رووداو - کەرکووک
دەیان مامۆستای سنووری کەرکووک لە کاتێکدا خانەنشین دەکرێن، کە بڕە پارەیەکی زۆریان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە. مامۆستا خانەنشینکراوەکان گلەییان زۆرە و نیگەرانن لەوەی حکومەت جیا لەوەی پارەی بڕدراو و پاشەکەوتیان ناداتەوە، هاوکات نە خزمەتی سەربازی و نە دەرکردنی سیاسیی سەردەمی بەعسیان بۆ هەژمار ناکات.
جومعە عومەر، مامۆستای خانەنشینکراو دەڵێت، "بانگەوازمان هەیە، پێویستمان بەوەیە ئاوڕێکمام لێ بدەنەوە. بە خزمەتێکی زۆر کەمەوە خانەنشین دەبین، بە مووچەیەکی کەمەوە خانەنشین دەبین. بۆ تەمەنی پیریی ئێمە، کە هیچ کارێکمان پێ ناکرێت، ئەمە وەکو سزایەک دەبینین."
بەشێکی زۆر لەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی بڕیاری خانەشینبوون دەیانگرێتەوە، دەبێت مامەڵەکانیان ببەنە چەمچەماڵ؛ زۆربەیان چەندین جارە هەڵە و کەموکورتی لە مامەڵەکەیان هەیە.
مامۆستا فەخری، یەکێکی دیکەیە لە مامۆستا خانەنشینکراوەکان و سێ مانگە مووچەی وەرنەگرتووە، دەڵێت، "خوا دەزانێت کەی مامەڵەکان تەواو دەکرێن. لە کاتێکدا پێویست بوو وەکو رێزگرتن لە ئەزموون و خزمەتمان، بڕە پارەیەک یان چەند مووچەیەکمان بەسەر یەکەوە پێبدرێت، نەک بەم جۆرە بێ پارە بکرێین."
فەخری هاوار، سەرپەرشتیاری خانەنشینکراو گوتی، "خۆم یەکێکم پێویستە بچمە ئێران بۆ خاتری چاوم. گوشاری دەگاتە 25. هەردوو چاوم عەدەسەیە و چەندین نەشتەرگەریم کردووە. خانەنشین بوون واتە پیربوون و نەخۆشی؛ ئێ من لەم کاتەدا کە سێ مانگ مووچەم نەبێت، خودا دەزانێت بە چەند مانگی دیکەش مووچەم نابێت. دەبێت دۆخی فەرمانبەر چۆن بێت کە خانەنشین دەکرێت؟"
لەدایکبووانی ساڵانی 1962 تاوەکو 1965 بڕیاری خانەنشینبوونیان بۆ دەرچووە، کە نزیکەی 700 مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی کوردی دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی دەڵێت، بۆ چارەسەری کێشەی خزمەتی سەربازی و دەرکردنی سیاسی، نووسراویان کردووە.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردیی کەرکووک رایگەیاند، "نووسراومان بۆیان کردووە تاوەکو وەزارەت بەرچاوڕوونییەکی زیاترمان بداتێ سەبارەت بەو مامۆستایانە، کە هەم ئێمە سوود لە راژەیان دەبینین، هەم ئەوانیش هەست بە غەدرێک دەکەن کە دەرکراوی سیاسی بوون و گەڕاونەتەوە و ئێستا بۆیان هەژمار نەکرێت بۆ درێژکردنەوەی خزمەت."
بڕیاری خانەنشینکردنی فەرمانبەران لەم کاتەدا دەبێتە هۆکاری جێهێشتنی پڕۆگرامی تەواونەکراوی قوتابخانەکان لەلایەن ئەو مامۆستایانەی تەمەنیان ئەم بڕیارە دەیگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ