مانگێکە خوێندن دەستی پێکردووە؛ قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی کەمی مامۆستایان هەیە

25-10-2023
کەمی مامۆستا لە قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گرفتی دروستکردووە.
کەمی مامۆستا لە قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گرفتی دروستکردووە.
نیشانەکردن رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە مانگێکە ساڵی نوێی خوێندن لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە تاوەکو ئێستا 506 قوتابخانە لە پارێزگای ورمێ کێشەی کەمی مامۆستایان هەیە و بەوهۆیەوە ژمارەیەک پۆل خوێندن تێیدا دەستی پێنەکردووە. 
 
لە پارێزگای کرماشان لانیکەم لە شەش شار کێشەی کەمی مامۆستا هەیە. بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگاکە دەڵێت، بە زیادکردنی دەوامی مامۆستاکان و هەروەها کەڵک وەرگرتن لە مامۆستایانی خانەنشین رێگەیان نەداوە، هیچ پۆلێک بێ مامۆستا بێت. 
 
بۆ بەرپرسانی پەروەردە لە ئێران سەختە دان بەو کێشەیەدا پێدابنێن، بەڵام  قوتابخانەکانی شارەکانی جوانڕۆ، پاوە، سەحنە، شاباد، گاوارە و هەرسین کێشەی کەمیی مامۆستایان هەیە، تاوەکو بەرەو گوندە دوورەدەستەکانیش بچیت، کێشەکە قووڵتر دەبێتەوە.
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگای کرماشان ئەو کێشانە رەتدەکاتەوە و سەلمان محەممەدی دەڵێت، "سەرەڕای ئەوەی کێشەی کەمی مامۆستامان هەبوو، نەمانهێشت ئەم کێشەیە کاریگەربێت. بە زیاترکردنی ماوەی دەوامی مامۆستاکان و کەڵک وەرگرتن لە مامۆستا خانەنشینیەکان، نەمانهێشت پۆلەکان مامۆستایان نەبێت، ئێستا 26 هەزار مامۆستا لەو پارێزگایەدا وانە دەڵێنەوە و هیچ پۆلێک نییە مامۆستای نەبێت."
 
عەلی موتەهەری، بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگای ورمێش دەڵێت، سێ هەزار و 470 مامۆستای نوێیان دامەزراندووە، بۆ ئەوەی کێشەی کەمی مامۆستا چارەسەر ببێت.
 
بەڵام بەپێی ئامارە فەرمییەکان پارێزگای ورمێ نزیکەی نۆ هەزار مامۆستای کەمە، دامەزراندنی ئەو ژمارەیە قەرەبووی نەکردووەتەوە. ئێستا 506 قوتابخانەی ورمێ کێشەی کەمیی مامۆستایان هەیە.
 
بەپێی زانیارییەکان، ئێستا ئێران، پێویستی بە دامەزراندنی نزیکەی 260 هەزار مامۆستا هەیە.
 
محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە، "ئێستا 100 هەزار و شتێک مامۆستامان کەمە؛ ساڵانە 35 هەزار مامۆستاش خانەنشین دەبن؛ تواناشمان سنووردارە؛ ئێستا کەوتووینەتە دوای ماددەی 28ـی پەیڕەوی ناوخۆی زانکۆی مامۆستایان و هەروەها بە گرتنەبەری رێگای جیاواز، بۆ نموونە درەنگتر خانەنشینبوونی مامۆستا، لە هەوڵداین کەمیی مامۆستا قەرەبوو بکەینەوە."
 
ساڵانێکە وەزارەتی پەروەردەی ئێران کێشەی بودجە و مووچەی مامۆستایانی هەیە. بۆیە مامۆستا خانەنشینەکانیش مەیلی زۆریان بۆ گەڕانەوە بۆ پۆلەکانی خوێندن نییە.
 
"پێمان وابوو مامۆستایانی گرێبەست یان خانەنشینان کێشەکە چارەسەر دەکەن، بەڵام نەیانکرد. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، مووچەکانیان پێنەدرا. تۆ خۆت لەجێی مامۆستایەکی گرێبەست دانێ، لە هەفتەیەکدا 20 کاژێر وانە دەڵێتەوە، پێت دەڵێن هەر دوو سێ مانگ جارێک ئەگەر پارە هات دوو سێ ملیۆن تمەن پارەت پێ دەدەین، دەی کەس ئەمە قبوڵ ناکات."
 
بەرپرسانی پەروەردی ئێران دەڵێن، هەوڵ دەدەن ساڵی داهاتوو ئەم کێشەیە روونەدات. بەڵام ئەم ساڵ نەبوونی مامۆستا لە پۆلەکان، لانیکەم  کاریگەریی خراپی لەسەر کوالێتی خوێندن دەبێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن