رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی ئەلبوتوعمە لە پارێزگای سەڵاحەدین، حاجی خەڵەف ساڵح لە تەمەنی 92 ساڵیدا بۆ جاری دووەم چووە نێو ژیانی هاوژینییەوە، دوای دوو ساڵ لە کۆچی دوایی هاوژینی یەکەمی. بووکەخان 49 ساڵە، ئێستا هاوبەشی ژیانیەتی و کوڕەکانیشی دەڵێن، "ئێمە زۆر دڵخۆشین."
دوای دوو هەفتە لە گۆڕینەوەی ئەڵقەی هاوژینی، ماڵی حاجی خەڵەف بووەتە شوێنی پیرۆزبایی خزم و کەسوکاری. حاجی خەڵەف کە باپیری 200 نەوەیە و گەورەترین کوڕی تەمەنی 68 ساڵە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هانی هەموو ئەو کەسانە دەدەم هاوژینییان نەکردووە، با هاوژینی بکەنەوە، چونکە پرۆسەی هاوژینی خزمەتێکە بۆ خۆت و ماڵیی بوونی پیاوە و پەرژینە بۆ خراپەکاری."
حاجی خەڵەف کە 9 کچ و سێ کوڕی هەیە و هەموویان خێزاندارن، پێیوایە هاوسەرگیریی مرۆڤ لە کاری خراپ دوور دەخاتەوە و دەڵێت: "مرۆڤ کە هاوژینی کرد، دەستدرێژی بۆ سەر کەس ناکات. ئەوەی هاوژینی نییە، کەسێکی باش نابێت. بۆیە پرۆسەی هاوژینی مرۆڤ باشتر دەکات."
کوڕەکانی حاجی خەڵەف نەک هەر رێگر نەبوون، بەڵکو پاڵپشتی سەرەکیی باوکیان بوون بۆ ئەم بڕیارە. شاکر خەڵەف، کوڕی حاجی خەڵەف، دەڵێت: "کاتێک دایکمان کۆچی دواییکرد، هەستمان کرد باوکمان بۆشایی زۆری هەیە. ژن بۆ ئێمەی خەڵکی ئەم ناوچەیە، پارێزبەندییە و پەرژینە لە هەموو شتێک. حاجیش بەبێ ژن ئۆقرە ناگرێ. خۆم و برا و خوشکەکانیشم زۆر دڵخۆشین بەوەی باوکمان دیسان هاوسەرگیری کردەوە."
ئەحمەد خەڵەفی کوڕێکی دیکەی تازە زاوایە، هاوسەرگیریی باوکی بە "ئەرکێکی ئەخلاقی و ئایینی" دەزانێت و دەڵێت: "سوپاس بۆ خوا کە توانیمان ئەرکی سەرشانی خۆمان بەجێ بگەیێنین. ئێستا زۆر دڵخۆشین بەوەی حاجی باوکمان هاوژینی کردەوە."
بە گوتەی ئەو ماڵباتە بووکە خان بۆ ئەم هاوسەرگیرییە داوای زێڕی بە بەهای 5 ملیۆن دیناری عێراقی، 10 ملیۆن دینار مارەیی و خانوویەکی جیای کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ