رووداو - سلێمانی
لە هەولێر مەراسیمێک بۆ ماڵئاوایی لە تەرمى پڕۆفیسیۆر د. کەمال مەزهەر کرا و لە سلێمانى پارێزگار و بەرپرسانى شار چوونە پێشوازىی تەرمەکەى. لە ئەڵمانیا کفن و دفن و مەراسیمى ئایینىی بۆ کرابوو، بۆیە لە مزگەوتى ئەحمەدى حاجى عەلى لە سلێمانى تەنیا نوێژى لەسەر کرا.
پێنج ساڵ زیاترە د. کەمال مەزهەر تووشى چەند نەخۆشییەک بووە، کاریگەرترینیان لەبیرچوونەوە بوو.
کامەران جەمال، پوورزاى د. کەمال مەزهەر گوتی "د. کەمال پێش چەند مانگێک کە گەڕابووەوە بۆ ماڵەوە لە سلێمانى، دەرگاى حەوشەکەیان کەوتبوو بەسەریدا، ئیدی تووشى خوێنبەربوونى سەری کرد، دواتر ناردیان بۆ ئەڵمانیا تاوەکو دواجار لەوێ گیانى لەدەستدا".
د. کەمال مێژوونووس، زنمانزان و زانایەکى نێودارى کورد بوو، کە زیاتر لە نیو سەدە خزمەت و رۆڵى هەبووە.
حەمەڕەشید هەرەس، هاوڕێى د. کەمال مەزهەر ئاماژە بەوە دەکات "لە سەردەمى 11ى ئازار من و دکتۆر کەمال یەکمان ناسى، هەردووکمان پێشمەرگەى ئەیلوول بووین، ئەو بەڕێوەبەرى ئێزگەى دەنگى کوردستان بوو".
دەیان پەرتووکى نووسراو و وەرگێڕانى بە سێ زمانى کوردى، عەرەبى و رووسى هەن، دۆستەکانى دەڵێن مردنى د. کەمال مەزهەر بۆشایی بۆ مێژووى کورد جێدەهێڵیت.
مومتاز حەیدەرى، هاوڕێى د. کەمال مەزهەر باسی لەوە کرد "شەرەفخانى بەدلیسى، حوزنى موکریانى، ئەمین زەکى بەگ و د. کەمال مەزهەر، چوار کۆڵەکەى کوردن کە دەبێت بەرهەمەکانیان بەرز بنرخێنرێن و زانکۆیان بەناوەوە بکرێت".
دوایین هەوڵى کۆچکردوو، نووسینى پەرتووکێک بوو دەربارەى کوردستانیبوونى کەرکووک لە بەڵگەنامەکانى بەریتانیادا، خەرمانێکى پڕ زانیاری کە کەسوکارەکەى بەڵێنیان دا بیگەیێننە بەر رۆشنایی بڵاوکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ