رووداو - قامشلۆ
سەرما، ترس و ئاوارەیی، سەدان خێزانی لە قامشلۆ لە دەوری ئاگر کۆکردووەتەوە. مام حوسێن، کە پێنجەم جارە ئاوارە دەبێت، بە بێدەنگی لە ئاگرەکە دەڕوانێت و پیاوێکی دیکەش لە هەمان باڵەخانەدا لەبەر سەرما گیانی لەدەستدا.
لە باڵەخانەیەکی حکومیی بێ دەرگە و پەنجەرە لە قامشلۆ، 43 خێزانی ئاوارە نیشتەجێن. شوێنەکە بێ ئاو و کارەبایە و مەرجەکانی ژیانی تێدا نییە. حوسێن حەمزی، پیاوێکی تەمەن 62 ساڵ و خەڵکی عەفرینە، بۆ جاری پێنجەمە خۆی و خێزانە نۆ کەسییەکەی ئاوارە دەبن.
مام حوسێن بە رووداوی گوت: "بە ناچاری دەژین، لەبەردەم ئەم سەرمایەدا لەم باڵەخانەیە و سەر شەقامەکانین. دەبێت کاخەز بسووتێنین تاوەکو منداڵەکانمان لە مردن بپارێزین. گەیشتووینەتە رادەیەک بە کۆمەڵ بمرین؛ پێویستە جیهان ئەمە ببینێت."
لە ژوورێکی سێ بە چواری هەمان باڵەخانەدا، 15 کەس لە چوار خێزان دەژین. لەم ژوورە تەنگ و تاریکەدا، چوار رۆژ لەمەوبەر محەممەد قاسم، پیاوێکی تەمەن 60 ساڵ لە سەرما رەقبووەوە و گیانی لەدەستدا.
سوڵتان یوسف، هاوژینی محەممەد قاسم چیرۆکی مردنی هاوژینەکەی دەگێڕێتەوە: "تاوەکو کاژێر سێی بەرەبەیان لەبەردەم ئاگرەکەی بەردەرگە دانیشتبوو. بەیانییەکەی ویستم هەڵیبستێنم، بینیم مردووە. لەبەر ئەم سەرمایە خەڵک دەمرن، نە ئاو هەیە و نە کارەبا."
ئاوارەیەکی دیکەی خەڵکی رەققە بە تووڕەییەوە پرسیار دەکات: "تۆ دەڵێی نەوەی ئادەمم، منیش نەوەی ئادەمم؛ تۆ دەڵێی موسڵمانم، منیش موسڵمانم. بۆچی دێیت بە ناوی خودا مرۆڤ دەکوژیت؟ منداڵ و کچی بچووک لە سەرما دەلەرزن، بۆ کوێ بڕۆین؟"
شاری قامشلۆ ئێستا بووەتە پەناگەی سەرەکی بۆ ئاوارەکانی ناوچەکانی شەڕ. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، تەنیا لە 10 رۆژی رابردوودا نزیکەی 5000 ئاوارە روویان لەو شارە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ