لەگەڵ رەنج؛ ئاسایشی خۆراک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی کارەساتباردایە

24-08-2025
ئاسۆ سەراوی
لە بەرنامەکەدا دەڵێن، لە بازاڕی خۆراکدا هەموو زمانێک دەبینیت جگە لە زمانی کوردی.
لە بەرنامەکەدا دەڵێن، لە بازاڕی خۆراکدا هەموو زمانێک دەبینیت جگە لە زمانی کوردی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج، کۆمەڵێک پسپۆڕی بواری خۆراک، پزیشکی ڤێتێرنەری، و بازرگان، هۆشدارییەکی توندیان دا لەبارەی دۆخی مەترسیداری شیر و گۆشت و بەرهەمە خۆراکییەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بە "کارەسات" وەسفیان کرد. بە گوتەی بەشداربووان، بەشێکی بەرچاوی ئەو خۆراکانەی هاووڵاتیان بەکاریدەهێنن، نەک هەر کوالیتیان نزمە، بەڵکو هەڕەشەیەکی جیددین بۆ سەر تەندروستی گشتی.
 
خۆراکی هاوردەکراو؛ لەیبڵی بێگانە و پێکهاتەی گوماناوی
 
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان، مەترسییەکانی بەرهەمی هاوردەکراو بوو. د. ئومێد قادر، مامۆستا لە زانکۆی چەرموو، دۆخەکەی بە "کیمیابارانکردنێکی بێدەنگ" شوبهاند و ئاماژەی بەوەدا کە ماددە زیانبەخشەکان لە رێگەی خۆراکی رۆژانەوە دەچنە جەستەی هاووڵاتیانەوە.
 
پسپۆڕی کواڵیتی خۆراک، د. دارا محەممەد، باسی لە گۆشتێکی هاوردەکراو کرد کە ئاستی ماددەی "نایترایت"ی سەرووی 180% بووە، لە کاتێکدا بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، بەکارهێنانی ئەم ماددەیە لە گۆشتی تازەدا بە تەواوی رێگەپێنەدراوە و وەک هۆکارێکی شێرپەنجە ناسراوە. ئەو هەروەها گلەیی لە نەبوونی زانیاری بە زمانی کوردی لەسەر بەرهەمەکان کرد و گوتی: "لەیبڵ، ناسنامەی خۆراکەکەیە، بەڵام لە بازاڕی ئێمەدا هەموو زمانێک دەبینیت جگە لە زمانی کوردی."
 
لەلایەن خۆیەوە، هێمن رەمەزان، بازرگانێکی بواری شیر، ئاشکرای کرد کە زۆربەی ئەو شیری وشکەی دێتە کوردستانەوە "باشی نییە، بەڵکو خراپ و مامناوەندە" و پشکنینەکانیش تەنها رووکەشن. ئەو گێڕایەوە کە چۆن کارگەیەکی پۆڵەندی "شیری بەسەرچوو" و بێ پڕۆتینی بۆ ناردوون، یان چۆن 50 تۆن شیری خراپی ئێرانی بە رێکاری فەرمیدا هاتووەتە ناوەوە، ئەمەش لاوازیی سیستمی چاودێری دەردەخات.
 
نهێنییەکانی دروستکردنی ماست و ئالیکی ژەهراوی
 
یەکێک لە خاڵە جێگەی شۆکەکان، پەردەهەڵدانەوە بوو لەسەر شێوازی دروستکردنی بەشێک لە ماستی بازاڕ. هێمن رەمەزان گوتی: "ماست هەیە کە قڵپی دەکەیتەوە ناکەوێت، ئەوە نیشاستەیە نەک شیر." ئەو روونیکردەوە کە بۆ قەرەبووکردنەوەی کوالیتی نزمی شیری وشک، کارگەکان پەنا بۆ تێکەڵکردنی "رۆن، جەلاتین و نیشاستە" دەبەن.
 
مەترسییەکان تەنها لە بەرهەمی هاوردەدا کورت نابنەوە. د. بێستوون ئەبوبەکر، پزیشکی ڤێتێرنەری، جەختی لەوە کردەوە کە "گەورەترین کێشە، ئالیکی ژەهراوییە" کە لە ناوخۆدا بەرهەم دێت. ئەو ئاشکرای کرد کە کارگەکانی دروستکردنی ئالیک بێ چاودێرین و پاشماوەی سەربڕخانەکان وەک خوێن و پەڕی مریشک، و تەنانەت "زبڵی مریشک"یشی تێدەکەن و دەیدەن بە ئاژەڵ. ئەمەش دەبێتە هۆی گواستنەوەی ژەهر و دژە بەکتریا بۆ مرۆڤ لە رێگەی گۆشت، شیر و هێلکەوە، کە وایکردووە کاریگەریی دەرمانەکان لەسەر جەستە کەم ببێتەوە.
 
پشتگوێخستنی سامانی ناوخۆیی
 
لەکاتێکدا بازاڕەکان پڕن لە بەرهەمی گوماناوی، سامانی ئاژەڵداریی کوردستان پشتگوێ خراوە. د. یوسف بەرزنجی، مامۆستای کۆلێژی کشتوکاڵ، ئاماژەی بەوەدا کە کوردستان ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە یەک ملیۆن و 685 هەزار تۆن شیر و 403 هەزار تۆن گۆشت هەیە، بەڵام تەنها 47%ی پێداویستی گۆشت لە ناوخۆدا دابین دەکرێت. ئەو باسی لە تایبەتمەندیی مەڕی کوردی کرد کە لە وڵاتانی دیکە سوودی لێوەردەگیرێت، لەکاتێکدا لێرە گرنگی پێ نادرێت.
 
چارەسەر چییە؟
 
سەرجەم میوانەکان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە ئاسایشی خۆراک بەشێکە لە ئاسایشی نەتەوەیی. د. نوورەدین خۆشناو، راوێژکاری ئابووری، بە بەراوردکردن لەگەڵ وڵاتی نەرویج، روونیکردەوە کە چۆن دەوڵەت دەتوانێت بە دانانی باجی گومرگی بەرز (443% لەسەر هێلکە و شیر، و 334% لەسەر گۆشت) پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵی بکات.
 
ئەوان داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بە زووترین کات پێوەر و ستانداردی تایبەت بە خۆی دابنێت، چاودێریی بازاڕەکان توند بکات، پشکنینەکان وردتر بکاتەوە و پشتگیریی بەرهەمهێنەر و جووتیارە ناوخۆییەکان بکات بۆ دابینکردنی خۆراکی تەندروست بۆ هاووڵاتیان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە