ئاگرەکەی هەڵەبجە بژێویی دەیان خێزان و ژینگەی چەندین گوندی سووتاند

24-08-2025
سازگار سەڵاح
سووتانی دارێکی بەتەمەن بەهۆی ئاگرەکەوە
سووتانی دارێکی بەتەمەن بەهۆی ئاگرەکەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئاگرەکەی ناوچەی کۆکۆیی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، زیانێکی زۆری بە ژینگە و کشتوکاڵی ناوچەکە گەیاندووە و بەرهەمی بنێشتی دەیان هاونیشتمانی و کرێکاری کردووەتە خۆڵەمێش، کە چاوەڕێی داهاتی ئەمساڵیان دەکرد.
 
حەکیم حەبیب، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و یەکێکە لەو کرێکارانەی زیانی گەورەی بەرکەوتووە. ئەو بە هیوا بوو دوای 50 رۆژ ماندووبوون و دووری لە خێزانەکەی، بەرهەمی بنێشتی ئەمساڵ کۆبکاتەوە، بەڵام ئاگرێکی 3 رۆژە خەونەکانی ئەوی کردە خۆڵەمێش.
 
ئەو لەگەڵ دوو کرێکاری دیکەدا لە گوندی مۆردین خەریکی بنێشتکردن بوون لە داری قەزوانەکان، کە سەرچاوەی بژێویی چەندین خێزانی ناوچەکەیە، بەڵام ئاگرەکە هیوا و ئاواتی ئەوانیشی لەگەڵ خۆیدا سووتاند.
 
حەکیم حەبیب بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ ژیان و بۆ پارە هاتبووین، 50 رۆژە لێرە کاردەکەین. ئێستا 80%ـی بنێشتەکەمان سووتاوە و دەبێت فڕێی بدەین. بمانفرۆشتبایە بەهای 400 بۆ 500 ملیۆن دینار دەکرد، بەڵام ئێستا 50 ملیۆنیشی نەماوە".

 

 
 
ئاگرەکە بووەتە هۆی سووتانی دارستان و لەوەڕگای زیاتر لە 6 گوندی ناوچەکە. بە گوتەی گوندنشینان، شوێنەواری ئەم کارەساتە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەمێنێتەوە.
 
فازڵ حەمەساڵح، دانیشتووی گوندی مۆردینە و یەکێکە لە زیانلێکەوتووەکان. ئەو بە رووداوی گوت: "نزیکەی 4 بۆ 5 باخ سووتاون، لەگەڵ داربەڕوو و دار قەزوانەکان. ئەو دار قەزوانانەی سووتاون، بەرهەمی ئەوتۆیان نابێتەوە و کاریگەریی ئەم سووتانە بۆ 10 بۆ 15 ساڵی داهاتووش دەمێنێتەوە و 20 ساڵی دەوێت تاوەکو دارەکان بگەڕێنەوە بۆ بەرهەمی بنێشت".
 
لەبەرامبەردا، پارێزگاری هەڵەبجە بڕیاریداوە لیژنەیەک بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی ئاگرەکەی ناوچەی کۆکۆیی پێکبهێنێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی چاغلایانی لە ئیستەنبووڵ

14 یاریزان لە تورکیا دەستگیرکران

کێشەی گرەوکردن لەنێو خولی تۆپی پێی تورکیا قووڵتر دەبێتەوە، 29 کەسی دیکە دەستگیرکران، لە نێویاندا سەرۆکی پێشووی یانەیەکی بەنێوبانگ و چەندین یاریزانی خولە جیاوازەکان هەن.