ئەو کوڕ و کچەی لە سلێمانی سەمایان کرد: داوای لێبووردن دەکەین و هیچ مەبەستێکمان نەبووە

24-04-2021
هۆرڤان رەفعەت
چیرۆی محەممەد و تیفانی
چیرۆی محەممەد و تیفانی
نیشانەکردن سەماکردن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوو گەنج، بە سەما و لێکئاڵان لە شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی کاردانەوەیەکی زۆریان دروستکرد، یار و نەیاری ئەو کارە دەنگیان هەڵبڕی، کاردانەوەی نەیارەکان زۆرترە، بەو پێیەی سەمای ئەو دوو گەنجە لە مانگێکدابوو کە لەلای موسڵمانان پیرۆزە. ئەو دوو گەنجە بە رووداویان گوت، کارەکەیان لەناکاو بووە و پلان بۆداڕێژراو نەبووە. "رێزیش لە هەمووان دەگرین." کوڕەکەش کە ناوی محەممەدە گوتی، "ئێمە داوای لێبووردن دەکەین."
 
نوێترین کاردانەوە، هەڵوێستی ژمارەیەک پارێزەربوو دژی سەماکردنەکەی شەوی هەینی لە شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی. ئەوان پێیان وایە ئەو سەماکردنە لە مانگی رەمەزان دووربووە لە ئاکاری کۆمەڵگەی کوردی، کە زۆرینە موسڵمانە و رێزیان بۆ ئەو مانگە دانەناوە.
 
سۆزان حسێن، پارێزەرە و داوای لێپێچینەوە لەو رووداوە دەکات. ئەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەقامی سەهۆڵەکە شەقامێکی گشتییە و من خۆم و خێزانەکەم دەیان جار هاتووینەتە سەهۆڵەکە و بە شەو و رۆژ چا و شەربەتمان خواردووە و هەموو خەڵک دێتە ئەوێ بۆ پیاسەکردن، هیچ رەوا نییە لەو شوێنە گشتییە ئەو کارە بکرێت، ئەوەی تێکدانی شیرازەی رەوشتی کۆمەڵەگەیە و زیان بە گەنج و لاوەکانمان دەگەیێنێت."
 
لە بەرامبەریشدا خەڵکانێکی دیکە سەماکردنەکەیان بەلاوە ئاساییە و پێیان وایە دەچێتە چوارچێوەی ئازادیی تاک و سەماکەش نزیکە لە شایی و سەمای کوردی.
 
ئاڵا هۆشیار، رۆژنامەڤان و دەرهێنەرە، ئەو باسی لەوەکرد، "پێناسەیەکی دیاریکراو نییە بۆ ئاکاری گشتی و ئاکاری کۆمەڵایەتی، ئەو رووداوە شتێکی ئاسایی بووە و پلان بۆ داڕێژراو نەبووە، دوو منداڵ بوون هاتوون سەمایان کردووە، ئەوان گەشتیار بوون، خەڵکی ئێمە پێی خۆشە گەشتیار بێتە شارەکەی و پارە خەرج بکات، بەڵام بە لایەوە سەیرە ئەگەر گەشتیارێک بێت سەمایەک بکات."
 
دوو گەنجەکە بە بنەچە عەرەبی خەڵکی سووریا و عێراقن، ساڵانێکی زۆر لە دەرەوەی وڵاتەکانیان ژیاون و هەردووکیان سەماکارن. محەممەد خالید سەرەتا فێری سەما بووە و تیفانیش یەکەم خوێندکاری بووە لە هەولێر. ئەوان لەدوای ئەنجامدانی سەماکە چەپڵەیان بۆ لێدراوە، بەڵام دواتر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕبوون لە جنێو و هێرش لە دژیان.
 
تیفانی خووری، ناوی کچە سەماکارەکەیە، ئەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "من و محەممەدی هاوڕێم خاوەنی سەنتەرێکین بۆ فێرکردنی سەماکردنی ئەکادیمی لە هەولێر، ئێمە وانەی سەما دەڵێینەوە بۆ هەر کەسێک کە حەزی پێ بکات، پێشتر لە هەولێر و دهۆکیش دانسمان لە شوێنی گشتی کردبوو، بۆ ئەوەی سلێمانی پلانی پێشوەختەمان نەبوو بەڵکو هەر بەڕێکەوت لەو قاوەخانەیە دانیشتبووین و گوێمان لەو گۆرانییە بوو و بڕیارمان دا سەما بکەین."
 
محەممەد خالیدیش کە خەڵکی عێراقە بەڵام نەیویست ناوی ئەو شارە ئاشکرا بکات کە لێی لەدایکبووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر کەسێک وابیری کردبێتەوە کە ئێمە دژایەتی ئایینمان کردووە یان بۆ دژایەتی شتێک ئەوەمان کردووە، ئەوە ئێمە زۆر داوای لێبووردن دەکەین، ئێمە هیچ مەبەستێکمان نەبووە و نەمانویستووە سوکایەتی بە هیچ ئایین و بیروباوەڕێک بکەین ئەوەی ئێمە کردمان تەنیا هونەرێک بوو نەک زیاتر."
 
محممەد و تیفانی دوای سەماکردنەکە داوای لێبووردنیان کرد، بەڵام کاردانەوەکان بەشێوەیەک بوون، کە ئەو قاوەخانەیەی سەماکەی لەبەردەم کراوە تاوەکو زیاتر لە 20 کاژێر لەدوای رووداوەکە خاوەنەکەی نەیتوانیوە بیکاتەوە و لەلایەن پۆلیسیشەوە بانگکراوە بۆ لێپێچینەوە.
 
شەوی شەممەش بەشێک لە موسڵمانان نوێژی تەراویحیان لە بەردەم ئەو قاوەخانەیەدا کرد. 
 
ئەو دوو سەماکەرە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات بەشداربوون و روونکردنەوەیان دا، ئەوان گوتیان پێشتر لە فامیلی مۆڵی دهۆکیش سەمایان کردووە و ڤیدیۆیشیان تۆمارکردووە. هاوکات لە رۆژی ڤالانتاینیش سەمایان کردووە. لەبارەی کاردانەوەی خەڵکیش محەممەد خالید گوتی، "ئەوە نەبوو کە پلانمان هەبێت و ئازاری کەسێک بدەین، تەنیا رێککەوتێک بوو."
 
تیفانیش خەمگینە لەبەرامبەر کاردانەوەکانی خەڵک، "بەتایبەتیی نەوەی نوێ". محەممەدیش دەڵێت، ئەوان تەنیا دانسیان کردووە. "ئێمە رێزی هەمووان دەگرین ئەگەر سەر بە هەر گرووپێکیش بن.. مەبەستی ئێمەش بڵاوکردنەوەی خۆشەویستی و ئاشتییە، ئامانجی سەماکەش هەر بۆ ئەوە بووە."
 
بێستوون عوسمان لەو دوو گەنجەی پرسی، هیچ پەیامێکتان هەیە بۆ کۆمەڵگە لە رێگەی سەماکردنەوە بیگەیێنن؟ تیفانی وەڵامی دایەوە کە "بەڵێ، پەیامی ئێمە ئاشتی و خۆشەویستییە." محەممەدیش گوتی، "من سەمام خۆشدەوێت، سەما ئەوەیە لە رێگەی جەستەوە گوزارشت بدەی بە میوزیک.. بینەریش هەست بەوە دەکات بۆیە خەڵکێکی زۆر ئێمەیان خۆش دەوێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارێکی سووریا لە تانکەکەیەوە هاتووەتە دەرەوە.

بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک سەرکردە و گرووپی چەکداریی سووریا دا سەپاند

حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 6 کەسایەتی و 3 گرووپی چەکداریی سووریادا سەپاند، لەنێویاندا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو و بازرگانانی نزیک لە حکومەتی بەشار ئەسەد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە "سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل و تووندوتیژیی تائیفی".