گواستنەوەی هەولێر: بەمنزیکانە هێڵی گواستنەوەی گشتی بۆ گەڕەکی ژین دابین دەکەین

25-01-2022
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دانیشتووانی گەڕەکی ژین لە ناحیەی دارەتوو لە هەولێر، کە نزیکەی چوار هەزار ماڵ دەبن دەڵێن، تاوەکو ئێستا هێڵێکی پاسی هاتووچۆی نییە. بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر دەڵێت، رەزامەندیی کردنەوەی هێڵێکی تایبەتیان بۆ وەرگرتوون.
 
چەند هاونیشتمانییەک لە گەڕەکی ژین بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، چەندین جار ناڕەزاییان دەربڕیوە و داوای دابینکردنی پاسی هاتووچۆیان کردووە، بەڵام بۆیان دابیننەکراوە. وەک باسیان کرد، هەندێک جار پاسی دارەتوو دەچنە گەڕەکەکە، بەڵام بەگوێرەی پێویستییەکانی ئەوان نییە.
 
رۆژی سێشەممە 25-1-2022، بەدرەدین سەعدی، بەرپرسی شۆفێرانی پاس لە هێڵی دارەتوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان پاسیان دابینکردووە بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان، بەڵام چونکە هێڵی سەربەخۆیان نییە بەشی ئەوان ناکات.
 
بەدرەدین سەعدی گوتی: "ئەمڕۆ پێنج پاسمان بۆ گەڕەکی ژین دابینکرد، بەیانیان لە کاژێر 07:30 بۆ کاژێر 10:30، هەر نیو کاژێرێک جارێک پاسێک دەڕوات و لە کاژێر 11:30 بەدواوە دەگەڕێنەوە، بەگشتی تاوەکو کاژێر 16:30 پاس دابینکراوە".
 
بەرپرسی شۆفێرانی پاس لە هێڵی دارەتوو، ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەوان گواستنەوەی هاووڵاتیانی گەڕەکی ژینیان دابووە پاسەکانی گەڕەکی رۆشنبیری، ئەوان گوتوویانە رێگەوبانیان خراپە و نەفەریان کەمە، بۆیە تەنیا یەک رۆژ هاتووچۆیان بە دانیشتووانی گەڕەکەکە کردووە.
 
سەبارەت بەوەی بۆچی هێڵێکی تایبەت بەو گەڕەکە ناکرێتەوە، بەدرەدین سەعدی دەڵێت، رێگە بە کردنەوەی هێڵ نادرێت و ئەوانیش وەکو شۆفێرانی دارەتوو ئەوە قبوڵ ناکەن و گوتی: "ئێمە بە پارێزگاری هەولێریشمان گوتووە، رێگەی تایبەتیان بۆ دروستبکرێت و هێڵێکی تایبەتیان بۆ بکرێتەوە، ئەوانیش بەڵێنیانداوە لە داهاتوودا کاری لەسەر بکەن، ناکرێت ئێستا هێڵ بکەنەوە و پاس دابینبکرێت و بەهێڵەکەی ئێمەدا هاتووچۆ بکەن و نەفەرەکانی دارەتوو سەربخەن".
 
بەرپرسی شۆفێرانی پاس لە هێڵی دارەتوو، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەوەی ئێستا ئەوان دەیکەن چارەسەرێکی مامناوەندە و گوتیشی: "ئەو گەڕەکە بەڕاستی نەفەریشیان کەمە، ئێواران پاسمان دەگەڕێتەوە بۆ گەڕەکەکە 12 بۆ 14 نەفەری هەیە، لەکاتێکدا لیترێک گاز بە زیاتر لە 800 دینارە".
 
سەبارەت بە داواکاریی دانیشتووانی گەڕەکەکە، عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رەزامەندیان وەرگرتووە و هێڵێکی نوێ دەکەنەوە بۆ گەڕەکەکە، کە تێیدا 20 پاس کاربکەن.
 
بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر دەڵێت، کردنەوەی هێڵەکە نزیکەی 20 رۆژێکی دەوێت، چونکە دەبێت بانگەواز بکەین و ئەوانەی دەیانەوێت لە هێڵەکەدا کاربکەن داوابکەن و دواتر بە تیروپشک دابەشی دەکەین.
 
مەرجەکانی وەرگرتنی هێڵ؛ دەبێت ئەو کەسەی داوای دەکات فەرمانبەر نەبێت، مۆدێلی ئۆتۆمبێلەکەی بەرزبێت و مۆڵەتی گشتیی شۆفێریی هەبێت، ئەوکات کارتی هێڵی بۆ دروست دەکرێت.
 
بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر، سەبارەت بە ناڕەزایی و رێگریی هێڵی پاسەکانی دارەتوو، گوتی، "ئێمە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر لەسەر هێڵێن، بۆ ئەوەی رێگەیەکی نوێ هەیە کە شەقامێکی 20 مەترییە و ناچێتەوە سەر هێڵی دارەتوو، ئەو شەقامە ئەگەر بەشێوەی کاتیش بێت چەوڕێژی بکەین بۆ ئەوەی پاسەکانی گەڕەکی ژین پێیدا هاتووچۆ بکەن و هیچ گرفتێک دروستنەبێت". 
 
لە هەولێر 33 هێڵی تایبەت بە گەڕەک و شارۆچکەکانی دەوروبەری هەولێر هەن و زیاتر لە هەزار و 75 پاس کاریان تێدا دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە