رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری حکومەتی عێراق دەکات بۆ پەسندکردنی رێكکەوتننامەی سێقۆڵی و خەرجکردنی مووچەی مانگی تەممووزی 2025 و دەڵێت، وا چاوەڕوان دەکرێت لێرە بەدواوە مووچەی مانگی ئاب و مانگەکانی دیکەش بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی راسپارد "بە زووترین کات 120 ملیار دیناری دیکە، وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی بۆ مانگی تەممووزی 2025 بخەنەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بەهیوای ئەوەی پەلە بکرێت لەسەر یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی بە رێکكەوتنێکی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ".
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دووپات کردەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی خۆی لەپێناو دابینکردنی مووچە و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، دوێنێ بە نووسراوی فەرميی وەزارەتەکە، رێکكەوتننامە سێقۆڵیيەکە بە ئیمزای وەزیری سامانە سروشتییەکان و سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکان جگە لە کۆمپانیای (DNO)، رەوانەی بەغدا کرا، بەمەش هیچ ئاستەنگێک نەماوە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان و بەبازاڕکردنی لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە جگە لەو بەشەی بە رێککەوتننامەی هاوبەش بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ تەرخانکراوە.
باسی لەوەش کرد، ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئیمزای ئەو رێكکەوتننامە سێقۆڵیيەیە لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵیيەوە، بۆ ئەوەی لەم یەک دوو رۆژە جێبەجێ بکرێت، دڵنیایی بە هەموو لایەکیش دا حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئامادەکارییەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێکكەوتنامەیە كردووە.
هاوکات، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران گوتی، وا چاوەڕان دەکرێت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنە سێقۆڵییەکە، "ئیتر سەقامگیری لە ناردنی ماف و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بێتەکایەوە و چیتر مووچەخۆران بێبەش نەکرێن لە وەرگرتنی مووچەکانیان لە کات و ساتی خۆی هاوتای مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق".
دەقی راگەیێندراوی حکومەت:
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بڕگەی یەکەم تایبەت بوو بە خستنەڕوووی بابەتی رێککەوتنی سێ لایەنەی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەبەر رۆشنایی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی هەموارکراو و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا.
سەرەتا کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، پوختەی بابەتەکەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو و ئاماژەی دا بەوەی، دوای گفتوگۆ و دانووستانێکی دوور و درێژ، رێکكەوتنامەکە گەڵاڵە کرا و هەر دوێنێش بە نووسراوی فەرميی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، رێکكەوتننامە سێقۆڵیيەکە بە ئیمزای وەزیری سامانە سرووشتییەکان و سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکان جگە لە کۆمپانیای (DNO)، رەوانەی حکومەتی فیدڕاڵ کراوە، بەم جۆرەش هیچ ئاستەنگێک نەماوە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان و بەبازاڕکردنی لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە جگە لەو بەشەی بە رێککەوتننامەی هاوبەش بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ تەرخانکراوە.
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، لە کۆتایی راپۆرتەکەی، ئاماژەی دا بەوەی کە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی ئیمزای ئەو ڕێكکەوتننامە سێقۆڵیيەیە لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدڕاڵیيەوە، تا لەم یەک دوو ڕۆژە، رێکكەوتنامەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن، دڵنیایی بە هەموو لایەکیش دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئامادەکارییەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێکكەوتنامەیە كردووە.
پاشان ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بە وردیی باسی لە بەڕێوەچوونی دانوستانەکان کرد و ئاماژەی بە هەموو ئەو ئاستەنگانە کرد کە بە هەوڵی هاوبەشی هەموو لایەک لابران و دواجار هەر سێ لایەن، رێكکەوتنامەکەیان بە هاوبەشی گەڵاڵە کرد.
ئينجا ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ناوەڕۆکی رێکكەوتننامە سێقۆڵییەکەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو و وردەکاريی مادە و بڕگەکانی رێكکەوتننامەکە و پابەندی و ماف و شایستەکانی هەر یەک لە حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕوونکردەوە کە وا چاوەڕان دەکرێت بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنامەیە، ئیتر سەقامگیری لە ناردنی ماف و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بێتەکایەوە و چیدی مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەکرێن لە وەرگرتنی مووچەکانیان لە کات و ساتی خۆی هاوتای مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی و پێزانین بۆ هەوڵ و ماندووبوونی شاندی دانوستانکاری هەرێم، کە دڵسۆزانە و لێهاتووانە و پشتبەست بە مافە دەستووریيەکان، ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد، لە گەیشتن بە رێكکەوتنی نەوت، لە هەمان کاتدا ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە بڕیاری کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ دەکات بە پەسەندکردنی رێكکەوتننامەی سێقۆڵی و خەرجکردنی مووچەی هەرێم بۆ مانگی تەمموزی ساڵی 2025، کە وا چاوەڕوان دەکرێت لێرە بەدواوە، مووچەی مانگی ئاب و مانگەکانی دیکەش بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، لە بەرانبەریشدا، ئەنجوومەنی وەزیران وەک هەمیشە، ئامادەیی خۆی دووپات کردەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی خۆی لەپێناوی دابینکردنی مووچە و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
لە بڕگەی دووەم و کۆتاییدا، گفتوگۆ لەبارەی دواپێشهاتی دۆسیەی پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی کرا.
لەمبارەیەوە سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، بەوردیی دواپێشهاتەکانی خستەڕوو و لایەنی دەستووری و یاسایی بابەتەکەی بەوردی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران شیکردەوە. دواتر ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار بە درێژیی وردەکاریی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵیان سەبارەت بەم دۆسیەی روونکردەوە.
دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران، جارێکی تر ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ چارەسەری ئەم بابەتە پشتبەست بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵ و یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ و بڕیاری دادگای فیدراڵی، وەک لە دوا یاداشتی یاسایی شاندی دانووستانکاری هەرێم هاتووە و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ کراوە. لە هەمان کاتدا ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری دارایی و ئابووری راسپارد کە بە زووترین کات، بڕی 120 ملیار دیناری دیکە، وەک بەشی گەنجینەی فیدراڵی بۆ مانگی تەممووزی ساڵی 2025 بخەنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بەهیوای ئەوەی پەلە بکرێت لەسەر یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی بە رێکكەوتنێکی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ، بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیی نیشان درا بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ ئەو لیژنە وەزارییە 6 کەسییەی، کە بۆ بابەتی داهاتە نانەوتییەکان لە بەغدا پێکهێنراوە.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی و پێزانین بۆ هەوڵ و ماندووبوونی شاندی دانوستانکاری هەرێم، کە دڵسۆزانە و لێهاتووانە و پشتبەست بە مافە دەستووریيەکان، ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد، لە گەیشتن بە رێكکەوتنی نەوت، لە هەمان کاتدا ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە بڕیاری کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەکات بە پەسەندکردنی رێكکەوتننامەی سێقۆڵی و خەرجکردنی مووچەی هەرێم بۆ مانگی تەمموزی ساڵی 2025، کە وا چاوەڕوان دەکرێت لێرە بەدواوە، مووچەی مانگی ئاب و مانگەکانی دیکەش بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، لە بەرانبەریشدا، ئەنجوومەنی وەزیران وەک هەمیشە، ئامادەیی خۆی دووپات کردەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی خۆی لەپێناوی دابینکردنی مووچە و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ