ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی: نابێ پۆستەکان رێگربن لەبەردەم پێکهێنانی حکومەت

24-04-2025
پەیمان محەممەد
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران.
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ یەکێتی دەگەنە رێککەوتن؛ گوتیشی، ''پێمانوایە نابێت پۆستەکان ببنە رێگر لە بەردەم رێککەوتن''.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-04-2025، هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی 11ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەراوێزی رێوڕەسمی ساڵیادی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ لە 24-4-1974، لەبارەی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قسەی بۆ ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی روودا کرد.
 
هیوا گەیلانی رایگەیاند، ''وەکو پارتی هەوڵێکی باشمان هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت، هەروەها گەشبینین لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگەینە رێککەوتن.''
 
پێشتر چەند گەڕێکی دانوستاندن لەنێوان شاندی دانوستاندنی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەڕێوەچووە و هەردوولا ئاماژە بەوە دەکەن، ''بەرەوپێشچوونی باش'' لە گفتوگۆکان هەیە.
 
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان گوتی، حیزبەکەی داوای هیچ پۆستێکی نەکردووە، ''زۆر جار باس لەوە دەکرێت پارتی داوای پۆستە سیادییەکان دەکات، ئەوە ئێمە نین، بەڵکو ئەوە نەریتی هەڵبژاردنە و یاسایە کە کێ براوەی یەکەم بێت، پۆستی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لای ئەوان بێت.'' گوتیشی، ''ئەوە دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانن ئێمەیان هەڵبژاردووە کە لەم قۆناخەدا، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی حکومەت وەربگرین''.
 
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی جەختی لەوە کردەوە، ''وەک جەنابی سەرۆک بە ئاشکرا رایگەیاندووە، ئەوە گرنگە خاوەنی یەک هەرێم، یەک پەرلەمان و یەک حکومەت بین، بۆیە پێمانوایە نابێت پۆستەکان ببنە رێگر لە بەردەم رێککەوتندا.''
 
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ى تشرینى یەکەمی 2024 کرا. پارتى 39 کورسی و یەکێتى 23 کورسی بەدەستهێنا، لەدوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ، هێشتا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکنەکەوتوون.
 
''دەکرێ بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەین''
 
هیوا گەیلانی باسی لە ئەگەری یەکلیستی یەکێتی و پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کرد و گوتی، ''ئەوەندەی من ئاگادار بم، ئەم بابەتە یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام بابەتێکی جێگەی گفتوگۆیە.''
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025ـی وەک رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریکردووە. 
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە دەڤەری بەرواری باڵا، یەکێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای دهۆک

گەشتوگوزاری دهۆک: بە کشانەوەی پەکەکە کەرتی گەشتیاری زیاتر دەبووژێتەوە

ساڵانە بە نزیکەی 2.5 ملیۆن گەشتیار لە نێوخۆی عێراق و دەرەوە سەردانی سنووری پارێزگای دهۆک دەکەن. بە گوتەی شەماڵ هرووی، "ئارامی سنوور و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە چۆڵکراوەکان، دەبێتە هۆی پەلکێشکردنی گەشتیاری زیاتر."