رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هیچ جارێک خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ نەچووە و ئەمجارەش بەفیڕۆ ناچێت." باسی لەوەشی کرد، هەر شتێک پێویست بێت بۆ بەرگریکردن لە خاک و کەرامەتی خۆمان، دەیکەین.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سۆران بەشداریی لە پرسەی شەهیداندا کرد و رایگەیاند: "ئەمانە شەهیدی غەدر و خیانەتێکی بێهۆکاری ئەو هێرشەن کە کرایە سەر کۆمەڵێک پێشمەرگە و شەهید کران. خوێنی شەهیدان هەموو کات بووەتە هۆی ئەوەی بە سەربڵندی و سەربەرزی لە وڵاتی خۆماندا بژین."
لەبارەی خوێنی ئەو 6 پێشمەرگەیەی بەرەبەیانی دوێنێ شەهیدبوون، مەسرور بارزانی گوتی: "هیچ جارێک خوێنی شەهیدەکانمان بەفیڕۆ نەچووە، ئەمجارەش بەفیڕۆ ناچێت."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشیی لە هەموو خەڵکی کوردستان کرد و گوتی: "لەسەر رێگەی شەهیدەکانمان بەردەوام دەبین. هەموو هیوا و ئومێدمان پاراستنی کوردستانە. نامانەوێت تێکەڵی هیچ شەڕێک ببین و دەمانەوێت کوردستان پارێزراو بێت."
مەسرور بارزانی، دڵنیایی دایە خەڵکی کوردستان و رایگەیاند: "هەر شتێک پێویست بێت بۆ بەرگری لە خاک و کەرامەتی خۆمان دەیکەین. وڵاتانی دونیاش پشتگیری و هاوخەمیی خۆیان بۆ خەڵکی کوردستان دەربڕیووە."
بەرەبەیانی 24-3-2026، ئێران بە شەش مووشەک هێرشی کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر و لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ