کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێن بە دەرهێنانی ناسنامەی باجی عێراقی

24-07-2025
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
وردەکاریی بڕیارەکەی عێراق
وردەکاریی بڕیارەکەی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی گشتیی گومرگی عێراق ئەو کۆمپانیا بازرگانییانەی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە کە لە بەندەر و خاڵە سنوورییەکانی عێراقەوە خۆراک و کەلوپەل هاوردە دەکەن، پێویستە ناسنامەی باج لە حکومەتی فیدراڵی وەربگرن.
 
بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2025 وەک دوایین مۆڵەت دیاری کراوە.
 
سەرەڕای ئەو بڕیارە، میکانیزمێک بۆ دانپێدانانی باجی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دانراوە. هیوا عەبدوڵڵا، خاوەنی کۆمپانیای هێنان بۆ بازرگانیی خۆراک، روونی دەکاتەوە کە هەر کۆمپانیایەک پاکتاوی باجی ساڵانەی هەرێمی کوردستان بباتە بەغدا، دانی پێدا دەنرێت و بەبێ وەرگرتنی هیچ باجێکی دیکە، دەتوانێت لە بەندەرە ئاوی و وشکانییەکانی عێراقەوە کەلوپەلەکانی هاوردە بکات.
 
ئێستا بەشێک لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان، لە رێگەی کۆمپانیای دیکەوە وەک بریکار کار دەکەن کە پاکتاوی باجیان کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن خۆراک و کەلوپەلەکانیان لە بەندەرەکانی عێراقەوە بهێننە ناوەوە، ئەمەش بە گوتەی دکتۆر حامی هەرکی، خاوەنی کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی.
 
بڕیارە نوێیەکەی دەستەی گومرگی عێراق، کۆمپانیاکان ناچار دەکات کە ئەگەر باجی ساڵانەیان لە هەرێمی کوردستان نەدابێت، ئەوا دەبێت راستەوخۆ باج بە حکومەتی عێراق بدەن. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی هەموو وڵات یەک سیستەمی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان پەیڕەو بکرێت.
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "پێویستە رێکارەکان لەنێوان ناوەند و هەرێم یەکبخرێن. سەبارەت بە باجی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، ئێمە لە چوارچێوەی یەک حکومەتدا کار دەکەین و پێویستە کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەوە چارەسەر بکەین. پێم وایە یەکخستنی رێکاری تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، تا رادەیەکی زۆر کاریگەریی لەسەر نەهێشتنی وەرگرتنی باجی دووبارە دەبێت."
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان، ئێستا نزیکەی حەوت هەزار و 782 کۆمپانیای بازرگانیی گشتی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

 

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4340 دۆلارە

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ دووەم هەفتەی لەسەر یەک بەرزبووەوە و نزیکبووەتەوە لەو ئاستە پێوانەییەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو تۆماری کردبوو.