رووداو رادیۆ
سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانی سنووری هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی مانیان گرتووە و داوای مافەکانیان لە حکومەت دەکەن، سەرۆکایەتیی زانکۆی هەڵەبجە بڕیاری دا رۆژی 06/11ـی ئەمساڵ خوێندکارانیان لە بەشە جوداکان تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ بکەن.
لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداودا کە ئاسۆ سەراوی پێشکەشی کرد، هەریەکە لە توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؛ مهاباد کامیل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە؛ د. پێشڕەو حەمەجان، جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی؛ د. عەدنان باقی، مامۆستای کۆلێژی یاسای زانکۆی سلێمانی و؛ زانا عەلی، نوێنەری خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی تێیدا بەشدار بوون، باس لە کێشە و مانگرتن و خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کرا.
مهاباد کامیل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە راگەیاند: "من لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە لەگەڵ مامۆستا و فەرمانبەراندا بووم و داواکانیان رەوان. بەڵام ئێمە ناتوانین بەرگەی راگرتنی دەوام بگرین و خوێندن قەرەبوو بکەینەوە."
سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە گوتیشی: "ئەم دۆخەی ئێستا خراپە و مایەی نیگەرانییە. پێویستە بەرژەوەندیی خوێندکاران لە بەرچاو بگیردرێت. من چەندین جار داواکاریی مامۆستایان و فەرمانبەرانم بە وەزارەتی خوێندنی باڵا گەیاندووە. ئێمە لای خۆمانەوە بڕیارمان داوە 06/11 تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ بکرێت. پێویستە لەنێوان خراپ و خراپتریندا خراپەکە هەڵبژێرین بۆ ئەوەی ساڵێکی خوێندنی خوێندکاران نەفەوتێت."
د. عەدنان باقی، مامۆستای کۆلێژی یاسای زانکۆی سلێمانییش گوتی: "پێویست بوو پەرلەمان ئەرکی خۆی جێبەجێ باکات و کارێک بکات کە نەگاتە ئەوەی ئێمە بێینە سەر شەقام و خۆپیشاندان بۆ مووچە بکەین. هەروەها دەبوو دەسەڵاتی دادوەری و داواکاری گشتی داوای مافی ئێمەیان بکردایە نەک ئێمە خۆمان بێینە سەر شەقام."
توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییس گوتی: "ئێمە لە وەزارەت 100٪ لەگەڵ سەربەخۆیی کارگێڕی و دارایی زانکۆکانداین. هەر لە سەرەتاوە کە مووچەی هەندێک لە زانکۆکانمان دواکەوت داوامان لە وەزارەتی دارایی کردووە کە مووچە دابین بکەن."
توانا نەجەف گوتی: "داوامان کردووە کە مووچەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە داهاتی ناوخۆ نەبێت و لەسەر داهاتی نەوت بێت. ئێمە کێشەمان نییە لە سەرەتاوە بین یان کۆتایی، بەڵام دەمانەوێت مووچەکانمان بدرێت."
چەند هەفتەیەکە پرۆسەی خوێندن و کارگێڕی لە بەشێکی زۆری زانکۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە وەستاوە و وانە ناخوێنرێت. ئەوەیش خوێندکارانی نیگەران کردووە.
د. پێشڕەو حەمەجان، جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی باسی لەوە کرد، کێشەکە ئەوەیە مامۆستایان و فەرمانبەران متمانەیان بە حکومەت نەماوە. ئەوان سەرەڕای داواکردنی ئەوەی مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا بدرێت، داوایش دەکەن پلەیان بەرز کرێتەوە کە لە 2014وە راگیراوە.
جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی گوتی: "ئەگەر ئەم بایکۆتە بەم جۆرە بەردەوام بێت، ئەوا تاقیکردنەوەکانمان دوادەکەون. ئێمە داوامان لە راگری کۆلێجەکان کردووە کە بەپێی ئەو بابەتانەی خوێندوویانە کاتی تاقیکردنەوەکان دیاری بکەن."
زانا عەلی، نوێنەری خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی گوتی: "دۆخی خوێندکاران لەوپەڕی خراپیدایە و چارەنووسمان دیار نییە و سەرمان لێشێواوە. مامۆستا و فەرمانبەرەکانمان مافی خۆیانە داوای مافەکانیان بکەن، بەڵام ئەگەر ئەوان کاتی خۆی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ئێمەدا بهاتنایەتە سەر شەقام و لەگەڵماندا بوونایە، ئەو کات بەهێزتر دەبووین. ئێمە داوا دەکەین کە خۆپیشاندانی مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆ لەسەر چارەنووسی خوێندکاران نەبێت."
د. عەدنان باقی، مامۆستای کۆلێژی یاسای زانکۆی سلێمانییش گوتی: "خۆپیشاندانەکانمان بەهۆی کەمتەرخەمیی هەردوو لایەنی دەسەڵاتەوەیە. ئەو هەموو دۆسیەی گەندەڵییە هەیە و پەرلەمانتاران دەیخەنە روو، بەڵام تاوەکو ئێستا داواکاری شتی هیچیانی نەجووڵاندووە، ئەمە وادەکات کە ئێمە خۆمان بێینە سەر شەقام و خۆپیشاندان بکەین."
د. عەدنان باقی گوتی: "ئێمە لە 2014وە وەک مامۆستا و فەرمانبەر سزا دراوین، چونکە بە دوو رێنمایی بەدەر لە یاسا پلەکانمان راگیراوە و مووچەمان پاشەکەوت کراوە و لێمان بڕدراوە. رۆژی یەکشەممە مامۆستایانی زانکۆکانی سنووری سلێمانی کۆدەبنەوە و بڕیارێک دەدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ