رووداو - هەولێر
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی لەبارەی قوتابییە باڵاپۆشەکە بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت: "بردنەدواوەى قوتابییەکە هیچ پەیوەندى بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبووە".
ئەمڕۆ دووشەممە 24-6-2019 لیژنەى رێکخستنى مەراسیمى راگەیاندنى ئەنجامى ئەزموونە گشتییەکان روونکردنەوەیەکی لەبارەی کچە باڵاپۆشەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بەداخەوە کۆمەڵێک کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بۆ مەبەستێکى دیاریکراو، کەوتوونەتە تەقە و پڕوپاگەندەى ناڕاست و نەشیاو لەسەر دیمەنێکى مەراسیمەکە کە گوایە قوتابییەکى باڵاپۆش خراوەتە دواوە".
لە بەشێکی روونکردنەوەکەدا هاتووە: "بردنەدواوەى قوتابییەکە هیچ پەیوەندى بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبووە، بەڵکو لە رێکخستنى یەکەم و دووەم و سێیەمەکانى ئاستى هەرێم و لە چوارچێوەى ریزبەندى، داوا لە سێیەمەکان کراوە بچنە پشتەوە و دووەمەکان لە رێزى دووەم و یەکەمەکانیش لە پێشەوە بووەستن، ئەم قوتابییەش ئاستى دووەمى بە دەستهێنا بوو، بۆیە برایە ریزی دووەم. ئەگەر ئێمە هەر نیەتێکى دیکەمان هەبوایە ئەوا هەر لە سەرەتاو بە مەرج بانگهێشتمان دەکرد".
پێشتر یەكێتی قوتابیانی كوردستان سەبارەت بە ''كەموكوڕییەكانی رێوڕەسمی راگەیاندنی ئەنجامی ئەزموونە گشتییەكان'' بەیاننامەیەکی بڵاوکردبوویەوە و رایگەیاندبوو: "لەو رێوڕەسمەدا وێڕای بوونی كەموكوڕی زۆر و شپرزەیی لە شێوازی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكە، بە شێوازێكی نەشیاو مامەڵە لەگەڵ كچە قوتابییەكی دەرچوو كرا. ئێمە لە یەكێتی قوتابیانی كوردستان، ئەو رەفتارە بەپێشێلكردنی ماف و ئازادییەكانی تاك دەزانین و ئەو مامەڵەیە بە ھیچ شێوەیەك لەگەڵ بەھا بەرزەكانی فرەیی و پێكەوەژیان و ئازادی تاك كە ھەمیشە لە كوردستان جێگای شانازییە، یەكناگرێتەوە".
دەقی روونکردنەوەکە
بەداخەوە کۆمەڵێک کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بۆ مەبەستێکى دیاریکراو، کەوتوونەتە تەقەو پڕوپاگەندەى ناڕاست و نەشیاو لەسەر دیمەنێکى مەراسیمەکە کە گوایە "قوتابییەکى باڵاپۆش" خراوەتە دواوە.
بۆ بەرچاوڕوونى هەمووان ڕایدەگەیێنین کە بردنەدواوەى قوتابییەکە هیچ پەیوەندى بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبووە، بەڵکو لە ڕێکخستنى یەکەم و دووەم و سێیەمەکانى ئاستى هەرێم و لە چوارچێوەى ڕیزبەندى، داوا لە سێیەمەکان کراوە بچنە پشتەوە و دووەمەکان لە ڕێزى دووەم و یەکەمەکانیش لە پێشەوە بووەستن، ئەم قوتابییەش ئاستى دووەمى بە دەست هێنا بوو، بۆیە برایە ڕیزی دووەم. ئەگەر ئێمە هەر نیەتێکى دیکەمان هەبوایە ئەوا هەر لە سەرەتاو بە مەرج بانگهێشتمان دەکرد.
ئەم پروپاگەندانە هەوڵێکە بۆ شاردنەوەى ئەو سەرکەوتنەى پڕۆسەى ئەزموونەکانى ئەمساڵ کە ئاستى دەرچوون بە بەراوردى ساڵى ڕابردوو، دوو بەرامبەرە.
ئێمە لە وەزارەتى پەروەردە لە ئەمڕۆوە ڕێکارى یاسایى بەرامبەر هەر ناوزڕان و تەشهیرێک دەگرینەبەر و سکاڵاى لەسەر تۆمار دەکەین.
لیژنەى ڕێکخستنى مەراسیمى
ڕاگەیاندنى ئەنجامى ئەزموونە گشتییەکان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ