رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ، دوای هێرشەی مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر کە لە ئەنجامدا شەش پێشمەرگە شەهید بوون و 30ـی دیکەش بریندار بوون، پەیوەندییان بە ئێرانەوە کردووە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چووە پرسەی شەش پێشمەرگە شەهیدەکە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە دوێنێ لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی ئێراندا شەهید بوون. سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە ماڵباتی شەهیدەکان کرد.
نێچیرڤان بارزانی دوای پرسەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "هەر ئەم رووداوە روویدا، ئێمە پەیوەندیمان بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرد. ئەوان دان بەوەدا دەنێن کە هەڵەیەک کراوە، بەڵێنیان داوە لەسەر ئەو بابەتە لێکۆڵینەوە بکەن، نیگەرانی و پەیامی سەرەخۆشیشیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە".
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە ئێستا چاوەڕوانی وەڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێرانین کە بزانین وەڵامیان چی دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە لای خۆمانەوە پێشتر بە تووندی سەرکۆنەی ئەم هێرشەمان کردووە، چونکە سیاسیەتی هەرێمی کوردستان روونە کە ئێمە فاکتەری ئارامی و سەقامگیرین لە ناوچەکەدا. هەمیشە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە ئێمە سەرچاوەی هەڕەشە نین لەسەر هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ و لەنێویاندا بە تایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە دەستپێکی جەنگیشەوە هەر ئەو سیاسەتەمان پەیڕەو کردووە. ئێمە نەبووینەتە بەشێک لەم جەنگە و ناشبینە بەشێک لەم جەنگە".
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەوەی ئێستا ئێمە هیوادارین ئەوەیە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لێکۆڵینەوەی تەواو لەو بابەتە بکات و هەرێمی کوردستان ئاگادار بکاتەوە کە چی روویداوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەرپرسیارێتییەکانی عێراقەوە گوتی: "حکومەتی عێراق پێوێستە دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری. یەکەم شت، دەبێ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەوانەی لە یاسا دەرچوون رابگیرێن. پێموایە ئەوە ئەرکێکی حکومەتی فیدراڵیی عێراقە کە دەبێت جێبەجێی بکات".
نێچیرڤان بارزانی روونیکردەوە: "ئێمە نە بووینەتە بەشێک لە جەنگ و نە دەبین. هیوادارین دوای ئەو رووداوەی روویدا، هیچ شتێکی دیکە روونەدات".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی عێراق کرد، سنوورێک بۆ هێرشی گرووپە چەکدارەکان لەژێر ناوی موقاوەمەدا دابنێن کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "کێشەکە ئەوە نییە [بەرپرسانی عێراق] قسەیان بۆ ئێمە چی بووە، خۆی لەنێوخۆی عێراقیشدا لە هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش دەدرێت. خۆ هەر ئەوە نییە لە هەرێمی کوردستان بدرێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە پێویستە سنوورێک بۆ ئەوانە دابنرێ کە لە یاسا دەرچوون".
بەرەبەیانی دوێنێ لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی ئێرانەوە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، شەش پێشمەرگە شەهید بوون و 30ـی دیکە بریندار بوون.
دەقی قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
پێشەکی دەمەوێ سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان بکەم، هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم. بەڕاستی رووداوێکی زۆر ناخۆش بوو. ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە، ئێمە هەر ئەم رووداوە روویدا، پەیوەندییمان بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرد. ئەوان دان بەوەدا دەنێن کە هەڵەیەک کراوە، بەڵێنیان داوە لەسەر ئەو بابەتە لێکۆڵینەوە بکەن، نیگەرانی و پەیامی سەرەخۆشیشیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە. ئێمە ئێستا چاوەڕوانی ئەوەین بزانین وەڵامی کۆماری ئیسلامیی چی دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان.
ئێمە لای خۆمانەوە پێشتر بە تووندی سەرکۆنەی ئەم هێرشەمان کردووە بۆسەر هەرێمی کوردستان، چونکە سیاسیەتی هەرێمی کوردستان روونە کە ئێمە فاکتەری ئارامی و سەقامگیرین لە ناوچەکەدا. هەمیشە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە ئێمە سەرچاوەی هەڕەشە نین لەسەر هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ و لەنێو دراوسێکانیشدا بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران. هەر ئەو سیاسەتەشمان پەیڕەو کردووە. لە دەستپێکردنی جەنگیشەوە ئێمە نەبووینەتە بەشێک لەم جەنگە و ناشبینە بەشێک لەم جەنگە. ئەوەی ئێستا ئێمە هیوادارین ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لێکۆڵینەوەی تەواو لەو بابەتە بکات و هەرێمی کوردستان ئاگادار بکاتەوە کە چی روویداوە.
پرسیاری رۆژنامەڤانان: جەنابی سەرۆک، عێراق دەڵێ هێزە ئەمنییەکان مافی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکیان هەیە بکرێتە سەریان. پەیامتان لەسەر ئەو هەڵوێستەی حکومەتی عێراق چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: حکومەتی عێراق پێویستە دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری. جارێ یەکەم شت، دەبێت ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەوانەی لە یاسا دەرچوون رابگیرێن. پێموایە ئەوە ئەرکێکی حکومەتی فیدراڵیی عێراقە کە دەبێت جێبەجێی بکات.
پرسیاری رۆژنامەڤان: کاک نێچیرڤان، هەرێمی کوردستان سنوورەکانی پاراستووە و نەبووەتە بەشێک لە جەنگ. بۆچی بەردەوام هێرشی دەکرێتە سەر؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە ئەوەیە قسەمان. ئێمە نەبووینەتە بەشێک لە جەنگ و نابینە بەشێک لە جەنگ، هیوادارین دوای ئەو رووداوەی روویدا، هیچ شتێکی دیکە روونەدات.
عێراق چی گوتووە لەسەر پاراستنی هەرێمی کوردستان؟
نێچیرڤان بارزانی: لەنێو خودی عێراق لە هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش دەدرێ، پێویستە سنوورێک بۆ ئەوانە دانرێ کە لە یاسا دەرچوون
پرسیاری رۆژنامەڤان: دوایین قسەتان لەگەڵ عێراق کردبێ، بەڵێنیان چی بووە سەبارەت بە پارێزراویی هەرێمی کوردستان؟
نێچیرڤان بارزانی: خۆی کێشەکە ئەوە نییە بۆ ئێمە قسەیان چی بووە، خۆ لەنێو خودی عێراق لە هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش دەدرێ، خۆ هەر ئەوە نییە لە هەرێمی کوردستان بدرێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە پێویستە سنوورێک بۆ ئەوانە دانرێ کە لە یاسا دەرچوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ