رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی شەممە باران دەبارێت. کەشناسێک دەڵێت، بارانبارین هەموو شارەکان دەگرێتەوە بەڵام بە رێژەی جیا.
لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ هەینی، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئاسمان لەنێوان نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بوونی کەمێک تۆز و خۆڵ. پێشبینی نمەبارانێکی کەم دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکان".
بە گوێرەی کەشناسی: "سبەی دوای نیوەڕۆ نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت، پاشان رێژەی بارین زیاد دەکات لە هەندێک کات و ناوچە دەگۆڕێت بۆ هەورە برووسکە و تاوەبارانی کورتخایەن، بە تایبەت لە سنووری ئیدارەکانی سۆران و راپەڕین. بەرەبەیانی یەکشەممە کەشەکە ئاسایی دەبێتەوە".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشوهەوا ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بارانبارین ئێوارەی شەممە تاوەکو بەرەبەیانی یەکشەممە بەردەوام دەبێت و لە هەموو ناوچەکان دەبارێت".
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە بێت، باران سبەی لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبارێت بەراورد بە سەنتەری شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک و هەڵەبجە.
ئەمڕۆ سێ رۆژە خۆڵبارین بە رێژەی جیا شارەکانی باشووری کوردستانی گرتووەتەوە.
شاڵاو هیدایەت ئاماژەی بەوەشکرد، لە سبەیەوە کاریگەیی ئەم شەپۆلەی خۆڵبارین نامێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ