسانیش بۆ زیادكردنی وێستگەكانی تایبەت بە بارگاویكردنی كارەبا بۆ ئۆتۆمبێل بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ