کەشناسی: هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی بەفر و باران دەستپێدەکات

25-01-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی رایگەیاند، بە جیاوازیی ناوچەکان هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارین و بەفربارین دەستپێدەکات، کاریگەرییەکانیشی لە سەرەتا بەشێوەی بارانی پچڕ پچڕ دەبێت و لە ناوەڕاستی هەفتە کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت. 
 
رۆژی چوارشەممە 25-1-2023، ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو تاوەکو کۆتایی هەفتە کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت و سەرەتای هەفتە بارانبارین بەشێوەی پچڕ پچڕ دەستپێدەکات. 
 
ئاسۆ کەمال گوتیشی، بەجیاوازیی ناوچەکان لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو کاریگەری بارانبارینەکە زیاتر دەبێت و تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت. 
 
لەبارەی بەفربارین، بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی گوتی، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفربارین دەستپێدەکات. 
 
بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی گوتیشی، لەگەڵ ئەو ناسەقامگیرییەی کەشوهەوا هەفتەی داهاتوو بەخۆیەوە دەبینێت، پلەی گەرماش نزمدەبێتەوە. 
 
ماوەی چەند رۆژێکە بایەکی وشک و سارد پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕینی گرتووەتەوە؛ ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، ئەو با سارد و وشکە ئێوارەی ئەمڕۆ کاریگەریی لاواز دەبێت و سبەی کۆتایی دێت. 
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان سبەی پێنجشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و پلەی گەرما بەمشێوەیە دەبێت: 
 
هەولێر: 15 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 11 پلەى سیلیزى
دهۆک: 13 پلەى سیلیزى
کەرکوک: 17 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 13 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 14 پلەى سیلیزى
سۆران: 12 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 19 پلەى سیلیزى
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە