رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە دوو و ساڵ و 7 مانگ لە وەستانی، گەشتی راستەوخۆی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و فڕۆکەخانەی دووسڵدۆرفی ئەڵمانیا دەستی پێکردەوە. بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی دەڵێ، هەفتانە یەک گەشت دەبێ، بەڵام هەوڵی زیادکردنی دەدەن.
رۆژی 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، رێباز محەممەد، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای زیاتر لە 30 مانگ، یەکەم فڕۆکەی گەشتی هێڵی کۆندۆر لە ئەڵمانیاوە هاتە سلێمانی و دواتر گەڕایەوە.
بەپێی خشتەی گەشتەکان، هێڵی کۆندۆر هەفتانە یەک گەشتی چوون و هاتنی لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و دووسڵدۆرف دەبێت. رێباز محەممەد گوتی: "دەمانەوێ گەشتەکان لە داهاتوودا زیاتر بکرێن".
رێباز محەممەد گوتی، لە گفتوگۆدان تاوەکو بتوانن کێبڕكێ لەنێوان هێڵەکاندا دروستبکەن و گەشتە راستەوخۆکانی فڕۆکەخانی سلێمانی بۆ ئەورووپا زیاتر بکەن.
راگرتنی گەشتەکانی هێڵی فڕۆکەوانیی کۆندۆر بۆ سلێمانی بەهۆی بڕیارەکەی تورکیا بوو لە 3ی نیسانی 2023 بۆ داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی ئەو فڕۆکانەی لە سلێمانی دەفڕن یان دەنیشنەوە.
09ـی تشرینی یەکەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی داوای لە رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەڵبگرێ و ئەویش رەزامەندی پیشاندا.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ساڵی 2003 بەردی بناخەی دانرا و لە ساڵی 2005 بە فەرمی کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ