نەتەوە یەکگرتووەکان: قەیرانی مرۆیی کۆبانی بەردەوامە، خەڵک داوای دۆشەک و بەتانی دەکەن

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
ستێفان دوجاریک
ستێفان دوجاریک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی رێکخستنی کاروباری مرۆیی (OCHA) رایگەیاند، کاروانێکی هاوکاریی مرۆیی، کە لە 27 بارهەڵگر پێکهاتبوو،، گەیشتە کۆبانی. ئەم کاروانە خۆراک، پێداویستی پزیشکی و سووتەمەنی گەیاندووەتە ناوچەکە. 

 

هەرچەندە دۆخەکە بەرەو باشتربوون دەچێت و بەشێک لە کارەبا گەڕاوەتەوە، بەڵام هێشتا پێداویستییە مرۆییەکان زۆرن. کارەبای ناوچەکە جێگیر نییە و تەنها 40٪ـی پێداویستییەکان دابین دەکات. کەمیی سووتەمەنیش بەردەوامە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
 
بەرپرسانی ناوخۆیی دەڵێن، لەپێشترین کارەکانیان دابینکردنی دەرمان و کارەبایە بۆ خەڵک. خێزانە ئاوارەکانیش جەخت لە پێویستیی بەپەلەیان بۆ دۆشەک، بەتانی، مەنتێڵ، هەروەها خۆراک و خزمەتگوزاری تەندروستی دەکەنەوە. 
 
ئەگەرچی بازاڕەکان تاوەکو رادەیەک کراوەن و خۆراک هەیە، بەڵام بەهۆی کەمیی کاڵاوە نرخەکان هێشتا بەرزن. زۆرێک لە ئاوارەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، بەڵام نیگەرانییە ئەمنییەکان و هەواڵی تاڵانکردنی ماڵ و موڵک، رێگرن لە گەڕانەوەی خەڵک بەکۆمەڵ. 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ستێفان دۆجاریک:
 
رووداو: سوپاس ستێفان. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کۆبانی هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا، لەڕووی تیۆرییەوە دەبوو گەیشتنی هاوکارییەکان خێراتر بێت. ئەی بۆچی ئەو شارە تائێستا، وەکو وەک ئاماژەت پێدا، بەدەست کەمییەکی توندی پێداویستییەکانی وەکو کارەبا و پێداویستی پزیشکییەکانەوە دەناڵێنێت؟
 
ستێفان دوجاریک: وەک دەزانیت، ئەو ناوچەیە مەیدانی گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر بووە. ئێمە لە ئێستادا سەرنجی هەوڵە مرۆییەکانمان خستووەتە سەر دیمەشق، چونکە زۆربەی کاڵا و پێداویستییەکانمان لەوێیە. لە هەمان کاتدا بەردەوامین لە هەوڵەکان بۆ گەیاندنی هاوکاری لە سنوورەکانەوە. هاوکارەکانمان هەموو رێگەیەک بەکاردێنن و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سوریاش لە هەماهەنگییەکی نزیکدان.
 
رووداو: ئایا توانیوتانە لەڕێگەی تورکیاوە کاروانی هاوکاری بنێرن، یان تورکیا رێگری لێ کردوون؟
 
ستێفان دوجاریک: با بەم شێوەیە بیڵێم: ئۆپەراسیۆنەکانی [گەیاندنی هاوکاری ] لە سنوورەوە بەردەوامن، بەڵام سەبارەت بەوەی کە ئایا هیچ کاروانێکی تایبەت لە سنووری تورکیاوە چووەتە ناو کۆبانی یان نا، پێویستە لەگەڵ نووسینگەی سووریا وردەکارییەکەی پشتڕاست بکەمەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە