رووداو دیجیتاڵ
دروستکردنی بەنداو و رێگە دووسایدەکەی گۆمەسپان لە سنووری هەولێر، زیانی بە بەشێک لە جووتیارانی ناوچەکە گەیاندووە و زەوی و زارێکی زۆریان لەدەستچووە. جووتیارەکان دەڵێن، حکومەت بڕیاری قەرەبووکردنەوەی دەرکردبوو، بەڵام دوای وەرگرتنی قیستی یەکەم، خەرجکردنی پارەکە راگیراوە.
لە ساڵی 2019ـەوە بەهۆی پڕۆژەی بەنداو و شەقامە دووسایدەکەی گۆمەسپان، زەوییەکانی هەردوو گوندی (عەڵاوە و حاجی ئەحمەد) کەوتوونەتە بەر پڕۆژەکە. بەپێی خەمڵاندنی لیژنەی وەزارەتی کشتوکاڵ، 200 دۆنم زەویی جووتیارانی ئەو دوو گوندە فەوتاون و قەرەبووەکەشیان پێویستی بە زیاتر لە 3 ملیار دینارە.
تەحسین سەدیق، موختاری گوندی عەڵاوە یەکێکە لەو کەسانەی زەرەرمەند بووە دەڵێت، جگە لە خانوو و حەساری ئاژەڵەکانی، نزیکەی 50 دۆنم زەویی بەردار و رەز و باخی لەنێوچووە.
موختارەکەی گوندی عەڵاوە بە رووداوی گوت: "زەوییەکانی من رەز و باخچە و حەسار بوون، تەنیا بۆ حەسارەکە 10 ملیۆن دینارم خەرج کردبوو، ئەوە جگە لە دوو خانوو کە فەوتاون. بەگشتی لەنێوان 20 بۆ 25 دەفتەر دۆلار زیانم کردووە. سکاڵام تۆمار کردووە و پارێزەرم گرتووە."
تەحسین سەدیق باسی لەوەش کرد، سەرەتا قایمقام سەردانی کردوون و پێی گوتوون "ئێوە زەرەرمەندن، جارێ لێگەڕێن با کارەکان بکرێن، دواتر قەرەبووی هەمووتان دەکەینەوە."
مام فەرحان حەسەن، دانیشتوویەکی دیکەی گوندی عەڵاوەیە و بەشێک لە زەوییەکانی خۆی و خزمەکانی بەر پڕۆژەکە کەوتوون. ئەو دەڵێت: "دوو دۆنم زەویی رەزەکەم بەرکەوتووە کە 350 داری هەنار و باوی و هەنجیری تێدابوو، ئەوە جگە لە زەویی ماڵی مام و خزمهکانم کە هەمووی فەوتاوە."
بەشێک لە زەوییەکانی گوندی حاجی ئەحمەدیش بەر پڕۆژەکە کەوتوون. محەممەد عەبدولقادر، دانیشتووی گوندەکە دەڵێت: "زیاتر لە 5 دۆنم زەویمان بەرکەوتووە، بژێویی ژیانی سێ خێزان لەسەر ئەو زەوییانە بوو. لیژنەیەک هات تەنیا زەوییەکانی نووسی و دارەکانیان هەژمار نەکرد، تەنانەت کرێی ئەو خانووانەشیان بۆ خەرج نەکردین کە چەند ساڵە لەسەری دروستکراون."
بەگوتەی محەممەد عەبدولقادر، بڕی ئەو پارەیەی بۆیان دیاریکراوە زیاترە لە 520 ملیۆن دینار، بەڵام "تەنیا یەک قیستمان وەرگرت و پارەکەیان راگرت."
لە ساڵی 2022 وەزیری دارایی فەرمانی قەرەبووکردنەوەی بۆ جووتیارەکان دەرکرد بە شێوازی قیست. دوای وەرگرتنی 22 ملیۆن دینار وەک قیستی یەکەم بۆ جووتیارانی هەردوو گوند، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوێک قەرەبووکردنەوەکەی راگرت و داوای دووبارە وردبینی بۆ خەمڵاندنەکە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ