رووداو دیجیتاڵ
دیدارەکانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەردەوامن. دەم پارتی بە پێویستی دەزانێت حکومەت گومانەکان بە دەرکردنی یاسا بڕەوێنێتەوە.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت: "ئاشتی و سازان تەنیا بوارێکی کۆمەڵایەتیی نییە؛ بەڵکو یاساییشە. ئەم ژێرخانە بەهێزە تەنیا بە پەرلەمان دەکرێت. چونکە ئاشتی تەنیا بە نیازپاکی ناکرێت، بەڵکو ئەو کاتەی لەڕێی یاساوە دڵنیایی درا، ئەوکات دەبێتە ئاشتی".
سێزدە رۆژ بەسەر راگەیاندنی ئەنجامی کۆنگرەی 12ی پەکەکەدا تێپەڕی. پێش 47 ساڵ بەناوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزرابوو، هەر بە ناوی ئۆجەلانیش بریاری هەڵوەشاندنەوەی بۆ دەکرا.
جەمیل بایک و موراد قەرەیلان لە پەیامێکی هاوبەشیاندا کە رۆژی یەکشەممە 25-5-2025 بڵاوکرایەوە دەڵێن: "ئامانجی ئێمە بەردەوامیی پرۆسەکە و دۆزینەوەی چارەسەرێکە بۆ پرسی کورد، لەڕێی دیالۆگەوە. لەو باوەڕەداین، ئەوەی لەسەر شانی ئێمە بوو وەکو رێکخراو، بە زیادەوە کردمان. ئێستاش نۆرەی لایەنی بەرامبەرە. هیوادارین ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی ئەوانیش جێبەجێی بکەن، بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک".
رەجەب تەیب ئەردۆغان بەردەوام جەخت دەکاتەوە کە تورکیایەکی دوور لە شەڕ و پێکدادان بۆ نەوەی داهاتوو جێدەهێڵن.
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: "ئێمە بە بەرهەمەکانمان، بە خزمەت و پرۆژەکانمان، لەپێناو هەڵگرتنی ئاستەنگ لەبەردەم گەنجانمان بە هەموو هێزمانەوە کاردەکەین. گەورەترین بەرهەمی ئێمە تاوەکو ئەمڕۆ 'تورکیای بێ تیرۆر'ە، پەنا بەخوا بەم نزیکانە لەسەر بنەمایەکی زۆر تۆکمە بەرزی دەکەینەوە".
بەرپرسانی پەکەکە پێیانوایە بۆ جێبەجێکردنی چەکدانان و هاتنەخوارەوە لە چیاکان، دەبێت حکومەتی تورکیا هەنگاوی کردەیی باشتر و شایستەتر بنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ