لە وان رۆژەڤی خەڵک ئابووری و هەڵاوسانە؛ 'هەرگیز قەیرانێکی لەم شێوەیەمان نەبینیوە'

25-04-2025
هەوار ئیسماعیل
دیمەنێکی شاری وان.
دیمەنێکی شاری وان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری وانی لە باکووری کوردستان بازاڕ سستە و کڕین و فرۆشتن لە بازاڕەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. خەڵکی گلەییان لە نرخی کاڵا و خۆراک هەیە. بەرزبوونەوەی نرخەکان کاریگەری لەسەر هەموو کەرتەکانی بازرگانی هەبووە، لە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە تاوەکو کەرتی پۆشاک.
 
هاونیشتمانیان و دووکاندارەکان دەڵێن، چارەسەرکردنی کێشەی کورد کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئابووریی هەرێمەکەیان دەبێت.
 
حوسێن ئاکداغ، دووکاندارە و دەڵێت: "ئابووری بەڕاستی باش نییە، چەرخەکە ناسوڕێتەوە. ئێوە رۆژانە نرخی زێڕ و دۆخی بازاڕ و ناسەقامگیریی ناوچەکە دەبینن. ئەگەر ئاشتییەکی جددی لەم هەرێمەدا هەبێت، ئابووریش باشتر دەبێت، ئەگەر دادپەروەری لە دەوڵەتێکدا هەبێت، ئەو دەوڵەتە بەهێز دەبێت".
 
ساڵح کورت، جووتیارە و باس لەوە دەکات، "ئێمە هەرگیز قەیرانێکی لەم شێوەیەمان نەبینیبوو. کاسبکاران سەریانهەڵداوە، جووتیاریی مردووە، خەڵک توانای کڕینی نەماوە. خەڵکیان ناچاری کەمترین بڕەمووچە کردووە، 14 هەزار لیرە هیچ ناکات. ئابووریی داڕماوە".
 
گرانیی نرخەکان کاریگەریی لەسەر کەرتی گەشتیاریی شاری وان هەبووە. بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی سەردانکردنی دوورگەی ئاختامار و کرێی کەشتییەکان، جوڵەی گەشتیاری کەمیکردووە.
 
موراد بەیاز، خاوەنی کۆمپانیای گەشتیارییە و ئاماژە بەوە دەدات: "بەداخەوە بەهۆی ئەوەی هێزی کڕینی دراوەکەمان زۆر کەمە، گەشتکردن بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بۆ ئەوەی خێزانێکی چوار کەسی لە وانەوە بۆ دوورگەی ئاختامار گەشت بکەن و هیچ شتێک نەخۆن و نەخۆنەوە، تێر بڕۆن و بە برسێتی بگەڕێنەوە، گەشتەکەیان دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 500 لیرەی تێدەچێت".
 
لە وەرزی هاوین و زستاندا هەزاران گەشتیار سەردانی وان دەکەن. لقی وان لە کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی گەشتیاری تورکیا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لە ساڵی 2024 زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار سەردانی وانیان کردووە، لەو ژمارەیەش ملیۆنێک و 500 هەزار گەشتیاری بیانی و یەک ملیۆن گەشتیاریش ناوخۆیی بوون.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.