رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت ئەگەر 7 رۆژ جارێک دوو کاژێر ئاو بۆ ماڵان لە چەمچەماڵ بەربدرێتەوە ئەوا سوپاسی خودا دەکەین و داواکارین پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە لەسەر داهاتی سلێمانی جێبەجێ نەکرێت چونکە ئەگەر تێچووەکەی بخرێتە سەر داهاتی سلێمانی ئەوا پرۆژەکە تووشی کێشە دەبێت و جێبەجێ ناکرێت بەهۆی قەیرانی نەختینەوە لە بانکەکان.
رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ بە تکاکردن بڕیاری لێدراوە و پێشتر بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە پرۆژەکە جێبەجێنەکرا، تەنیا فەرمانی بۆ دەرکرابوو و هیچ بڕە پارەیەکی بۆ تەرخان نەکرابوو."
گوتیشی: چەمچەماڵ گەورەترین قەزای هەرێمی کوردستانە و 46٪ی رووبەری پارێزگای سلێمانی پێکدەهێنێت، ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 300 هەزار کەسە و لەو ژمارەیەش 200 هەزار کەسیان بەدەست قەیرانی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنن.
"ساڵ هەبووە 18 رۆژ جارێک 2 کاژێر ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵان بەردراوەتەوە لە چەمچەماڵ" رەمک رەمەزان وای گوت.
گوتیشی: ئێستا ئەگەر 7 رۆژ جارێک بتوانین ئاو بۆ ماڵان دابینبکەین ئەوا سوپاسی خودا دەکەین.
بە گوتەی قایمقامی چەمچەماڵ، قەزاکەیان لە 24 کاژێردا پێویستی بە 60 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە هەیە، بەڵام ئێستا لەگەڵ ناوچەی بازیانیش تەنیا 30 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەیان پێدەگات ئەوەش بووەتە هۆی سەرچاوەی قەیرانی گەورە بۆ هاونیشتمانییان.
ئەو گوتانەی قایمقامی چەمچەماڵ لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ دووشەممە، 24-6-2024، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: گرێبەستی "پڕۆژەی دیزاینکردن و جێبەجێکردن و کار پێکردنی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ واژۆکرا کە گوژمەی پڕۆژەکە 78 ملیۆن دۆلارە و ماوەی تەواوکردنشی 730 ڕۆژە.
لەوبارەیەوە قایمقامی چەمچەماڵ لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: ئێمە تێبینیمان لەبارەی گوژمەی پرۆژەکە هەیە، تێبینییەکەش ئەوەیە کە حکومەتی عێراق کارکردنی بە دۆلار راگرتووە بەڵام گوژمەی ئەم پرۆژەیە بە دۆلار دانراوە نەک بە دینار و مەترسیمان هەیە ئەوە ببێتە گرفت لەبەردەمی جێبەجێکردنی پرۆژەکە.
گوتیشی: خوازیاریشین بودجەی پرۆژەکە لەسەر داهاتی سلێمانی نەبێت چونکە ئەگەر بخرێتە سەر داهاتی سلێمانی ئەوا تووشی قەیرانی نەختینە دەبێت و ناتوانرێت پارە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار تەرخان بکرێت و سەرئەنجام پرۆژەکە جێبەجێناکرێت.
12ـی ئەم مانگەش قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی تەکیە و شۆڕش کە دانیشتووانەکەیان دەگاتە 200 هەزار کەس، 12 رۆژە ئاوی خواردنەوە نەدراوە و ئاو نییە، ئەوەش مەترسیی قەیرانی مرۆیی دروستکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ