وەزارەتی بازرگانی: دەروازەکانی ئێرانیش دابخرێن، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بازاڕ نابێت

23-06-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هیچ دەروازەیەکی فەرمی لە هەرێمی کوردستان دانەخراوە. باسی لەوەش کرد: "داخستنی دەروازەکانی ئێران هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستان نابێت."
 
رۆژی دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025، نەوزاد شێخ کامیل بە تۆڕی میدیایی راگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆیەک بڵاوبووەوە کە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان داخراون، بەڵام دوورە لە راستی، دەروازە فەرمییەکانی حاجی ئۆمەران، پاشماخ، پەروێزخان و ئیبراهیم خەلیل کراوەن، هاتووچۆی بازرگانی و مەدەنیش بەردەوامە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەگەر دەروازەکانی ئێران و هەرێمی کوردستانیش دابخرێن، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بازاڕ، خۆراک و کەلوپەل نابێت، چونکە زیاتر لە ئێران سەوزە، میوە و پێداویستیی بیناسازی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، نەک خۆراکە سەرەکییەکان."
 
لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕدا، نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت، کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار کردووە، تاوەکو هەموویان پێداویستیی زیاتر بهێننە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. باسی لەوەش کرد: "لیژنەکان رۆژانە سەردانی بازاڕ دەکەن، لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بە دەیان شوێن لەسەر بەرزکردنەوەی نرخ سزادراون."
 
19ـی حوزەیرانی 2025، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە حاڵەتێکدا ئەگەر دەروازەکان داخران و جەنگەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوو، بەگشتی نرخی بازاڕ گۆڕانکاری بەسەردا هات و بابەتەکە لە دەستی ئەوان نەبوو، ئەوکاتە کێشە نییە، بەڵام بۆ ئێستا نرخی کەلوپەل و خۆراک بەرزبکەنەوە حەرامە."
 
شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بەرەبەیانیی رۆژی 13ـی حوزەیرانەوە دەستی پێکردووە و تاوەکوو ئێستا بەردەوامە.
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە