رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان پێیوایە، گفتوگۆ لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بەرئەنجامی کاری پەرلەمانییە و پێویستی بە سازانە، ئاماژە بەوەش دەکات، پارتی و یەکێتی لە پەکخستنی پەرلەماندا بەرپرسیارن و گوێ لە لایەنەکانی دیکە ناگرن. ئاشکراشی کرد "رۆژی شەممە دەستپێشخەرییەک بۆ کۆبوونەوەی لووتکەی لایەنەکان رادەگەیێنن".
رۆژی پێنجشەممە 25-05-2023، کاردۆ محەممەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە هەوار جەلالەدین و رۆژان ئەبوبەکر پێشکێشی دەکەن، رایگەیاند ''گفتوگۆ لەسەر کۆمیسیۆن بەرئەنجامی کاری پەرلەمانییە و دەبێ سازانی لەسەر بکرێت''.
رۆژی دووشەممەی رابردوو پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و یەکێک لە بەرنامەکانی کاری کۆبوونەوەکە، کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بوو، کە ماوەی یاسایی ئەندامیێتی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە رۆژی 23-12-2019ـەوە تەواو بووە.
بەهۆی زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ رەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی دروست بوو و سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بە دانیشتنەکە هێنا.
دوای کۆبوونەوەکە، فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، لەنێو هۆڵی پەرلەمان و بە دەنگی 58 ئەندام پەرلەمان، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە، فراکسیۆنی یەکێتیش ئەوەیان رەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، رێگرییان لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان کردووە، یەکێتیش ئەوە رەتدەکاتەوە.
کاردۆ محەممەد پێیوایە، هەر هێزێک دەبێت بە ئەندازەی سەنگی خۆی، بڕیارەکانی لە قازانجی سازان، پێکەوەکارکردن و کۆدەنگیی نیشتمانی بێت، دەڵێ ''ئێمە ئێستا لەبەردەم مەترسیی گەورەداین، هەم لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەم لە ئاستی عێراق و ناوچەکەدا، کە ئەوان دەیانەوێت حوکمڕانی لە کوردستان لە قالب بدرێت''.
ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان باس لەوە دەکات، حیزبەکەی پێش دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانیش، قسەی لەگەڵ پارتی کردووە و رایگەیاندووە ''ئێمە پێوستیمان بە کۆدەنگییە و دەبێ دەرچەیەک بدۆزینەوە بۆ چارەسەر، چونکە پێشتر لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن رێککەوتنمان کردووە''.
کاردۆ محەممەد جەخت لەوە دەکاتەوە، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، پێویستی بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنە و هەموو ئەو یاسایانەی مۆرکی نیشتمانییان هەیە، پێویستییان بە سازانە کە یەکێک لەوان یاسای هەڵبژاردنە.
ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر دەکرێت بەبێ هەمواری یاسای هەڵبژاردن کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە، بۆچی لە 23-12-2019ـوە کە ماوەی یاساییەکەی تەواو بووە، کارا نەکراوەتەوە؟"
کاردۆ محەممەد، پارتی و یەکێتی لە ''پەکخستنی پەرلەمان، دانیشتنی گوماناوی، دواخستن و شێوازی نایاسایی بەڕێوەبردنی پەرلەمان'' بە بەرپرسیار دەزانێت.
بەگوتەی ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، حیزبەکەی، پەرلەمانی کوردستان بە پەرلەمانێکی لاواز دەزانێت و گوتی ''ئامانجمان لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پەرلەمان بووە، لەبەر ئەوەی، ببێتە ناوەندێکی بڕیاردان نەک ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای حیزبێک''.
بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان، بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردنەکان، بە لایەنی کەمەوە شەش مانگ کاتی پێویستە، بەڵام وەک کاردۆ محەممەد دەڵێت ''کۆمیسیۆن بە چ یاسایەک ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکات، ئێمە پێمانوایە ئەم رێچکەیە بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان، رێچکەیەکی تەندروست نییە''.
ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوە کرد، ''ئێمە پێمانوایە دەبێ کۆبوونەوەیەکی لووتکە بە مەبەستی سازان بکرێت، بڕیار بدرێت و یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، هەروەها سنوورێک بۆ بەرژەوەندیی گشتی دابنرێت کە هیچ هێزێک نەتوانێت بیبەزێنێت''.
کاردۆ محەممەد ئاشکرای کرد، بڕیارە شەممەی داهاتوو گۆڕان بۆ راگەیاندنی دەستپێشخەرییەک کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی هاوکار بێت بۆ زەمینەسازیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان؛ دەشڵێت، ''هەموو ئەو کێشانەی لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەن، باجەکەی خەڵکی کوردستان دەیدات''.
ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لەبارەی دەستپێشخەرییەکەوە دەڵێت، دەیانەوێت دانیشتنێکی لووتکە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بکرێت، کە هەم هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن تەواو بێت، هەم پرسی کۆمیسیۆنیش چارەسەر بکرێت، ''هەروەها پرۆسەی هەڵبژاردنیش بە شێوەیەک بکرێت کە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دیاری دەکەن، بۆ ئەوەی گوشار نەخرێتە سەر پێکهاتەکانیش''.
کاردۆ محەممەد پێیوایە گوشارێکی زۆر لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەیە، بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دوانەخرێت، ''بەڵام لەوبارەوە پارتی و یەکێتی گوێ لە لایەنە سیاسییەکانی دیکە ناگرن، زۆربەی کێشەکان بیانوون و ئێستا ئەوەی کۆسپی بەردەم هەڵبژاردن بێت، تەنیا مەسەلەی کۆتاکانە کە ئەویش دەبێ بەشێوەیەک چارەسەر بکرێت کە هەموو لایەن و پێکهاتەکان پێی رازی بن و نوێنەری راستەقینەی خۆشیان لە پەرلەمان هەبێت''.
ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر دەنگدان و شێوازی هەڵبژاردنی پێکهاتەکان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەکاتێکدایە، بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆژی 18ـی مانگی 11ـی ئەمساڵ، وەک رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریکراوە و کەمتر لە شەش مانگیش ماوە بۆ کاتی دیاریکراوەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ