رووداو دیجیتاڵ
ماوەیەکە لەسەر نرخی ئەمپێری کارەبا گرفت و دەنگ بەرزکردنەوە لەنێوان هاووڵاتییان و خاوەن موەلیدەکانی بەغدا دروست بووە؛ بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەش، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بداتە خاوەنەکانیان؛ بڕیارەکەش لە 21ی ئەم مانگەوە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، بە شێوەیەک لە بەرامبەر هەر کیلۆ ڤۆڵت/ ئەمپێرێک کارەبا، 30 لیتر سووتەمەنی دەدرێتە موەلیدەکان.
حوسێن تاڵب، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی سووتەمەنی لە عێراق رایگەیاند، "هەندێک تێبینیمان تۆمار کردووە کە هەندێک لە موەلیدەکان بەشە گازیان نییە، داوامان کرد دەستبەجێ ناو و بەشەکەیان تۆمار بکرێت و راستەوخۆ سەردانی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە سووتەمەنییەکان بکەن، بۆئەوەی بازنەکانی رۆتین کەم بکرێنەوە، ئەمەش بە رێککەوتن و هاوئاهەنگی دەبێت لەگەڵ پارێزگای بەغدا. سووتەمەنی بۆ موەلیدەکان دابین دەکەین و میکانیزممان گرتووەتەبەر بۆئەوەی سنوورێک دابنرێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕی رەشدا لە وەرزی هاوین."
بەپێی دەزگای ناوەندی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، نزیکەی 49 هەزار موەلیدە لە عێراق هەن، حەوت ملیۆن هاوبەشیان هەن.
لە بەغدا هەشت بۆ 12 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە و کورتهێنانەکە لە رێگەی 13 هەزار موەلیدەوە پڕدەکرێتەوە، کە دوو جۆرن، یەکێکیان 24 کاژێرییە و هەندێک جار نرخی ئەمپێرێک دەگاتە 25 دینار و ئەوەی دیکەیان تاوەکو 12ی شەو کار دەکات و نرخی ئەمپێرێک دەگاتە 10 دینار.
محەممەد عەندولئەمیر، خاوەن موەلیدە لە بەغدا دەڵێت، "پشتیوان بە خودا دۆخەکە مژدەی خێر دەدات، بەشە گاز لەپێشتر زیاتر دەبێت، ئەگەر کارەبای نیشتمانی زیاتر بێت و پێدانی گازیش زیاتر بێت، ئێمەش نرخی ئەمپێری کارەبا بە هاووڵاتییان بۆ کەمتر لە 10 هەزار دینار کەم دەکەینەوە."
بەپێی دوایین داتای وەزارەتی کارەبا، عێراق ئێستا نزیکەی 24 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، لە کاتێکدا پێویستی بە نزیکەی 34 هەزار مێگاواتە، بەم شێوەیەش نزیکەی 10 هەزار مێگاوات کارەبا کورتهێنانی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ